کانونی یەکەم 10, 2019

ئەرێ ڕیفراندۆم بۆچی بوو؟ ڕیفراندۆم نەکرابا بەغدا چی دەکرد؟

یاد سرێشمەیی

جەوهەری مەوجودییەتی چەند حزبێک بە دژە پارتی هەوێن کراوە، بۆیە ئامادەن بەهەر نرخێک بێت دژ بە خواستەکانی پارتی بوەستنەوە تەنانەت ئەگەر خواستی نەتەوەییش بن، نزیکترینیان مامەڵەی نالۆژیک و دژە نەتەوەییانە لەگەڵ ریفراندۆم و ئەنجامدەرانی.
ڕوونە کە پێشگرتن لە هێزێکی سیاسی کە سەربەخۆیی بەستراتیژ گرتووە، بەسیاسەتی ناکامل و دژە نەتەوەیی ناکرێت، چونکە پێشتریش هێزی دیکەی گەورەتر لەوان و بریکاردەرەکانیان ئەو ڕێگایەیان تاقیکردۆتەوە.
بۆیە ناچارن پەلاماری ریفراندۆم و سەرکاروانی بەئەنجامگەیاندنی ئەو پرسە بدەن بەبێ ئەوەی درک بەوەی بکەن کە ئەوەی دژ بە کورد دەگوزەرێت ئاکامی ریفراندۆم نیە، بەلکو بەکردەیی کردنی فەرهەنگێکی تەمەندار و درێژ مەودایە، کە کوردیان تەنها بەسەر شاخەکانەوە قبوڵە.
مەگەر وانیە، کە مالیکی قوتی هاووڵاتیان و موچەی فەرمانبەرانی بڕی و هێزی دیجلە و دەبابەی پۆلۆنی هێنایە سەرکوردستان، کورد ڕیفرادۆمی نەکردبوو.
ئەوکاتەی( ٥٥) مادەی دەستوری پێشێلکرا، بەتایبەت ئەوانەی کە مافی کوردی تێدا جێکراوەتەوە بەتایبەت ماددەی (140) کە دەیان گوت مادەکە مردووە، کورد ڕیفراندۆمی نەکردبوو.
ئەوکاتەی ڕێککەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆنتڕۆلکردنەوەی موسل پێشێلکرا کورد ڕیفراندۆمی نەکردبوو.
کە دەمەقاڵێی مالیکی و جەڵال تالەبانی لەشەوی نەخۆش کەوتنی دروست بوو، کە گرژی کەوتە نێوان پەیوەندیەکانی سەرۆک بارزانی و مالیکی چەند هەفتەیەک پێش کەوتنی موسڵ، کورد ڕیفراندۆمی نەکردبوو.
با نەگەڕێینەوە مێژووی دوورتر کە ئەنفالکراین و کیمیاباران کراین، ڕاگوێزراین، کە بەلێ ئەوکاتیش ڕیفراندۆممان نەکردبوو.
ئێستا مامەڵەی بەغدا ئەگەر وەک ئاکامی ڕیفرندۆم لێکبدرێتەوە، خوێندنەوەیەکە سەر لەبەری نالۆژیک و نائاگادارانەیە لەو یاسا شکێنیەی پێشوتری بەغدا کە کوردی ناچار بە بڕیاری جیابوونەوە و ڕیفراندۆم کرد، تێکچونی شەراکەت و ناهاوسەنگی سیاسی عێراق بوو کە بەرکاری بکەری ڕیفراندۆم بوون، ڕیفراندۆم دەرهاویشتەی بەیەکەوە نەژیان و نەسازان بوو.
ڕیفراندۆم خەریکە ئێستا دەکرێتە پاسا و بۆ شۆڤێنیەت و تێگەیشتنی مەزهەبگەرایی چەند سیاسەتکارێکی عێراق، ئەڵبەت چەند کوردێک هاوئاوەز و ئاوازیان دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی کەسی بۆ شاردنەوەی خیانەتی 1٦ـی ئۆکتۆبەر و پەردەپۆشکردنی ئەو عەقلیەتەی کە کوردی بەهیچ شێوەیەک قبوڵنیە بە خیانەتکارانیشەوە، هێندە کاریان پێیان هەیە تا ئەرکەکانیان تەواو دەکەن .

 

© 2017 Hawler