کانونی یەکەم 10, 2019

هاووڵاتی بوون لەهەڵبژاردندا

غازی حەسەن

بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسی لەلایەک و ئەو فشارە سیاسیی و سزا ئابووری و ئایدیۆلۆجیەی لەلایەن بەغداوە چەند ساڵێکە دژی هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت، کاریگەریی زۆری لەسەر بیرکردنەوەی هاووڵاتیان، هەڵوێست و هەتا هەندێک لەکاردانەوەکانیشیان دروست کردووە، تەنیا وای لێهاتووە، بەشێک هەندێک حزبی سیاسی بەڕقەوە، توڕەیی هاووڵاتیان بەکاربهێنن، یان رەخنەی هاووڵاتی بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێم بەکاردەهێنن، کە ئەمە لەبنەڕەتدا کەمکردنەوەی بەهای هاووڵاتیی بوونە.
لەم رۆژانە (حزبی نەهزەی) تونسی، کە بزاڤێکی ئیسلامی سیاسییە، هاووڵاتییەکی جولەکەی لەریزەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردان کاندێد کردووە، ئەمە لەجیهانی عەرەبیدا، بەتایبەتیش لەنێو بزاڤە ئیسلامییە سیاسییەکاندا، هەنگاوێکە پێشتر نەبینراوە. گرینگ کاردانەوە و لێکدانەوەی جیاجیا بۆ ئەم هەڵوێستە کراوە، هەرچییەک بێت، ئەم هەنگاوە قوڵکردنەوەی گیانی هاووڵاتیبوون و داننانە بەبوونی فرەیی لەئاین و بیرکردنەوە، کە رەنگە لەبنەڕەتدا ئەم مەسەلەیە پەیوەست بێت بەفەشەلی بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی وەکو بەدیلی چەمکی هاووڵاتی بوون . کەچی بەداخەوە لە کوردستاندا هەندێک لایەن دەیانەوێت پێچەوانە، بەرتەسک کردنەوەی بیرکردنەوەی ئاینی و سیاسی و ئابووری بۆ تێکشکاندنی چەمکی هاووڵاتی بوون بەکاربهێنن.
لە کوردستانیشدا لایەنەکان دەستیان بەجموجۆلی سیاسی بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کردووە، بەدەیان و سەدان دروشم ئامادەکراوە بۆ ئەوەی لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوبکرێنەوە، بێگومان جیاوازیی ئاینی یەکێک دەبێت لەوانە، کە کۆمەڵگەی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام وەکو هاووڵاتی بوون مامەڵەی لەگەڵ بوونی ئاینە جیاوازەکان لەکوردستان کردووە، نەک ئاینداربوون، یان بەدیل بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. رەنگە لەم ساڵانەی دوایدا ئیسلامی سیاسی کاری کردبێت، کۆمەڵگە بەئیسلام بکاتەوە لەو روانگە سیاسییەی، کە ئیسلام لەژێر هەڕەشەیە، ئەمەش لەژێر کاریگەریی بزاڤە ئیسلامییە سیاسییە عەرەبییەکان، یان بزاڤە ئیسلامییە سیاسییە جیهانییەکاندا بووە، واتا هەنگاوەکان لەڕوانگەی ئیسلامییەکی کوردی سیاسی نەبووە، کە ئەمەش راستەوخۆ پەیوەستە بە گوتار و چەمکی رێزگرتن و بایەخدان بەهاووڵاتی بوون لەنێو پانتایی کاری ئیسلامی سیاسیدا.
لەم هەڵبژاردنەدا پێویستە چەمکی هاووڵاتی بوون، بایەخێکی جدی پێبدرێت، هاووڵاتی بوون وەکو ماف، هاووڵاتی بوون وەکو ئەرک. هاووڵاتیانی کوردستان ژمارەیەکی زۆر مافیان هەیە، بۆیە پێویستە کار بۆ چەسپاندن و بەدیهێنانی مافەکانیان بکرێت، هەروەها ئەرکی هاووڵاتیش دیاربکرێت، کە یەکێک لەو خاڵانە وابەستە بوون و ئینتما و هوشیاری نیشتیمانییە، بۆ نموونە لەپڕۆسەی دەنگداندا هاووڵاتی چۆن مافەکانی بەکاردەهێنێت. مافی دەنگدان و چۆنیەتی راپەڕاندن و جێبەجێ کردنی ئەو مافە چۆن بەدی دێت.
من پێم وایە، نابێت نان و موچەی هاووڵاتیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لەنێو ململانێی و رکابەری دەنگدان بەکاربێت، بەلکو پێویستە ئەو لایەنانە یەکدەنگ بن، بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر بەغدا، بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتی کوردستان بگێڕنەوە، موچەیان بۆ دابین بکەن، هەروەها بەپێچەوانە پێویستە کار بۆ هاووڵاتی بوون و چەسپاندنی بنەما سەرەکییەکانی هاووڵاتی بوونی دەنگدەر بکەن، ئەویش بەدیهێنانی یەکسان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە لەگەڵ چەسپاندنی مافەکانیەتی لەچۆنیەتی بەشدارییەکی کارا لەهەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی لەرێگەی دەنگەکەیەوە بڕیاری خۆی بدات.
بەشداری هاووڵاتی لەدەنگدان، بەدیهێنانی بەشێک لەمافەکانییەتی، بۆیە پێویستە ئەو مافە بەشێوەیەکی سەردەمیانە، لەچوارچێوەی یاسا و ئەرکە نیشتیمانییە سەرەکییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کارێکی ترسناکە لایەنەکان دەنگی هاووڵاتی بۆ سزادانی یەکتر بەکاربهێنن، لەکاتێکدا ئەو مافە تەنیا دەبێت هاووڵاتی خۆی سەربەخۆیانە بەکاری بهێنێت. ئەمەش بەگەڕانەوە و پابەست بوون بە بنەماکانی هاووڵاتی بوون ئەنجام دەدرێت.

© 2017 Hawler