کانونی یەکەم 16, 2019

نێچیرڤان بارزانی چیرۆكی خەونێكی پڕئاستەنگ

گۆنا هەورامی

- چوار لە پازدە -

سەرمایەگوزاری وەك چەكێكی سیاسی

كوردستان بوژاندنەوەی دەویست، بیناسازی و پرۆژەی گەورەی دەخواست، كەفائەت و كەم تەجروبەیی كارناسانی نێوخۆیی تێرای ئەو ئەركە ساراتیژییەی نەدەكرد. هاتنی سەرمایەگوزاری و كەفائەتی دەرەكی پێویست بوو. سەرمایەگوزارییش لە ناوچەیەكی شەڕاوی و ناسەقامگیردا، جیا لە ئەمنیەت و دڵنیایی، هاندان و خاترگرتن و قازانجی مسۆگەریشی دەویست. دەبوا یاسای سەرمایەگوزاریی كوردستان ئاسانكار و هاندەر بێ و تەماع بخاتە بەردەم كۆمپانیا و خاوەن كارانی بیانی. دەبوو حكومەت لە سەرەتادا چاوی لە قازانج و باج نەبێت و زۆرترین كارئاسانی پێشكەش بكات. لەو هاوكێشەیەدا ئێمە لە كۆمپانیاكان موحتاجتر بووین ئەگەرچی ئەوان قازانجیان دەكرد. رەوشی ئەوكاتی كوردستان ئەوەی دەخواست.
سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی بایەخێكی تایبەتییان بەم بوارە دەدا، دواجاریش بە پشت بەستن بەو سیاسەتە نەرمە لە هێنانی كۆمپانیا و سەرمایەگوزاراندا، سەركەوتنێكی كەم وێنەیان تۆمار كرد، تەنانەت ئەو كۆمپانیا زەبەلاح و كیشوەربڕانەش هاتن كە پێشبینیی هاتنیان بۆ هەرێمێكی بێ سەروەری و نادەوڵەت نەدەكرا. بوژانەوەی كوردستان دەستیپێكرد، خێرایی رەوتی تەنمییە بووە جێی سەرنجی جیهان و ئابوریناسان، كوردستان بووە سەرزەمینی هەل وقازانج و پرۆژە، هاوشانی ئەو پرۆسەیە، سەرمایەگوزاری نێوخۆییش پەرەیسەند و هەم قازانجی كرد و هەم ئەزمونی وەرگرت. دەیان هەزار هەلی كاری نێوخۆییش فەراهەم بوون بەڵام بێگومان كەمتر بوون لەوەی كێشەی بێكاری دەمامكدار چارەسەر بكەن.
سەرۆكی حكومەت ئەم هەنگاوە ستراتیژییەی هەم وەك ئامرازی ئاوەدانكردنەوە بەكارهێنا، هەم وەك چەكێكی سیاسی. چەكی سیاسیی بەو مانایەی ئەو دراوسێیانەی ساڵەهای ساڵ كوردستانیان بە سەرچاوەی هەرەشەی ئەمنی دەزانی، كوردستان بووە مایەی قازانج و دابین بوونی بەرژەوەندی ئابورییان و لەو پێناوەشدا چاویان بە سیاسەتی خۆیاندا گێڕایەوە و پرنسیپی بەرژەوەندی گۆرێنەوەیان خستە جێی هەڕەشە گۆڕینەوە. كۆمپانیا جیهانی و كیشوەربڕەكانیش بە هۆی ئەو بەرژەوەندییانەی لە كوردستان بۆیان دابین بوو، بونە خەمخۆری بەردەوامیی سەقامگیری و ئەمنیەت و دووركەوتنەوەی شەڕ و ئاشوب لەو ناوچەیەی سەرمایەكانیان تێدا خستبووەگەڕ.
خاڵی پڕشنگداری سەرمایەگوزاری و تەنمیەی كوردستان لەوەدا بوو كە حكومەتەكەی بێ ئەوەی سیادەی هەبێت و بتوانێ بچێتە ژێر باری ئیلتزاماتی نێودەوڵەتی، توانی وەك دەوڵەت پابەندی بنوێنێ و متمانەی دەوڵەت بە كۆمپانیاكان بدات. هەر بۆیەش زۆرێك لەو كۆمپانیایانە بە بێ گوێدانە تەنگپێهەڵچنین و هۆشدارییەكانی بەغدا، كاریان لەگەڵ كوردستان كرد.
ئەوانەی لە نێوخۆدا و بە ئیعلامێكی پۆپۆلیستی عەوام خەڵەتێن وویستیان پرۆسەی تەنمیەی كوردستان وەك پرۆسەیەكی بێ سوود بۆ هاوڵاتی كورد وێنا بكەن و دەیانگووت حكومەتی نێچیرڤان كوردستانی كردۆتە بازاڕی كاڵای دەرەكی، بایەخە ئایندەیی و ستراتیژییەكانی پرۆسەكەیان نادیدە دەگرت. لە ژێر تایتڵی پۆپۆلیزمییانەی گەندەڵیدا دەیانویست پرۆسەیەك بێ ئەرزش بكەن كە ئەگەر دەستپێنەكرایە ئێستاش كوردستان هەرێمە دواكەوتوو و وێران و سوتماكەكەی جاری جاران دەبوو. كۆی ئەو قەیرانانەی هاتنە پێش پرۆسەی تەنمیەی كوردستان، دەرهاویشتە و لێكەوتەی ئەو سیاسەتە دوژمنكارانەیە بوو كە لە بەغدا دژی هەرێم پەیڕەو كرا و مەبەستیش راگرتنی ئەو تەنمیە و پەرەسەندنە بوو كە بە بڕوای ئەوان دواجار كوردستانی لە بەغدا بێ منەت دەكرد.

© 2017 Hawler