تشرینی یەکەم 17, 2019

ئاریان فەرەج

 

دوو ساڵ لەمەوبەر، گەلی ئێمە لە پرۆسەیەكی دیموكراتی و ئاشتییانەدا تەعبیری لە رای خۆی كرد.ئەم پرۆسەیە بە هەموو یاسا و رێسایەكی ئاسمانی و زەمینی نە حەرامە و نە تاوان. بە پێچەوانەوە دژایەتیكردنی پرۆسەیەكی لەو جۆرە تاوان و ناحەقیە، ریفراندۆمی كوردستان هەڵە نەبوو تا راستبكرێتەوە، لەشكركێشی و ئابڵوقە و هەڕەشەی لەبرسا كوشتن و عەزل كردنی میلەتێك لەسەر ئەوەی ئازادانە رایەكی دەربڕیوە، هەڵەی كوشندە بوو. بۆیەش دواجارئەو راستكرایەوە نەك ریفراندۆم.
مافی چارەی خۆنوسینی میللەتان تاوان و مەترسی نییە، پێشێلكردنی مافی میللەتان تاوان و مەترسی و سەرچاوەی ئاشوبە. ئەو هەنگاوەی گەلی كوردستان گرتییەبەر، تەبا بوو لەگەڵ بەها مرۆڤایەتییەكان و پرنسیپەكانی دونیای نوێ و تەنانەت تەبا بوو لەگەڵ ئەو دەستورە عێراقییەش كە مانەوەی عێراقی ئیتیحادیی ئارەزومەندانە دەبەستێتەوە بە جێبەجێكردنی دەستورەوە. بۆیە ئەو دژایەتییەی لەهەمبەر ئیرادەی گەلی كوردستان بەرپا بوو، پێچەوانەی هەموو ئەو بەها و پرنسیپە جیهانییانەیش بوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەنگەرێكدا دژی تیرۆر و ناعەدالەتی كۆكردبۆوە.
كوردستان لە ئێستادا جێبەجێكردنی دەستور وەك بنەمای چارەی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا دەبینێ، بەرلە ریفراندۆمیش دیسان بە هەموو جیهانی راگەیاندبوو كە پێشێلكردنی دەستور و پشت كردنە پرنسیپەكانی تەوافوق و شەراكەت و هاوسەنگی هۆكاری بە بنبەست گەیشتنی حیوار و پەیوەندییەتی لەگەڵ بەغدا. هەر لە سەرینی ریفراندۆمیشەوە بوو كە ئێستا زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ لێكگەیشتنی هەردوولا و پشتیوانییەكی نێودەوڵەتییش بۆ ئەو لێكگەیشتنە لە ئارادایە. مەتڵوب جێبەجێكردنی دەستور و سەلماندنی ماف و ئیستحقاقە دەستورییەكانی كوردستانە. ملنەدان و بە رەوانەزانینی ئەو مافانە دوای ئەو هەموو روداوانەی روویان دا، وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەیە كە بۆچی كورد هیوابڕاو بوو لە عێراق و بۆچیش لە ئان و ساتێكدا ریفراندۆمی كرد كە هەموان بە نەگونجاویان زانی و كورد بە تەنیا بە گونجاوی زانی.

© 2017 Hawler