کانونی یەکەم 09, 2019

نێچیرڤان بارزانی چیرۆكی خەونێكی پڕئاستەنگ

گۆنا هەورامی

- شەش لە پازدە  - 

لەبەر رۆشنایی روئیای سەرۆك بارزانی

لە دوای روخانی رژێمەوە، روئیای سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر خەباتی مەدەنی و دیالۆگ و رەتكردنەوە و نەگەڕانەوە بۆ زمانی جەنگ و تفەنگ، لەنگەری گرت. ئەم روئیایە بووە ستراتیژی بزوتنەوەی كوردایەتی و هەوڵدرا لە پارچەكانی دیكەش پەیڕەو بكرێت. ئەم روئیایە وەڵامدانەوە بوو بۆ گۆڕانكاریەكانی سەردەم و قورتاركردنی كورد لە شەڕ و ماڵوێرانیی زیاتر و دروست بوونی دەرفەت بۆ حەوانەوەی خەڵك و بوژانەوەی كوردستان دوای ساڵەهای نەهامەتی و زەرەر و زیانەكانی جەنگ و خەباتی چەكداری.
ئەم دنیابینییە لە سیاسەت و به‌رنامه‌ی حكومەتی هەرێم و ستراتیژی كاركردنی نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەیدا رەنگیدایەوە. سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ دەوروبەر، تەفاهوم لەگەڵ بەغدا، بینینی رۆڵی ئاشتیخوازانە لە كێشەی دەوڵەتانی دراوسێ لەگەڵ كورد، گەیشتە ئەوەی كوردستان وەك عاملی ئیستقرار لە ناوچەكەدا تەماشا بكرێت نەك عاملی هەڕەشە و تێكدان. لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی نیچیرڤان بارزانی بە بەرنامەیەكی تۆكمە هەم ئەمنیەتی سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ دەرودراوسێ پاراست و سیاسەتی دەستوەرنەدان و رێگرتن لەوەی كوردستان ببێتە هەڕەشەی ئەمنی بۆ سەر سنورەكانی هیچ لایەكی بە ووردی پەیڕەوكرد، هەم دەرفەتی رەخساند ووڵاتانی دراوسێ لەو پرۆسەی ئاوەدانكاری و بوژانەوەیە سود وەرگرن كە لە كوردستاندا بەڕێوە دەچوو، بەوەی بەرژەوەندی ئابورییان بۆ دابین بێت و كۆمپانیاكانیان بەشدار بن.
هەر خودی ئەم سیاسەتە كە بۆ دراوسێكان سازندەبوو، بە لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە پەسەند و جێی دەستخۆشی بوو. خۆ تێكەڵنەكردنیش لەگەڵ میحوەربەندی و سەنگەرلێكگرتنەكانی ناوچەكە، هێندەی تر پێگەی كوردستانی لە ئارامیدا هێشتەوە. ئارامییەك كە گەشەی كوردستان دەیخواست.
لاكردنەوەی دیبلۆماسییانەی ووڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە و جیهان و كردنەوەی كونسلخانەكانیان و دروستكردنی راپەڵەكانی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ كوردستان، بەرهەمی ئەو سیاسەتە واقعبین و ژیرانەیە بوو.
سوودی ستراتیجی ئەو سیاسەتە نەرم و ئاشتییانەیە لەوەدا بەرجەستە بوو كە كوردستان دوور لە سەریەشە و شەڕ و گێچەڵ، توانی ساڵانێك لە زەمینەیەكی ساز و لەباردا سەرقاڵی بیناكردن و ئاوەدانكاری و بوژانەوە بێت. توانی قەرەبووی ساڵانی بێبەشبوون لە ئاوەدانكاری و گەشەی ژیان بداتەوە. ئەو قەرەبۆیە لەسەر گوزەرانی تاكەكانی كوردستان رەنگی دایەوە و ئاستی داهات و پێوەرەكانی خۆشگوزەرانی بەرزبونەوە. خەڵك هەناسەیەكیان دا و گوزەرانیان گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەخۆوە بینی. بازاڕ بوژایەوە و كار و كەسابەت و قازانج برەویان پێكەوت. پرۆژەكانی ئاوەدانكاری بوونە مایەی دەرفەتی كار و قازانج بۆ كرێكار و پیشەگەڕ و لاوانی بێكار. هاوكات كوردستان بە شار و گوندەوە دەستی ئاوەدانكاریی گەیشتێ. كۆی بوارەكانی خزمەتگوزاری بەرەوپێش چوون. سیما و رەنگ و رووی شارەكان گۆڕان و بەرگێكی شارستانی نوێیان پۆشی. قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگاوبان و پێویستییە ژیارییەكانی دیكە بیناكران و بۆ دروترین شوێنەكانی كوردستانیش دابین كران. لە سای سیاسەتێكی حەكیم و سەقامگیرییەكی ئەمنیدا خێزانی كوردستانی بۆ یەكەم جار توانییان پڕ بە سكی خۆیان نان بخۆن و بیر لە ئایندەی منداڵیان و باشتركردنی ماڵ و خانوو و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانیان بكەنەوە.
بێگومان ئەو پرۆسەی ئاوەدانكاری و كرانەوە ئابورییە خاڵییش نەبوو لە دیاردەی زیان بەخش و پارە بەهەدەرچوون و گەندەڵی و ناڕێكییش كە ئەزمونی هیچ گەل و كۆمەڵگەیەكی راگوزار بەم قۆناغەدا بێ ئەو خەوش و كەمو كورتییانە نەبووە. ئەم دیاردە زیانبەخشانە ئەگەر گەورە و مەترسیدار بووبن یاخود میدیای بەدنیازی نێوخۆ موبالەغە و زێدەرۆییان تێدا كردبێ، بەڵام دیسان رێگر نەبوون لەبەردەم گەشەی كوردستان تا ئەوكاتەی رەورەوەی پێشكەوتنی كوردستان لە لایەن بەغداوە بە مەبەست و بە سیاسەتی دوژمنكارانە رێی لێگیرا. بەڵام نكۆڵی لەو راستییەش ناكرێ كە لە دەسپێكەوە دەبوا حكومەت هاوشانی پرۆسەی تەنمیە، میكانیزمی ( شەفافیەت و موساهەمە و موحاسەبە)ی بەهێزكردبا تا رێ لەو دیاردە زیانبەخش و مەترسیدارانە بگرێت.

© 2017 Hawler