کانونی یەکەم 11, 2019

ئاریان فەرەج

دیكتاتۆریەتی زۆرینە لە ووڵاتێكی فرە پێكهاتەدا، لە دیكتاتۆریەتی كەمینەی خۆسەپێن، گەڵێ ترسناكترە، چونكە ئەوەی یەكەم دەمامكێكی دیموكراتیانەی مەشروع دەپۆشێ و بە پشتی زۆرینەی ژمارەیی ئیرادەی خۆی دەسەپێنێ و كەمینە دەمكوت دەكات. ئەوی دووەمیان هیچ شەرعیەتێك شك نابات جگە لە زەبرو زۆر. جاران جۆری دووەم و لە ئێستادا جۆری یەكەم حوكمی عێراق دەكات. بۆیەش دۆخی ئێستای عێراق بۆ كورد و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكە، لە جاران زۆر مەترسیدارترە.
پێش روخانی رژێمی بەعس، كوردستان و عێراق دوو خاكی لێكدابڕاو بوون. ئەو پرنسیپ و مەرج و رێكەوتنەی جارێكی دیكە كوردستانی بە بەغداوە گرێدایەوە، پرنسیپی (شەراكەت و دیموكراتی تەوافوقی)بوو.
شەراكەت واتا عەرەب و كورد وەك دوو نەتەوەی سەرەكی یەكسانن لە خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی ووڵاتەكەدا بێ ئەوەی زۆرینەی ژمارەیی یەكێكیان و كەمینەی ژمارەیی ئەوی دیكەیان هیچ حسابێكی بۆ بكرێت. ئەم پرنسیپە لە نێو فەلسەفەیەكی حوكمڕانیدا جێی كرایەوە كە پێی دەگوترێت( دیموكراتی تەوافوقی) واتا كۆی یاسا و رێسا و بڕیارە چارەنوسسازەكان بە ئیتفاق و رێكەوتنی كۆی پێكهاتەكان پەسەند دەكرێن نەك بە زۆرینە و كەمینە. لەبەر رۆشنایی ئەم فەلسەفەیەدا دەستوری نوێی عێراقی نوسرایەوە و ئەو مافەی تێدا تەزمین كرا.
تێپەڕاندنی یاسایەكی گرنگ و ژیاریی وەك بۆدجە بە زۆرینەی عەرەبی و دوور لە سازان وتەوافوق لەگەڵ كورد، ئەو پێشهاتە ترسناكەیە كە لە بنەوانەوە ئەو پرنسیپە سەرەكییەی هەڵوەشاندەوەوە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرابوو، ئیدی شتێك بە ناوی شەراكەت لە عێراقدا نەما.
لێرە بەدواوە، عێراق وەك ووڵاتێك كە عەرەب تێیدا زۆرینەن و زۆرترین ژمارەی نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، بە خواست و بڕیاری عەرەب بەڕێوەدەچێ و هەرچییان بوێت دەتوانن بە ناوی دیموكراتی و مافی زۆرینەوە بسەپێنن و كورد و پێكهاتەكانی دیكەش لە غیابی مەبدەئی شەراكەت و تەوافوقدا، ناتوانن بە هیچ رێكارێك رێگە لەو خۆسەپاندنە بگرن.
شۆڤێنیزم خۆسەپاندنی میلەتێكە بەسەر میللەتێكی دیكەدا، جا ئەم خۆسەپاندنە بە بەهانەی زۆرینەیی بێت یان بە هێز و زەبرو زەنگ، ئێستا ئیدی كورد لە بەردەم دیكتاتۆریەتێكی زۆرینەی قەومی عەرەبیدایە كە جگە لە شۆڤێنیزم هەڵگری حیقد و كەراهیەتی مەزهەبیشە.
ئەو كاتەی سەرۆك بارزانی گووتی خیلافی ئێمە و بەغدا لەسەر دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی و رەتكردنەوەی شەراكەت و ژێرپێنانی دەستورە وبۆیە ناچارین چارەنوسی خۆمان جیاكەینەوە، چەند سالێك بوو ئاماژەكانی ئەم مەترسییە گەورەیە سەریهەڵدابوو، بەڵام نە جیهان مەسەلەكەی بەهەند وەرگرت و نە لە نێوخۆیشدا ناكۆكی لابەلا و ناموجەب هێشتی كورد یەكگرتوانە و لە كاتی خۆیدا بەرەنگاری بێتەوە.
ئێمە ئێستا هەمومان لەبەردەم پرسیاری چارەنوسداین، دوای سەد ساڵ خەبات، ئایا تەسلیم دەبین بەم واقیعە و وەك كەمینەیەكی زەلیل و بێ ئیرادە و پەراوێزخراو دەژین، یان ئەم واقیعە تاڵە رەتدەكەینەوە و درێژە بەخەبات دەدەین.

© 2017 Hawler