تشرینی یەکەم 17, 2019

یەک لیستییەکەی کورد لە کەرکووک

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

 

دۆخی ناسەقامگیری کەرکووک و داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە شارەکەدا، لەلایەن کوردەوە زۆریان لەبارەوە گوترا، بەڵام عەقڵییەتی بەغدا، وەک زنجیرەیەکی لە یەکبەستراو قۆناغ بە قۆناغ لەلایەن حکوومەتەکانی بەغداوە دژایەتیی کورد کراوە بە جۆرێک لە رەهەندی داگیرکارییەوە لە پرسی کەرکووک و خودی هەڵبژاردنەکەی ئێستاش دەڕوانرێت، بەو جۆرەی بەغدا دەیەوێت و ئامانجیشی ڕوونە کە ئەمجارە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە شارەکە بە تەواوی داگیر بکات، دروستتر پڕۆژەی شانزەی ئۆکتۆبەر تەواو بکات، واتە ئەگەر لە شانزەی ئۆکتۆبەردا بە چەک و سوودوەرگرتن لە خیانەتی گرووپێکی کورد، توانی کەرکووک و ناوچە فراوانەکانی دیکە داگیر بکات، ئەمجارە دەیەوێت لە ڕێی هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بە داگیرکارییەکە بدات، ئینجا ساختەکاری بێت یان دەنگ کڕین و چاوسوورکردنەوە بێت.
جاری دیکەش باسمان لە مەترسی هەڵبژاردنی کەرکووک بۆ ئەم قۆناغە کردووە، بۆ نموونە بەهۆی بچووکترین دۆڕاندنەوە پۆستی پارێزگار لە دەست دەدەیت، لەلایەکی ترەوە بەغدا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێت ئەوەتا کورد زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک پێکناهێنن، ئەگەرچی لە دوای ئۆکتۆبەرەوە شەپۆلێکی یەکجار گەورەی هەڵاتنی کورد لە کەرکووک دەستیپێکرد و مەرجی بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردن گەڕانەوەیانە بۆ زێدی خۆیان و لە سندووقەکانی ناوچەکانیان دەنگ بدەن، لەکاتێکدا بەغدا زۆر باش دەزانێت ئەو ئاوارانەی دوای ئۆکتۆبەر زۆرینەیان ناتوانن بگەڕێنەوە و بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بەهۆی مەترسی حەشد و سزا و لێپرسینەوە لەوەی بەشداری ریفراندۆمیان کردووە، واتە سەپۆرتیان کردووە.
سەرەڕای هەموو ئەوانە بەڵام بەشداریکردنی لایەنی کوردی بە یەکلیست، زۆر گرنگ بوو و پێویستییەکی سیاسیش بوو، هەر هیچ نەبێت هێزە کوردییەکان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە دژایەتی یەکدی ناکەن و تاقەی حیزبی و سیاسی و ئابووری، رێکلام و میدیاییان بۆ لایەنی بەرانبەر کە عەرەب و تورکمانەکانن، بەکاردەهێنن، ئەگەر بە لیستی جیاجیا بەشداربوونایە، ئەو تاقەیەیان لە دژی یەکتری بەکارهێنا و دۆڕاندنێکیشی مسۆگەر بوو، ئێستاش ئێمە فاڵ ناگرینەوە، تەنانەت خودی عێراقییەکانیش چاوەڕێی یەکلیستی دروستتر هاوپەیمانی نەبوون، کەچی ئێستا کورد لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە، لێرەدا ئەوە گرنگی ئەو یەکلیستییە لەوەدایە هەم کاریگەری لەسەر ئاستی ڕێژەی کورسییەکان دەبێت و هاوکات پەیامێکیش دەداتە جیهان و بەغدا کە کورد لە کەرکووک لەژێر یەک چەتر کۆبوونەوە.

 

© 2017 Hawler