کانونی یەکەم 08, 2019

چاكسازی بە بازی گەورە و هەنگاوی گورج

سەربەست ساڵح

ئەندێشەی چاكسازی و بەرێخستنی حكومڕانیەكی ڕەشید، دادپەروەری و پێكەوەژیان و پێكەوەهەڵكردن و سەرپێخستنی حكومڕانی لە كۆمەڵگای كوردی، خەون و ئامانجی زۆرینەمانە، بەڵام هەموومان پێكەوە كارمان بۆ نەكردوە، ئێستا چركەساتێكی گرنگە، هەنوكە ئازارەكان هاوبەشن، تێكڕایی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دەخوازن لە نزیكترین دەمدا چاكسازی دەستپێبكات و ژیانی هەموان بگۆڕێت.
كاتێك پرسی چاكسازی پەیوەندی بە كۆی كۆمەڵگای كوردیەوەهەبێت، دەكرێت پرۆژەی چاكسازی، پرۆژەی هەمووانبێت، بەدڵنیاییەوە ئەم ئەگەرە هەنگاوەكانی چاكسازی خێراتریش دەكات، كەوابوو چاكسازی لە پێناو باشتركردنی دۆخی ژیانی هەمووانە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەریدەكات، وەك بەشێك لە ئەركی خۆی و پەرۆشی چاكەی گشتی پرۆژەی چاكسازی سەرپێدەخات، نێچیرڤان بارزانی وەك كاپتن و سەرۆكی حكومەت بەو دونیابینیەوە كە چاكسازی و پاكسازی پێویستیەكی بەپەلەی قۆناغەكەیە،تیمی حكومەت پرۆژەیەكی چاكسازی گەڵاڵە دەكەن و، كەتێك پەڕلەمان نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات، هاوكاتیش ئەركی یاسا دەركردنە، دەینێرێتە پەڕلەمان و، تا پەڕلەمانیش بەپێی یاسا بەركارەكان و خوێندنەوەی قۆناغەكە دەوڵەمند تری بكات و، لە چوارچێوەی یاسادا بەرقەراری بكات. تیمی حكومەت و كاپتنەكەی جدیەتیان پێوە دیاربوو وە بەوپەڕی پەرۆشیەوە هاوكار و هەماهەنگی پەڕلەمان بوون.
گەڕانەوەی رێباز حەملان وەزیری دارایی بۆ وەزارەتەكەی، ڕوانگەیەكی گەشە بۆئەوەی وەزارەتی دارایی بە ئامادەبوونی وەزیرەكەی و بە هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر، پرۆژەیەكی گونجاو بۆ پەڕلەمانبنێرێت و هاوسەنگی نێوان دەسهات و خەرجیەكان روونبكاتەوە.
پەڕلەمان بە گەیشتنی پرۆژە چاكسازیەكەی حكومەت لە پرۆسەیەكی چڕووپڕدا بەدوادا چوون و خوێندنەوەی خۆی بۆكرد، لە دوای مشتوماڵكردن لە (٢١) مادەدا پرۆژەی چاكسازی ڕاگەیاند. لەدوای ئاشكرابوونی یاساكەی پەڕلەمان، سەرەنج لە یەك مادەدا چڕكرایەوە، زۆری و بەرزی رێژەی مووچەی خانەنشینی پەڕلەمانتاران؟! كە بەباوەڕی من دەكرێت هەمواری ئەم بڕگەیە بكرێتەوە، بەڵام كورتكردنەوەی هەموو پرۆژەكە لە پرسی خانەنشینی پەڕلەمانتاردا زیان بە پرۆسەكە دەگەیەنێت، هەربۆیە گرنگە لەپاڵ رەخنەو ناڕەزاییەكان لە زۆری مووچەی پلە تایبەت و خانەنشینی پەڕلمانتار بیری ڕوانگە گەش و ئیجابیەكانی یاساكەمان نەچێت، كەلەبنەڕەتەوە پرۆژەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و سەرجەم حیزب و قەوارەسیاسیەكان پشتیوانیان بۆ دەربڕیوە،پرۆژەكە ئامانجی رێكخستنەوەی داهات و دابەشكردنەوەیەتی كە جۆرێك لە عەدالەتی كۆمەڵایەتی بەدیبهێنێت.
خانەنشینی پەڕلەمانتارانو ئەو ناڕەزایەتی و دەنگ هەڵبڕینەی بدوایدا هاتوە، هاوكات بەشێكی لیست و قەوارەكانیش خۆیان بێبەریدەكەن لەوەی لەپشتی پێشنیاری بەرزی مووچەی خانەنشینی پەڕلەمانتار و پلە تایبەتەكانبن، لە كاتێكدا زانیارییەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە پەڕلەمانتاران بەگشتی و بێجیاوازی خوازیاری پشكێكی باشبوون لە مووچە و خانەنشینی، ئاماژەكان بۆئەوەن كە بەم نزیكانە هەمواری یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتاران بكرێتەوە و، ئەو نەنگیەش چارەسەر بكرێت!
چاكسازی و هەنگاوی گورجی دەوێت، هەموومان شاهێدی خراپی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیانین، وەكەڵەكەبوونی كێشە سیاسی و ئابورییەكان قورساییەكی زۆری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە، هەربۆیە گرنگە هەموومان پشتیوانی پرۆژەی چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانبین و، هاوكاری جێبەجێكردنیبین، وە پێداگربین لەوەی كە پێویستە پرۆژەی چاكسازی فروانتربكرێت و چاكسازی و باشتركردنی ژیانی گشتی لە كوردستان هەنگاوی گورجبنێت و چاكسازی بازی گەورە بدات، بەو هیوایەی ئەم پرۆژەیاسایە سەرتای دەركەوتنی ئاسۆیەكی گەشبێت بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

© 2017 Hawler