تشرینی یەکەم 17, 2019

نرخی وشەیەک ١٥ هەزار دۆلارە. ئەی نرخی زمانێک؟

 

غازی حەسەن

 

چیرۆکی زمان، چیرۆک دەربارەی زمان و چیرۆک لەنێو زماندا زۆرە، هەموو نەتەوە و خاوەن زمانێک لەپێناو مانەوەی خۆیان بایەخ بەزمانەکەیان دەدەن، تەنیا هەیانە بایەخ و گرنگی و بەها و گەورەیی زمانەکەیان لە(شێواز و جۆری بەکارهێنانەکەی) دەبینین، هەشیانە لەناکۆکی و ململانێی ڕۆشنبیری و سیاسی نێوەخۆیی دەیبینن، هەشیانە وەکو هێزێکی یاسای و دەستووری و نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ زمانەکەی دەکات.
چیرۆک دەربارەی زمان زۆرن، نوێترین ڕووداو دەربارەی زمان چیرۆکەی خانەوادەیەکی کەندەییە، کە بە فەرەنسی دەئاخڤن. ئەم ژن و مێردە سکالایان دژی هێلی ئاسامانی "ئێر کەنەدا" تۆمار کردبوو، چونکە لەو زانیاریانەی لەنێو، یان ئەو لۆگۆ و هێمایانەی فڕۆکەکە بەکاری هێناون زمانی فەرەنسی لەگەڵ نەبووە، یان لەو شتی تێدابووە لەچاو ئینگیزییەکە کەمتر بایەخیان بە فەرەنسیەکە داوە. دادگای تایبەت بەوکێشەیە بەپێی یاسای تایبەت بەزمان لەکەندا بڕیاری لەقازانجی ئەم دوو کەسە داوە. بەپێی زانیاریەکانیش هێلی ئاسامانی "ئێر کەنەدا" بەدادگای ڕاگەیاندووە، کە دەستکاری ئەو شتانە دەکات، کە لەنێو فڕۆکەدا بەکاریان دەهێنێت.
کێشەکە لەبنەڕەتدا بەمجۆرە بووە (لەسەر قایشێک تەنیا وشەی بەرزکەوە بەئینگلزی نووسراوە، بێ ئەوەی فەرەنسییەکەی لەگەڵ بەکاربهێنن، هەروەها وشەوەرگێڕدراوە فرەنسییەکە بەپیتی بچووکتر لە ئینگلیزیەکە نووسراوە. ئەم دوو کەسە "میشیل ولیندا سیبودو" دوو سکالایان لەساڵی ٢٠١٦ لەداگا تۆمارکردووە. لەسکالاکەیان بینیوایانە وشەی "سەرکەوتن" بە ئینگلیزی لەگەشتی چوون بەرەو مونتریال زۆر دروستر لەفەرەنسییەکە نووسرابوو.، سکالای ئەم دووکەسە لەسەر ئەوبووە، کە کۆمپانیاکە بەشێوەیەکی بەرنامەدار مافی زمانەکانی فرانکوفونی پێشێل دەکات. دادگا گوتیەتی (کۆمپانیاکە کاری بەیاسای زمانەکان نەکردووە). بۆیە بڕیاری داوە ١٥ هەزار و ٧٠٠ دۆلاری ئەمەریکی سزای کۆمپانیاکە لەقازانجی ئەم خێزانە بدات. (https://aawsat.com/home/article/1880691).
ئەم چیرۆکە دەربارەی ماف و بەکارهێنانی زمانە لەلایەن کۆمپانیایەک فڕۆکەوانی، ئەمە ئەوە پیشان دەدات هاووڵاتیان ئەوانەی زمانەکەی خۆیان لای گرنگە و بایەخ و بەهای دەزانن، دەتوانن لەچوارچێوەی یاسادا داکۆکی لەیەکسانی یاسایی و پاراستنی زمانەکەیان بکەن. ئەم داکۆکییە یەکسانە بەپارێزگاری لەکەسایەتی ئەو کەس و گروپ و نەتەوانەی لەوڵاتێکی ئازادی وەکو کەنەدا مافی زمان و بەها و هێز و نێوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەکەیان پێشێل دەکرێت.
ئەم چیرۆکە زمانی کوردیمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە نەک هەر تەنیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا، و داگیرکەرانی کوردستان قەدەغە دەکرێت و پێشێل دەکرێت و ئەگەر بەکاریش بێت بەشێواوی و تێکشێنراوی دەردەکەوێت، بەلکو لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی لەهەرێم و لەنێو ڕیکلامی زۆربەی کۆمپانیاکان و فیلمە دۆبلاج و ژێرنووسەکانی سەرشاشە و ناونیشانی شوێنە گشتییەکان و شوێنە بازرگانییەکان و مانشێت و ناونیشانی ڕۆژنامەکان پێشێلکاری دژی زمانی فەرمی کوردی دەکرێت. دەپرسین ئەگەر نرخی چەند وشەیەک نزیکەی شانزدە هەزار دۆلاری ئەمریکی بێت و دادگا چەندین ساڵ کاری لەدۆسیەی بەکارهێنانی خراپی زمانێک لەنێو فڕۆکەیەک کردبێت، دەبێت نرخی پیشێلکردنی سەرجەم زمانێک چەند بێت؟ نرخی سزا و پێشێلکارییە بێ سنوورەکانی دژ بەزمانێک چەند بێت، ئەی ئەگەر خودی دادگا پێشێلی زمانەکە بکات بکات و دەزگا گشتییەکان سوکایەتی پێ بکەن و بیشێوێن و بەهاکەی بێخنە ژێر پرسیارەوە؟ بەڕاستی دەبێت نرخی ئەو هەموو پێشێلکاری و سوکایەتییەی بەزمانی کوردی دەکرێت چەند بێت؟ من نایڵێم تۆ بئاخڤە ئەی خوێنەری خوێندنەوەی خراپ بەکارهێنانی زمانی کوردی؟

 

 

© 2017 Hawler