کانونی یەکەم 09, 2019

د.سالار عوسمان

بەشی ھەشتەم


حزب و جەھل: پاردۆکسێکی قسەلێنەکراو
دوای ئەوەی لە ڕێگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە بابەتگەلێکی پێویستمان ڕۆشن کردەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە سەبارەت چەمکی جەھل و دواتریش قسە لە ڕۆڵی حزب بکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی جەھلدا.
کورتترین و کۆکراوەترین پێناسە بۆ جەھل، وەک زاراوە بریتیە لە نەزانین و وەک چەمکیش بریتیە لە ھەموو ئەو تێڕوانین و ڕەفتار و کردەوانەی کە دژ بە زانین و ڕاستین.
دوو جۆر ی سەرەکی جەھل ھەن: یەکەمیان جەھلی سادە و ئەویتریان جەھلی تێکەڵ، یان ئاوێتە، جەھلی سادە لە نەزانینی سادەوە سەرھەڵدەگرێ و ئاوێتەیش پێیوایە دەزانێ، کەچی ھەر نایزانێ و نەزانانە پەیڕەوی زانینێکی ساختە دەکات، کەواتە لە نێوان زانینی ساختە و نەزانیندا ئەزموون دەکات و ئەنجامەکانی جەھلی تێکەڵ قورستر و پروشکەکانیشی گەلێ ترسناکترە.
بە پێی ھەموو ئەو پێناسانەی، کە پێشتر بۆ حزب کردمان، حزب یەکێ لە کارە ھەرە گەورە و گرنگەکانی شەڕکردنە لەگەڵ جەھل، جەھل بە ھەموو مانا و جۆرەکانییەوە، چونکە جەھل نەک ھەر وەستێنەرە، ژیانیش بە چەوتە ڕێدا دەبات، حزب ڕێک کاری ئەوەیە ژیان بەردەوام بێت، بەڵام بە ڕێگە دروستەکەی، جەھل لە سەردەمی زووی قۆناغی منداڵیەتیی فکری مرڤایەتیدا، لە بەر پێنەگەیی ئیدراک زەمەنێکی زۆری ژیانی مرۆڤایەتی بە چەوتە ڕێدا برد، کە دەکرێ لێرەدا ناوی لێبنێین (بەھەدەردانی مێژوو)، بەڵام لە سەردەمی نوێدا، کە حزب یەکێکە لە بەرھەم و لێکەوتەکانی ئەو سەردەمە، حزب کۆکەرەوەی تواناکانە، ڕێکخستنیانە، ئاراستەکردنیانە، ئارمانج لێی باشترکردنی ژیانە بە میکانیزمێکی گونجاو، کە دەکرێ ئازادی، دیموکراسی و ھەڵبژاردن سێ لە میکانیزمە ھەرە باشەکان بن، کە ژیانی کۆمەڵایەتی و دواتریش ژیانی سیاسیی کۆمەڵگاکانی خستە سەر ڕێگەیەک، کە بە بەراورد لەگەڵ قۆناغەکانی بەر لە خۆی، ئاشتیانەترین ژیانی بۆ مرڤەکان دەستەبەر کرد .
حزب ھەر زوو، لەگەڵ دروستبوونیدا ڕووبەڕووی جەھل بۆوە و شەڕێکی قورسی لە دژیا ھەڵگیرساند، ئەگەر مێژووی سەرھەڵدانی حزب لە ڕۆژئاوا و تێکڕای ململانێکانی نێوان حزب و کڵێسا، حزب و گەندەڵی، حزب و نەریت، حزب و باو، حزب و پێشنەکەوتن بخوێنینەوە، زۆر زوو دەگەینە ئەو قەناعەتەی، کە ھەموو ئەو ململانێیانەی ناومان ھێنان و ھی تریش، ململانێیە لەگەڵ جەھلدا، کەواتە حزب و جەھل نەک ھەر نابێ بەیەکەوە کۆببنەوە، بەڵکو دەبێ حزب جەھلشکێن بێت!.

لێرەدا و لە نێو ئەم گەنگەشەیەدا پرسیارگەلێک دێنە پێشەوە، گرنگترینیان ئەمانەن:
* حزبی کوردی و چۆنییەتی دامەزراندنیان؟
* چۆنییەتی و چییەتی حزبی کوردی؟
* حزبی کوردی و تێگەیشتن لە جەھل؟
* قۆناغی ئێستا و ئەرکەکانی؟
* چۆن جەھل دەشکێت؟

© 2017 Hawler