کانونی یەکەم 11, 2019

هەرێمی کوردستان لەدیدی بەغداوە

ڕێبین نەوزاد

له ئێستادا، هەرێمی کوردستان لەدیدی بەغداوە کەمپی جولەکەکانی ئەڵمانیایە و زوو زوو سزا و شێوازەکانی سزادانی بەسەردا تاقی دەکرێتەوە، سەرەتا لە بودجە بڕینەوە دەستی پێکرد، پاشان داخستنی فڕۆکەخانەکان هەتا گەیشت بە ناردنی تانکی ئەبرامز بۆ داگیرکردنی کەرکوک و هەولێری پایتەخت، بەغدا هەرگیز نیازی هاوبەشی و چارەسەرکردنی کیشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبووە، ئەسڵەن کێشەی کورد و بەغدا هەرگیز کێشەی ئەمڕۆ و سبەی نیە بەڵکو کێشەی فەرهەنگە! لەفەرهەنگی ئەودا دژایەتی کردنی کورد دەیکات بە ڕۆبن هود و نزیکبونەوەیشی بەخیانەت هەژمار دەکرێ.
لەماوەی ڕابردوودا نێچیرفان بارزانی لەسەر داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندی تەواوی هەرێمی کوردستانی بە بەندەکانی دەستورەوە ڕاگەیاند، کەچی ڕۆژبەڕۆژ بەغدا زیاتر نیازخراپی خۆی نیشان دەدات، لەکۆتا کاردانەوەیدا ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی درێژ کردەوە، لە کۆتا دانیشتنی پەرلەمانیشدا بەبی جێبەجێکردنی داخوازیەکانی کورد هەموو بڕگەکانی دەستور پەسەند کران، بەهێزترین چەکی دەستی کوردیش بایکۆتکردن بوو، ئێستا دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوی لەوە تێبگەن ئەوەی پابەندی دەستور نیە بەغدایە نەوەک هەرێم.
جێگای خۆیەتی حوکمەتی هەرێم گەشتە ناوخۆییەکان بەڕووی بەغدادا دابخات لەم حاڵەتەدا کێشە بۆ باڵیۆزانی وڵاتان درووست دەبێت و ناچار دەبن لە ڕێی وڵاتەکانیانەوە کار بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان بکەن.
بۆ چارەسەری داراییش ئەوە ڕوونبوەتەوە کە بەغدا ئەو پایتەختە نیە خۆری کوردی لێوە هەڵبێت، بەڵکوو بووە بەڕەمزێک بۆ زیاتر سزادانی خەڵکی کوردستان، دەبێت سەرۆک وەزیران کار بۆ پێشخستنی کێڵگە نەوتیەکان و خستنە بازاڕی غازی سرووشتی کوردستان بکات، ئەگەر نا چون و هاتنی وەفد لە بەغداوە بۆ کوردستان و بایکۆتی پەرلەمانتارانی کورد هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت.
حزبەکانی دیکەش دەبێت بەبەرپرسیارێتەوە مامەڵە بکەن، واز لە بیردۆزی ناشرینکردنی حوکمەتی هەرێم و جوانکردنی بەغدا بهێنێن، ئەوەی لەکۆتاییدا خەمی خەڵکی کوردستان دەخوات هەر حوکمەتە کوردییەکەیە، ئەوەش کە تانکی ئەبرامز دەنێرێتە سەریان و بودجە و مووچەیان دەبڕێ بەغدایە.

© 2017 Hawler