تشرینی یەکەم 17, 2019

پرس و ڕاوێژ هەر بە نزیک و خۆیی ناكرێت

عومەر چنگیانی

 

دوای چوار هەفتە دابڕان لە دوانگەی "مزگەوتی خەدیجە كوبرا"هەینی ڕابردوو 5 ی سەفەری 1441 بەرانبەر بە 4 ی ئۆكتۆبەری 2019 گەیشتمەوە لەڕێگای دوانگەی "مزگەوتی خەدیجە كوبرا"وە بە دیداری نوێژکەرە بەڕێزەكان شادبوومەوە و پەنجاوحەوتەمین گوتارم ئاراستەی ئەوان كرد و دواتریش لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گەیاندمە ئەو بەڕێزانەی بینەر و گوێبیستی بوون و پێم خۆشە بیكەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان، پشتیوان بەخوا.

سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە پرس و ڕاوێژكردن لەڕووی ئایینییەوە كارێكی پەسندی مرۆڤەوە و هەر تایبەت نییە بە مسوڵمانانی شوێنكەوتەی محەمەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – بەڵكو لەناو نەتەوەكانی تریشدا بووە و تەنانەت گەورە دەسەڵاتدارە دیكتاتۆرەكانی جارانیش، پرس و ڕاوێژیان كردووە، وەلێ لە ئیسلامدا بۆتاكی مسوڵمان بە ئەركێک زانراوە – گەرچی بەداخەوە لە كردەوەیاندا ڕەنگ ناداتەوە -ئەو گشتگیرییەتەی بوونی ڕاوێژە وای لێكردم كە لە ژێر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئاندا تیشك بخەمە سەر چەند لایەنێكی ڕاوێژ لە چەند قۆناغێكی مێژوودا.

یەكەم: ڕاوێژكردن لە ئیسلامدا ئەركە!
1/ كاتێ سەیری سەدوپەنجاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی "ئالی عیمران"دەكەین دەبینین، كە خوای گەورە ڕووی گوتاری دەكاتە محەمەد پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – و پێی دەفەرمێت:
"لەگەڵ خەڵكەكەدا نەرمونیان و بەبەزەیی بە و ڕاوێژیان پێ بكە"، واتە بە فەرمان پێی دەڵێ، هەربۆیە لاپەڕەكانی مێژووی ژیاننامە و فەرموودەكانی پڕن لە هەڵوێستی جوانی پرس و ڕاوێژبە خانەوادە و دەوروبەرەكەی، تەنانەت لە بابەتی زۆر تایبەت بە خۆیشیدا، وەك هەندێك كێشەی ناو خێزان و ماڵیشی.
2/ سەرباری ئەوەی یەكێك لە سەد و چواردە سوورەتەكەی قورئان بۆخۆی ناوی"ڕاوێژ"ـە لە سی و هەشت هەمین ئایەتی ئەو سوورەتەدا دوای ئەوەی پێداگوتن بۆ مسوڵمانانی گوێ لە مشتی خوا دەكات و پێیاندا دەڵێ ودەفەرمێت: "ئەوانەی كە بەتەنگ بانگەكەی خواوە هاتوون و، نوێژەكانیان كردووە، كارو پیشەیان لەنێوخۆیاندا بە ڕاوێژكردنەوە دەبەنەسەر"، پاشان باسی ئەوەیان دەكات كە لە ڕێگای خوادا ماڵ و توانای خۆیان خەرج دەكەن".
3/ لە ئیسلامدا پرس و ڕاوێژی ژنومێرد بە یەکتر، بۆ نموونە لە بابەتی لەشیربڕینەوەی منداڵەکەیاندا، بە ئەرك دادەنرێت و كاتێ لە ئایەتی ٢٣٣ـیسوورەتی"بەقەرە" باس لە ئەركی دایكایەتی دەكات كە دەبێ دوو ساڵی رێک شیر بداتە بەرمەمکانەکەی و باس لە ئەركی باوك دەكات كە بژێویی منداڵەكەی لەئەستۆیە و نابێ هیچیان بەهۆی منداڵەكەوە زیانیان پێبگات، كە دێتە سەر باسی بابەتی لەشیربڕینەوەی منداڵ، دەفەرمێت: "گەر ویستیان وا بكەن دەبێ لەسەر بنەمای لێكحاڵبوون و پرس و ڕاوێژ بێت".

دووەم: ڕاوێژكردن لە پێش ئیسلامدا:
1/ بەپێی گێڕانەوەی قورئان لە مێژووی میسردا گەورە دەسەڵاتدار پێی دەگوترا فیرعەون و، لەسەردەمی مووسا پێغەمبەردا – سڵاوی خوای لێ‌بێت – ئەو فیرعەونە نموونەی ستەمكاری و خوێنڕێژی و تاوانباری و ئافرەتبازی و بە كۆیلەكردن بوو، كەچی كاتێ دەیەوێ دوابڕیاری لەناو بردنی "موسا" دەربكات بەخەڵكەكە ناڵێ ئێوە چ دەڵێن؟ بەڵكو دەڵێ: "ئەم پیاوە دەیەوێ وەدەرتان بنێ ئێوە فەرمانتان بەچیە؟" سەیرێكی ئایەتی ١٠٩ و ١١٠ـیسوورەتی "ئەعراف" بكەن دەزانن چی دەفەرمێت.
2/ سەیرێكی مێژووی وڵاتی "سەبا"یش بكەن كە قورئان لە سوورەتی "نەمل"دا باس لەو خانمە دەكات كە جڵەوی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بە دەستەوە بوو؛ كاتێ نامەكەی سلێمانی پێدەگات، وەك لە ئایەتی ٣٢هەمینی سوورەتەكەدا هاتووە، دەبینین ڕوودەكاتە خەڵكەكە و پێیان دەڵێ: "هەرگیز من بابەتێك لای خۆمەوە یەك لاناكەمەوە تا ئێوە بڕیاری لەسەر نەدەن و نەبنە گەواهـ بەسەریەوە".
3: كە عەزیز و گەورەی میسر لەسەردەمانی "یوسف"دا خەوە ئاڵۆزەكە دەبینێ، وەك لە چلوسێهەمین ئایەتی "سوورەتی یوسف"دا باسی دەكات بەدەوروبەرەكەی گوت" "وەڵامم بدەنەوە و ڕبێنماییم بكەن لەبارەی خەوەكەمەەوە".
ئەمانە نموونەیەكی زیندوو بوون لەسەر بایەخدانی مرۆڤ بە ڕاوێژكردن و لەهەر قۆناغێكیشدا ڕاوێژكرنەكە جۆر و شێوازی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و ئایینی ئیسلام بە بایەخەوە سەیری كردووە و بە ئەركێكی ئایینی دانەوە كە دەسەڵات بەڕێوەبەران بەبێ ڕاوێژ، تاكلایەنە بڕیارنەدەن و، هەزاران دەق و نموونەی پیرۆز مان هەیە و لێرا جێگای نابێتەوە دەنا زۆرمان دێنا، كورتی و كرمانجی بۆئەوەی لەكارەكانماندا سەركەوتووبین ئەركە ڕاوێژ بكەین و ئەركیشە بزانین ڕاوێژ پێكراو جێگای متمانەیە و دەرەنجام نابێ ڕاوێژ پێكراو كەسانی هەلپەرست و دڵڕەق و چاو پیس و كورت بین و بەد ڕەوشت و خۆپەرست و خۆویست و بەرچاو تەنگ و چڵێس و چەورەی دووڕوو بن!
دەبێ ڕاوێژ بە خەڵكانی شارەزا لەبوارەكان بكرێت، مەرج نییە خاوەن بڕوانامەی گەورە بن – ڕاست یان درۆ- خەڵك لە چاوەڕوانییەكی زۆری باشی كابینەی نوێی حكومەتی ئێستای كوردستاندان بوون و هیوابڕاویان مەكەن، ئاگابوون لە هەژاران و كەمدەرامەتانی كۆمەڵگا هۆكاری پیادەگردنی دادپەروەرییە و دادپەروەریش هۆكاری مانەوەی دەسەلاتە.
دواوشە: داوامە لەوبەڕێزانەی ڕاوێژێكیان پێ دەكرێ هەوڵبدەن لە جیهانی پێداگوتن و پێاهەڵدان بەدوور بن كە ئەوانە نابنەپێوەر و بەپێی چەند پێبەخشین ئەنووسن و ئەڕێسن و ئەڵێن، ناوچەكە ڕوولەقەیرانە و كابینەكە نوێیە و تەنها لە ژێر ڕووناكی گڵۆپی دارعەموودەكەوە سەیری ئیشەكان مەكەن وەك دەگوترێت، ڕەنگە شتە ونەكان لە شوێنی تردا بن، مەرج نییە ئەندامانی حزب هەموویان هەموو شت بزانن و بۆهەمووشتێكیش بشێن.

© 2017 Hawler