تشرینی دووەم 15, 2019

ئەوەی كورد لەگەڵ عەبدولكەریم كردی نابێت لەگەڵ عادل دووبارەی بكاتەوە!

جەمال عەبدوڵا

 

• دەزانم ئەمڕۆ كە 11 ی ئەیلوولەو یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1961 دەكرێتەوە - ھەرچەندە لەڕاستیداو بە فیعلی ئەم شۆڕشە لە 9 ی ئەیلوول و بەڕزگاركردنی زاخۆ ھەڵگیرسا – بەگشتی، نووسین و لێدوان و وتارو درووشم و ڕێوڕەسمەكان، وەسف و پیاھەڵدانی ئەو شۆڕشەیەو زۆربەی ئەم وەسفانەش شاییستەی ئەو شۆڕشەیە، بەڵام یادكردنەوە ھەر بۆ وەسف و پیاھەڵدان نیە و دەشبێت ھەندیك ھەڵەو كەموكوڕیی كورد لەو ڕۆژانەدا باس بكرێن كە بۆ ئەمڕۆ بوون بەدەرس و عیبرەت ئەمە ئەگەر ئێمە دەرس و عیبرەت لەمێژوو وەربگرین !
• بۆ دەستنیشانكردنی ھەندێك لەو ھەڵەو كەموكوڕیانەی كورد لەو كاتانەدا واتە لەساڵی 1961، پشتم بەستووە بە پێشەكیی بەشی سێیەمی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی بەناوونیشانی ( بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی كورد ) بەڵام من چاپە عەرەبیەكەی ساڵی 2002 ی ئەو كتێبەم ھەیە . بە پشتبەستن بەو سەرچاوەیە كە سەرۆك بارزانیە، كورد لەسەردەمی عەبدولكەریم قاسمدا ئەم ھەڵانەی ھەبووە كە : - لە زۆربەی كاتەكاندا بە حیكمەت و دووربینیەوە مامەڵەی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم و ڕژێمەكەیدا نەكردووە، كورد لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم و ڕژێمەكەیدا پەلەپەلی كردووەو باش بیری نەكردۆتەوە، كورد ئەو مەترسیانەی نەبینیووە كە ھەڕەشەی لە حوكمی عەبدولكەریم قاسم و ڕژێمەكەی كردووە ئەمەش عەبدولكەریم قاسمی ترساندووە و ئەم جۆرە مامەڵەیەی كورد لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم و ڕژێمەكەی خۆی بۆ خۆی بۆتە بەڵگەیەك كە شۆڤێنیستەكانی دەوروبەری عەبدولكەریم قاسم بیقۆزنەوەو ھەر بەو بەڵگانەی كە كورد خۆی داونی بەدەستەوە ئەو شۆڤینیستانە ئەوەندەی تر عەبدولكەریم قاسمیان لە كورد ھانداوە بۆ ئەوەی پەلاماری كورد بدات و ئینجا كورد لە عەبدولكەریم قاسم داببڕن و بەمەش عەبدولكەریم قاسم بەتەنھا بمێنێتەوەو كە بەتەنھاش مایەوە ئیتر لەناوبردنی عەبدولكەریم قاسم و ڕژێمەكەی بۆ ئەو عەرەبە شۆڤێنیستانە زۆر ئاسان دەبێت، ئێ ھەرواش دەرچوو چونكە دووساڵ دوای شۆڕشی ئەیلوول و لەشوباتی 1963 دا یەكەم كودەتای بەعسیەكان بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا كراو ئینجا كورد لەجیاتی عەبدولكەریم قاسم تووشی بوو بەتووشی بەعسی و حەرەس قەومیەكانی بەعسەوە و ئیتر وەرە ھەتا دەگەیتە ئەنفالكردن و لێدان بەچەكی كیمیایی و تەختكردنی دێھاتەكان و ھێنانی خەڵكەكەی بۆ ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان، باش بوو كە شەڕی كوەیتی بەسەردا ھات ئەگینا ئەوەشی لە كورد مابوەوە بەدابەشكردنی بەسەر ھەندێك لە پارێزگاكانی باشوورو ڕۆژئاوای عێراق و ھەندێك لەوڵاتە عەرەبیەكان دەبوون بە ئاردی ناو دڕك !
• ئینجا دەرس و عیبرەتەكە ئەوەیە كە ئەوەتا شۆڤێنیست و مەزھەبیەكانی ئەمڕۆش بەھەمان شێوەی ئەو ڕۆژانەی ساڵی 1961 دەیانەوێت عادل عەبدولمەھدی بەڵام ئەمجارە بەناوی بودجەو نەوتەوە لە كورد داببڕن و بەتەنھا بیھێڵنەوە بۆ ئەوەی كودەتاكەیان بەسەر عادل عەبدولمەھدیدا ئاسانتر بێت بەڵام لەجیاتی ئەوەی وەك ساڵی 1963 بە دەبابە و لە بارەگای فیرقەو لیواوە كودەتا بكەن ئەمڕۆ لەپەرلەمانەوەو بەدەستھەڵبڕین و بەدەنگی زۆرینە و بە دیموكراسی ! ئەو كودەتایە بكەن بۆیە زۆر پێویستە ئەمجارە كورد دەرس و پەند لە ھەڵەكانی خۆی لە ساڵی 1961 وەربگرێت و ئەو پەلەپەل و نادووربینی و ھەڵەشەیی و بێ حیكمەتیەی كەساڵی 1961 لە مامەڵەكردنی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم ھەیبوو ئێستا بەرامبەر بە عادل عەبدولمەھدی دووبارەی نەكاتەوە ! بەڵام ھەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەی كە عەبدولكەریم قاسمیش بەرامبەر بە كورد ھەڵەو كەموكوڕیی نەبووە بۆیە ئەوەش پێویستە كە عادل عەبدولمەھدییش ھەمان ئەو ھەڵانە دووبارە نەكاتەوە كە عەبدولكەریم قاسم لەساڵی 1961 بەرامبەر كورد كردنی.

© 2017 Hawler