تشرینی دووەم 20, 2019

گه‌ڕان به‌دوایی نیشتمانا

هەورامان علی تۆفیق

 

دروشمی خۆپیشانده‌رانی عێراقی له‌گه‌ڵ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای عێراق و سرودی نیشتمانی و دروشمی گه‌ڕان به‌دوایی نیشتمانا، ناڕه‌زایه‌تیه‌کان تادێن توندترو به‌رفراوان ترده‌بن . پێش ئه‌وه‌ی له‌ کۆیی گشتی ناوه‌ڕۆکی ڕووداوه‌کان بدوێن، ئه‌م جاره‌یی خۆپیشاندانه‌کان جیاوازه‌ و ده‌کرێ که‌مێک به‌راوردی بکه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی له‌ کوردستان بوونیان هه‌بوو . گه‌ڕان به‌دوایی نیشتمانا به‌خۆیی زۆر مانا ده‌به‌خشێ، کاتێک نیشتمان ون ده‌كه‌یت ده‌بێ به‌دوایدا بگه‌ڕێیت، کاتێک نیشتمانت ده‌دزرێت و وڵاتانی دی نیشتمانت داگیر ده‌کەن بێگومان ده‌بێ به‌دوایدا بگه‌ڕێیت، کاتێک خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌ کوردیه‌کان ده‌بینین زۆر به‌ پێچه‌وانه‌ی هاوڵاتێکی عه‌ره‌بی که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن نیشتمانه‌و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیشتمانمان دزراو داگیر کراوه‌ و نه‌یان هێشتووه‌ شێک به‌ناوی نیشتمانی کورده‌وه‌ بوونی هه‌بێت، بۆ خۆشمان به‌دوایدا ناگه‌ڕێین، هێنده‌ی ئه‌و به‌شه‌ ناڕازیه‌ ڕقی له‌ نیشتمانی خۆیه‌تی دوژمنه‌کانمان ڕقیان لێمان نیه‌، له‌کاتێکا ئه‌بێ ئێمه‌ شته‌کان له‌یه‌ک جیابکه‌ینه‌وه‌ نیشتمان و خۆشه‌ویستی و کوردایه‌تی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی جیاوازه‌ له‌ حزبایه‌تی و کاری ئیداری و حکومی و گه‌نده‌ڵی و به‌رپرس، چونکه‌ ئه‌مانه‌ دێن و ده‌چن ئه‌وه‌ی ده‌مێنێ خاک و نیشتمان و گه‌له‌ .
ئێستاشی پێوه‌بێت به‌ده‌هۆڵی دوژمنه‌کانمان دڵخۆشین و بیر له‌وه‌ ناکه‌ینه‌وه‌ دۆخه‌کان جیاوازن ئه‌وان هه‌رچی بکه‌ن ئێمه‌ ناتوانین بیکه‌ین، چونکه‌ ئه‌وان ده‌ره‌نجام خاوه‌ن ووڵاتن، به‌ڵام ئێمه‌ نا، چونکه‌ ته‌نها قه‌واره‌یه‌کی سیاسی به‌زۆر ته‌حه‌دایی جیاوازو ده‌یان کۆسپی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی تا ئێستا له‌سه‌ر پێی خۆیه‌تی ده‌بێ له‌گه‌ڵی بین نه‌ک دژی، کاتێک نیشتمانمان خۆش بوێت ده‌بێ هه‌رێم ئه‌ونیشتمانه‌بێت خۆشمان بوێت . لای ئێمه‌ هه‌وڵ و ئیداره‌ هه‌یه‌ بۆ چاکسازی لای ئه‌وان پێچه‌وانه‌که‌ی . که‌واته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌رچۆنێک بێت دبێ نیشتمان خۆشه‌ویست بێت، له‌ هه‌مووش گرنگتر ده‌بێ پێش ئه‌وه‌ی هه‌رشتێک بین کورد بین، کورد بوون بخه‌ینه‌ پێش ئایدیۆلۆژیا چونکه‌ سیاسه‌ت بۆ خۆیی له‌ خزمه‌تی کورد بووندایه‌. ئاڵا له‌ ته‌نیشت نیشتماندا یه‌کیکی تره‌ له‌ پیرۆزیه‌کان و مرۆڤه‌کان شانازی پێوه‌ده‌که‌ن، به‌ڵام بەشێك لە ئێمه‌ی کورد پێچه‌وانه‌که‌ی، له‌ خۆپیشاندانه‌کانی عێراق و لوبنان و ته‌واویی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی تری ڵاتانی دی ده‌بینین ته‌نها ئاڵایه‌ک هه‌یه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ کۆده‌کاته‌وه‌، به‌و ئاڵایه‌ ڕووبه‌ڕووی حکومه‌ت و گه‌ندڵیه‌کان ده‌بنه‌وه‌ و نایه‌ڵن ئاڵاکانیان ببنه‌ موڵکی حزبی، به‌ڵام ئێمه‌ی کورد به‌شێکمان زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ کارده‌که‌ین، هه‌ندێک دێن ئاڵای کوردستان ده‌سوتێنن و په‌لاماری ده‌ده‌ن و سوکایه‌تی پێده‌که‌ن له‌ژێرناوی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی، به‌شێک له‌ پارتی سیاسی و کوردانی باکورو ڕۆژئاوا بڕوایان به‌و ئاڵایه‌ نیه‌و ئاڵا حزبیه‌ڕەنگاو ڕه‌نگه‌کانی خۆیان ده‌سه‌پێنن و هه‌مان ئه‌وانەی ئاڵای کوردستانیان ده‌سوتاندو ده‌دڕاند ئه‌و ئاڵا حزبیانه‌ش به‌شانازیه‌وه‌ به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ . بۆیه‌ ده‌بێ ئێمه‌ی کورد پێش هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌روبه‌رمان به‌ دوایی نیشتماندا بگه‌ڕێین و ئالای کوردستان لەمل کەین بەسرودی ئەیرەقیبەوە بە دوایی ئەو نیشتمانەدا بگەڕێن لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، چونکه‌ ته‌نها ئێمه‌ین نیشتمانمان دزراوه‌، ده‌بێ ئێمه‌ی کورد شانازی به‌ئاڵاو نیشتمانی خۆمانه‌وه‌ بکه‌ین، ده‌بێ ئێمه‌ پارێزه‌ری ماف و ده‌ستکه‌وت و سه‌روه‌ریه‌کانی خۆمابین و تاله‌گه‌ڵ نیشتمان شادبینه‌وه .

© 2017 Hawler