کانونی یەکەم 09, 2019

فەیسەڵ دەباغ

* جارێكی دیكە ئەمریكا پشتی خۆی لە كورد كرد، جاری یەكەم لە عیراق و جاری دووەمیش لە سوریا .
ئەمریكا لەو دوو وڵاتە و بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە داعش پشتی بە كورد بەست، بەڵام پاش رزگاركردنی 1/3ی خاكی عیراق و بەشێكی خاكی سوریا و درەنگ هاتنی توركیا بۆ سەر خەتی سوریا، ئەمریكا خەریكە هاوكێشەكە بگوڕێ.
هەموومان دەزانین ئەگەر كورد نەبوایە تا ئێستا نەینەوا رزگار نەدەكرا، هێزەكانی عیراق بە سوپا و حەشدی شەعبییەوە ئەسڵەن نەیاندەتوانی خۆیان لە نەینەوا بدەن، بەڵام پاش رزگاركردنی هەندێ ناوچەی نەینەوا لە لایەن پێشمەرگەوە ئیتر دەرگا بۆ هێزەكانی عیراق كرایەوە .
سەبارەت بە سوریاش ئەگەر هێزە كوردییەكان نەبوایە ئەمریكا نەیدەتوانی ئەو پێگەیەی هەبێ كە ئێستا هەیەتی .
ئەمریكا چۆن چاوپۆشی لە هێرشەكەی سوپاو حەشدی شەعبی و پاسداری ئێرانی كرد بۆ سەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوهاش چاوپۆشی لە هیرشەكەی توركیا كرد بۆ سەر عەفرین .
چەند جار گوتومە ئەمریكا وڵاتێكی ئەحمەقە، لە سەردەمی بارك ئوباما عیراق بە تەواوی رادەستی ئێران كرا، سوریاش رادەستی روسیا و هاوپەیمانەكانی كرا كە ئێران یەكێكە لەوان.
لە سەردەمی ترامپیشدا ئەو سیاسەتەی ئەمریكا درێژەی پێدراو و دوو دڵی بۆتە بەشێك لە سیاسەتی ئەو وڵاتە .
هەڕەشە لە ئێران دەكات بە بێ ئەوەی هیچ بكات، هەڕەشەش لە توركیا دەكات بە بێ ئەوەی هیچی پێ بكرێ، هەتا وای لێهات نزیكترین هاوپەیمانی خۆی لە سوریا بكاتە قوربانی توركیا وەك ئەوەی لەگەڵ كوردی عیراقی كرد، دەبێ وەك كورد لەوە تێبگەین ئەگەر ئەمریكا بخرێتە بەردەم دوو بژاردە كورد یان توركیا حەتمەن توركیا هەڵدەبژێرێ و ئەگەریش بخرێتە بەردەم دوو بژاردە كورد یان عەبادی ئەوا عەبادی هەڵدەبژێرێ.
كە واتە ئەوەی بۆ ئەمریكامان كرد چ كوردی باشوور یان روژئاوا هەر هەمووی لەگەڵ با دا رۆیی..!!
* هەر هاوكارییەك پێشكەش بە لوبنان و سوریا و عیراق بكرێ هاوكارییە بۆ ئێران بە ئیعتباری ئەوەی ئەو سێ وڵاتە لە ژێر هەیمەنەی ئێراندان .
ئێران سوودمەندی سەرەكی بوو لە بوونی داعش، بە هەنجەتی رووبەرووبوونەوی لەگەڵ داعش هێزەكانی ئێران گەیشتنە لێوارەكانی دەریای ناوەڕاست و لە رووی مەیدانیشەوە لە رێی میلیشیا چەكدارەكانی یان سیاسەتەوە توانی دەست بە سەر بڕیاری ئەو وڵاتانە بگرێ .
ئەمە لە لوبنان رووی دا و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا بە زەقی لە عیراق روو دەدات، چونكە میلیشیا چەكدارەكانی خەریكە خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی ئەزموونی حزبوڵلای لوبنانی لە عیراق دووبارە بكەنەوە، ئەویش بە دامەزراندنی چەند حزبێكی سیاسی بۆ ئەوەی دەست بە سەر دەسەڵاتی تەشریعیدا بگرن و چەكەكانیشیان دژ بە حزبەكانی دیكە و دەوڵەت بەكار بێنن.
سوریا ترسناكترین ناوچە دەبێ لە جیهاندا، چونكە سیاسەتی ئەمریكا دەربارەی ئەو وڵاتە تا ئێستا روون نییە و هەر دوو یاریزانەكەی دیكەش (روسیا و ئێران) ئامانجیان دابینكردنی بەرژەوەندییانە لەو وڵاتەدا.
پرسیار ئەوەیە : ئایا ئەمریكا و ئەوروپا هەست بەو مەترسییە ناكەن ؟
بەلێ هەستی پێ دەكەن و هاوڕاشن لە سەر ئەوەی كە غەبای ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بووە هۆی ئەوەی ئێران ئەو بوونە فراوانەی هەبێ، بەڵام هەر دووكیان خاوەنی ستراتیژییەتێكی ئەوتۆ نین بۆ ئەوەی رووبەرووی ئەو بوونە ببنەوە .
ئەمریكا و ئەوروپا پێویستە هەڵوێستیان هەبێ بەرامبەر ئەو سێ وڵاتە، ناكرێ بەرامبەر بە عیراق هەڵسوكەوتێكیان هەبێ و لە سوریا و لوبنانیش هەڵسوكەوتێكی تر .چونكە هەر سێكیان یەك سوپا پێكدێنن كە هێزی پاسداران بەرێوەی دەبات.
هەڕەشەكانی ئەمریكا، ئەگەر راست بن، بێئەنجامن، چونكە هیچ رێكار و هەنگاوی پراكتیكیان تێدا نابینرێ.
عەبادی تا ئێستا نەیتوانیوە رادەیەك دابنێ بۆ جولەكەی قاسم سولەیمانی، بەتایبەتی لە نێوان سنووری عیراق و سوریادا كە ئامانجەكەی یەكخستنی یان بە یەكگیەشتنی هەر دوو میلیشیا عیراقی و سورییەكەیە ..!!
* وتارەكەی حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی كوێت چەند پرسیارێك دەوروژێنێ، ئایا بە راست عیراق توانی بە سەر داعش سەركەوێ ؟ ئایا بە راست عیراق توانی یەكێتی نیشتمانی بۆ گشت پێكهاتەكانی بێنێتەدی؟
ئایا بە راست عیراق توانی لە سیستەمە تایفیە گەندەڵكارییەكەی خۆی رزگاری بێ ؟ ئایا بە راست عیراق توانی رادەیەك بۆ كۆچكردنی هاوڵاتیانی مەسیحی و ئێزدی و سابیئە دابنێ ؟ ئایا بە راست عیراق توانی كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتیانە و عادیلانە چارەسەر بكات ؟ ئایا بە راست عیراق توانی لەو گەندەڵییە رزگاری بێ كە تەواوی وڵاتی گرتۆتەوە، بە تایبەتی گەندەڵی ئەو هێزە سیاسییانەی كە حوكمیان لە دەستە؟
پێویست بوو سەرۆك وەزیران بەو پەڕی جورئەتەوە دان بە راستییەكان بنێ، دان بە فەشەلی خۆی بنێ كە نەیتوانی بەڵێنەكانی سەبارەت بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری و رزگاربوون لە دابەشكاری تایفی لە حوكم بكاتە واقیع .
بەڵێ پێویست بوو ئەو كابرایە راستییەكان بخاتە ڕوو، نەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەڵە ببات ..!!
تا ئێستا عیراق نەیتوانیوە 500-600 ملیار دۆلار بگەڕێنێتەوە كە تا ئێستا بزرن و ئەوانەی بزرشیان كرد لە سەرووی دەسەڵاتن، هەتا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زۆربەی لیستەكان تایفیین بە لیستەكەی سەرۆك وەزیرانیش ..!!
سەرۆكی حكومەت بەردەوامە لە سزادانی گەلی كورد بە هۆی پیادەكرنی مافێكی رەوای خۆی كە خۆی لە برسیكردنی ئەو گەلە و نەدانی مووچە و نەكردنەوەی فرۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی دەبینێتەوە .
ئەمانە گشتیان نەك هەر سیاسەتی نا عەقڵانین، بەڵكو سروشتێكی تۆڵە سەندنەوەشیان تێدایە بەرامبەر بە گەڵێك كە دەنگی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خۆی داوە .
سەرۆك وەزیران زۆر لە دەستور دووركەوتۆتەوە كە ئەمەش پێچەوانەی هەموو لائیحە نێودەوڵەتییەكانە .
سەرۆك وەزیران دژی مافی كوردە سەبارەت بە چارەی خۆنووسین ئەویش بە هۆی پاشینە ئایینییە توندرەوەكەی و ئەم هەڵوێستەشی هەر وەك هەڵوێستی وڵاتانی دیكتاتۆرە وەك توركیا و ئێران و سوریا .
لە جیاتی ئەوەی دەستی درێژ بكات بۆ كۆمەكی وڵاتان وەك دەرۆزەكەرێكی درۆزن، دەبوایە ئەو پارانەی بگەڕاندبایە كە بە هۆی گەندەڵییەوە خوراون .
ئایا مەعقوڵە گیرفانی گەندەڵكاران پڕ بێ بە ملیارەها دۆلار و ئەویش دەستی بۆ ئەم و ئەو درێژ بكاتەوە؟
* كورد حوكمی پاشكۆیەتیان بە سەر سەپێنرا، ئینگلیزەكان وەك هاوڵاتی پلە دوو هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرد ئەویش بە هۆی هەڵگیرساندنی چەندین راپەڕین لە دژیان .
بەریتانیا رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە دابەشكردنی كورد بە سەر چوار دەوڵەتدا، بۆ ئەوەی بە بێ هیچ قەوارەیەك بمێننەوە وەك سزایەك دژ بە راپەڕینەكانیان .
توركیا گەلی سوریای فرۆشتە بەشار ئەسەدو روسیا بە مەرجێ رێی پێ بدەن كوردی سوریا سەركوت بكات.
ئێران تا ئەمرۆ بەردەوامە لە سێدارەدانی كوردی رۆژهەڵات . خۆ كردەوەكانی حافز ئەسەد و سەددام حوسێن دژ بە كورد قەت لە بیر ناكرێن.
بۆیە ئەگەر بمانەوێ قسەیەكی هەق بۆ مێژوو بكەین دەكرێ بڵێین راستە هەر هەموویان دوژمنی كوردن، بەڵام دوژمنی پلە یەكی كورد هەر كورد خۆیەتی .
ناكۆكی و بەربەرەكانێی یەكترو پاشكۆیەتیان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەو دۆخەی كە تێی كەوتوون..!!
* واشنتۆن و تاران هاوڕان لە سەر پشتگیریكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق.
ئەمریكا خاوەن هێزە لە عیراقدا كە ژمارەكەی 6000 سەربازە كە دابەشكراون بە سەر 8 بنكەی سەربازیی لە چوار پارێزگادا و بڕیاریش وایە ئەو هێزە بۆ 10000سەرباز زیاد بكرێ و دوو مونشەئەی سەربازیی فراوان بكرێن و ببن بە دوو بنكەی هەمیشەیی بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا جێی بنكەی ئەنجەرلیك بگرنەوە.
بوونی هەیكەلیەتێكی وا پێویستی بە پشتگیری حكومەتی عیراق هەیە كە بە پێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو پێك دەهێنرێ .
ئێران لە قەلەقدایە نە وەكو حكومەتی داهاتوو بە لای ئەمریكا بشكێنێتەوە و دژ بە بوونی سیاسی و سەربازیی ئێران بوەستێ .
پەیوەندییەكانی ئێران و عیراق بایەخێكی زۆر گەورەیان هەیە بۆ تاران . بوونی عیراقێكی یەكگرتوو و بە هێز لە بەرژەوەندی ئەو نییە، چونكە لە وانەیە جێی هەڕەشە بێ بۆی .
ئەوەی تاران نیازیەتی عێراقێكی بەش بەشە، نە زۆر لاواز بێ و نە زۆر بە هێز، بۆ ئەوەی هەمیشە پێویستی بە تارانەوە هەبێ .
كە واتە ئێران پشتگیری لە هەڵبژاردنەك دەكات كە نەتوانێ عیراقێكی یەكگرتوو و یان بە هێز بێنێتەدی .
* بە پێی زانیارییەكی نهێنی، یۆنامی پێشنیارێكی داوەتە سەرووی خۆی كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەولێر و بەغدا تا ساڵی 2020 پارێزگاكانی هەرێم هەر وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێ .
یۆنامی پێی وایە كێشەی خەڵكی هەرێم نەدانی مووچەیە، بۆیە دەكرێ بەغدا راستەوخۆ ئەو مووچەیە بدات ..!!
ئەم پێشنیارە پێشنیارێكی خەتەرناكە، چونكە لەو حالەتەدا نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە حكومەتی هەرێم و نە پارلەمان بوونیان نامینێ.
* ئەمە یەكەم جارە گوێم لەوە بێ كە ناتۆش هێزی بەكرێگیراوی هەیە .
توركیا دووەمین هێزە لە ناتۆ، بەڵام لەو هێڕشەیدا بۆ سەر عفرین پشتی بە ژمارەیەكی زۆری بەكرێگیراو بەستووە كە لە ژێر ناوی سوپای ئازاد دژ بە كوردی سوریا دەجەنگن .
بە راستی عەیبەیەكی گەورەیە بۆ رێكخراوی ناتۆ كە بەكرێگیراوی هەبێ، ناشزانم بە چ لۆژیكێك قبوڵی ئەمە دەكات ؟
هەر بۆ پێكەنین، سەرەرای بەكارهێنانی ئەو هەموو بەكرێگیراوانە، توركیا داوای لەو رێكخراوە كردووە كە دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكات ..!!
ئەولەویەتی ئەردۆگان داعش نییە، بەڵكو كوردە، خۆ سوپای ئازاد لە داعش و نوسرە و قاعیدە پێك هاتووە و رۆژ لە دوای رۆژیش ئەو سێ رێكخراوە خۆیان بە هێزتر دەكەن.
داعش پشتگیری توركیا دەكات لەو شەڕەی كە دژ بە كورد ئەنجامی دەدات .
بەردانی زیاتر لە (10) سەركردەی داعش لە لایەن توركیاوە، وەك ئەمیری ناوچەی دیاربەكر و هەندێ توندڕەو كە دەستیان لە تەقینەوەكانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و غازی عەنتاب هەبوو، بەڵگەیەكە لە سەر بوونی پەیوەندی نێوان توركیا و داعشدا.
هەر دوێنێ بوو كورد توانی داعش تێك بشكێنێ، كە چی ئەمرۆ بە قودرەتی قادر بونەتە تیرۆریست لە دیدی توركیاوە ..!!
* ئەوی لە پارلەمانی كوردستان رووی دا سەبارەت بە پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان عەیبەیەكی گەورە بوو .
پاش ئەو هەموو ساڵە تەنیا دەزگاكە ئیعتباری مابوو پەرلەمان بوو، بەڵام پاش ئەوەی ئەندامانی پارلەمان سووربوون لە سەر خانەنشینكردیان بەو بڕە پارەیەی كە راگەیەنرا، پارلەمان ئەو ئیعتبارەی نەما.
ئەمە یەكەم جارە ببینم هەموو لیستەكانی پارلەمان لە سەر یەك شت كۆك بن كە ئەویش مووچەی خانەنشینیان بوو.
خۆزگە سەرۆكایەتی پارلەمان لە كاتی دەنگداندا بە ئاشكرا نیشانی ئەو دانیشتنەی بدابایە بۆ ئەوەی وەكو میللەت بزانین كە ئەوانەی بە درێژایی تەمەنی خولەكانی پەرلەمان موزایەدەیان لە سەر زۆر شت دەكرد چۆن دەستیان بڵند كرد لە دەستنیشانكردنی ئەو بڕە مووچەیەی كە پێیان وابوو شایەنی ئەوەن لە بڕی چوار ساڵ ئەو مووچەیە وەربگرن.
زۆر حەزم دەكرد بڕێك هەستیان بجولێ و لە جیاتی مووچەی خۆیان بڕیار لە سەر كەمترین مووچەی خانەنشینیان بدەن، چوار ملیۆن بۆ خۆیان لە بڕی چوار ساڵ و سێ سەد هەزار دیناریش بۆ ئەو قور بە سەرانەی كە خزمەتێكی كردەكیان پێشكەش بە خەڵكی كرد.
من پێم وایە ئەو پرۆژە چاكسازییەی حكومەت ئەگەر بەو شێوەیەی پارلەمان تێپەرێ، حكومەت راستگۆیی خۆی بەرامبەر بە قسەكانی پێشووی خۆی لە دەست دەدات .
ئەگەر حزب نەبوایە كێ لەوانە ئەو بڕە دەنگەی دەهێنا ؟
ئەم بابەتە بە راستی بابەتێكی ترسناكە و كاریش دەكاتە سەر نەفسیەتی دەنگدەر كە لە وانەیە هەر نەچێتە دەنگدان ..!!
* درێژكردنەوەی سزاكانی سەر هەر دوو فرۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی شتێكی چاوەڕوانكراوبوو، بە لای كەمی لە لای خۆم .
بەڵام لە كەس ناشارمەوە كاتێ پێكەنینەكانی شاندی هەرێمم بینی لە دوا چاوپێكەوتنیاندا لەگەڵ عەبادی لە ناخەوە دەمگوت دەبێ ئەو هەموو پێكەنینە شتێكی تێدا نەبێ ؟
بەتایبەتی قسەوباسەكان ئاماژەیان بەوە دەدا كە رۆژی 28/2 هەر دوو فرۆكەخانەكە دەست بە گەشتەكانیان دەكەنەوە ..!!
پاش ئەو هەموو هاتوچۆ و دیدارانە هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی بەغدا رووی نەداوە .
پرسیار ئەوەیە : ئایا وەك هەرێم چاوەڕوانی چی دەكەین ؟ هەر لە سەر ئەو بێدەنگیەی خۆمان دەمێنینەوە یان پێویستە تەكانێك بە خۆمان بدەین و ئاستی بێدەنگیەكەی خۆمان بشكێنین و چیتر چاوەڕوانی بەغدا نەبین .
هەموو تەنازولاتێكمان كرد كە چی بێ ئەنجام بوو، لە سەر نوكتەكەی عەبادی هەندی دونیایەك پێكەنین كە چی ئەویش بێ ئەنجام بوو .
بۆیە كاتی ئەو هاتووە جارێكی دیكە دەنگمان بەرز بكەینەوە هەتا ئەگەر بگاتە رادەی هەڕەشە كردن.
من پێم وایە پرسی سەربەخۆیی دەبێ دووبارە بروژێنرێ و ئاگاداری بەغدا بكرێ كە لە ماوەیەكی دیاركراودا چارەسەری كێشەكان نەكات ئەو مەجبور دەبین سەربەخۆیی خۆمان رابگەێنین و یاداشتیش بدرێتە وڵاتانی زڵهێز سەبارەت بەو ناوەرۆكەی كە باسم كرد .
* هەمیشە گوتومە زۆربەی ئەو كەسانەی هەرێم بەرێوە دەبەن خاوەن عەقڵێكی سیاسی ئیداری نین، ئەوەی ئەمرۆش روو دەدات بەشێكی زۆری بۆ ئەو عەقڵیتە دەگەڕێتەوە.
تو خوا كاتی ئەوەیە بەرپرسێكی گەورە بێ و بڵێ (50) هەزار فەرمانبەری وەهمیمان دۆزیتەوە و داوا لە عەبادی دەكەین بەڵێنەكانی بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێ بكات ..!!
بەداخەوە ئەم لێدوانە بووە باس و خواسی میدیاكانی عیراقی و عەرەبی، هەتا چەند میدیایەك باسی ئەویان كرد عەبادی لە سەر هەق بوو كاتێ دەیگوت فەرمانبەر هەیە لە هەرێم دوو سێ مووچە وەردەگرێ .
منیش دەڵێم ئەو حاڵەتەمان هەبوو، بەڵام هەموومان دەزانین ئەو ژمارە وەهمییانە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی بایومەتری ئاشكرابوو، پرۆسەكەش بەر لە ریفراندۆم، دووبارەی دەكەمەوە بەر لە ریفراندۆم بەرێوەچوو . ئەگەر ئەو بەرپرسە تۆزێ عەقڵی سیاسی و ئیداری هەبوایە قەت ئەم قسەیەی نەدەكرد، بەڵام چی دەكەی كە ئەو عەقڵەی نەبێ ..!!
ئایا چ حیكمەتێكی تێدایە تۆ قسەیەكی كۆن بێنی و ئێستا بیكەیتە ماڵ بە سەر خۆت؟
ئایا ئەمە هەنجەت نەدان نییە بە كەسێكی وەكو عەبادی تا ئەو مەسەلەیە دژ بە هەرێم بەكار بێنێ؟

© 2017 Hawler