تشرینی دووەم 19, 2019

ڕایدڵ بارزان

 

ئه‌مریكیه‌كان پێناسه‌یه‌كیان بۆ تیرۆری سیاسی هه‌یه و پێیانوایە، تیرۆر واتا: توندوتیژییەکی ئەنقەست، پاڵپشتی دەکرێت بەپاڵنەری سیاسیی، بەکاردەھێنرێت لەدژی ئامانجی دوورە شەڕی کۆمەڵە شێوە نەتەوەییەکان و بەکرێگیراوە نھێنییەکان، ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییە لەسەر زۆرینەی خەڵک.
تیرۆر، لە مێژوودا ڕەگ و ڕیشەیەکی درێژی ئایدۆلۆژی و سیاسی هەیە، بنچینەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ یەکنەگرتنەوەی بیر و بۆچوونی کەسێک لەگەڵ گروپێکی توندڕەو، کە ئەو گروپە لە ئایدیا و بۆچوونیاندا گفتوگۆ ڕەتدەکەنەوە و بڕوایان بە دەربڕینی بیروڕای ئازاد نیە، لە هەمبەر ئەوە بۆچوونانەی بە شێوەیەکی کۆنکرێتی و نەگۆڕ بڕیاریان لەسەرداوە و پێیانوایە ئەگەر کەسێک وەک ئەوان بیر نەکاتەوە و ڕەفتار نەکات، دەکرێت بەهەر شێوەیەک بێت پاکتاو بکرێت، وە بێ ئاگان لەوەی کە مردنی فیزیکی مردنی بیر و باوەڕ نییە، ئەمە بە گشتی لە ڕووە ئایدۆلۆجییەکەوە دەکرێت وا باس بکرێت، کە ئەگەر چاو بە مێژووی دورودرێژی ئاینەکاندا بخشێنینەوە چەندان ڕووداوی تیرۆری دەبینین کە کەسانێک لە بەرژەوەندی پیرۆزییەکانی ئایندا ئەنجامیانداوە و پاساویان ئەوە بووە، بەو کوشتنە پاداشتی خۆیان لای خودا وەردەگرنەوە، بێ ئاگا لە پەیامە خوداییەکان.
بنچینەکانی تر بۆ تیرۆر، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و سیاسی و هەندێکجاریش دەشێت کۆمەڵایەتی و کەسیش بێت، یەکێک لەو خاسیەتانەی چەمکی تیرۆریش لە چەمکی کوشتن جیا دەکاتەوە، شێوەی ئەنجامدانی کوشتنەکەیە، بە شێوەیەک، کوشتن لە باری تیرۆردا بە شێوەیەک، بەرنامە بۆ داڕێژراوە، واتە قوربانییەکە لە غەفڵەتدا دەکوژرێت و ناتوانێت ڕووبەڕوو ببێتەوە لە زۆربەی حاڵەتەکان، یا بە شێوەیەکی تەم و مژاوی ئەنجامدەدرێت، نمونەی ئەمەش لە کۆمەڵگای خۆمان زۆرە، بۆ نمونە نوسەری ڕەخنەگر و یاخی، عەبدلخالق مەعروف، لە بەرامبەر نوسینی کتێبێکدا بە ناوی (ئادەمیزاد لە کۆمەڵگای کوردەواریدا) لە شەوێکدا بە کپی و بێدەنگی کەسانێک بە چەقۆ هێرشی دەکەنە سەری و دەیکوژن، بێ ئەوەی ئاگادار بێت لەوەی کەسانێک بەرنامە و پیلانی کوشتنیان داناوە، ئەمە بە ڕەهایی ناودەنرێت (تیرۆر).
بەشێوەیەکی گشتی قسەکردن لەسەر تیۆریزم زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت لە وتارێکی ڕۆژنامەوانیدا بخرێتە بەر باس و وەک خۆی بخرێتەڕوو، بەڵام دەکرێت، بەوە بیناسینەوە، زیاتر ئامانجێکی ئایدۆلۆژی لە پشتە و زیاتر پیرۆزیی ئاینی هاندانە بۆ ئەمجۆرە توندڕەوییە، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوی تیرۆری سیاسی لە مێژوودا کەم نییە و بۆ ئەمەش سەدان نمونە و ڕووداو تۆمارکراون.

© 2017 Hawler