تشرینی دووەم 15, 2019

فارس نەوڕۆڵی

 

ئەم ناونیشانەی سەرەوە ناوەڕۆکەکەی وەک ئەوە نییە کە دەڵێن چۆن لە 24 کاتژمێردا دەبیت بەملیۆنەر، بەڵکو لە ئەنجامی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە واقع نوسیومە، چونکە بابەتێکە ژیانی کۆمەڵگەی پێوە بەستراوەو ئایندەی نەتەوەیەکە، هەمیشەش لەبیرکردنەوەی کوردپەروەرانی ڕاستەقینەدا دەژی، بۆیە لێرەدا دەمەوێ ئەو ڕێگایانەی ئێمە دەگەیەنێتە دەوڵەت بەتێگەیشتنی خۆم بخەمە ڕوو، پێش هەمووشتێ دەبێ پرسیار بکەین ئەو ڕێگایانەی دەمانگەیەنێتە دەوڵەت کامانەن؟ بۆ تائێستا نەبوینەتە دەوڵەت؟ خەتای کورد خۆیەتی یان ئەوانەی دیکە؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکە لەم بارەیەوە دەکرێ لە خۆمانی بکەین و بگەین بەوەڵامەکانی، لێرەشدا بۆئەوەی بتوانین وەڵامی دروستمان دەستکەوێت لەسەر هەرکێشەیەک دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژووەکەی، لەم بارەیەوە ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین قۆناغەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەسروشتی نەبڕیوە، هەمیشە چەوساوەو داگیرکراو بووە، خراپترین و ترسناکترین جۆری داگیرکاری، داگیرکاری کەلتورو پەروەردەو بیرکردنەوەیە، کە دوژمنانی کورد بە بەرنامە کاریان لەسەرکردووە، هەرچەندە کورد هەمیشە لەبەرگریدا بووەو شەڕی مانەوەی کردووە، بەڵام دوای ئەو هەموو قوربانیە، نەیتوانیوە بگاتە کامڵ بونی (واتە دەوڵەت) چونکە هەرنەتەوەیەک دەوڵەتی نەبوو نەتەوەیەکی ناکامڵە، بۆئەوەی بگەینە کامڵبوون، کورد لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بەجیهانی وت: "ئێمەش دەمانەوێ سەربەخۆ بین" هەرچەندە ئەو ڕاپرسییە لەم قۆناغەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لەلایەکەوە بوو بە وێستگەیەکی مێژووی ئاسایشی نەتەوەی کورد، لەلایەکی دیکەوە بۆ نەوەکانی ئێستا و ئایندە بوو بە بنەما، کە بۆ پرسی سەربەخۆیی بگەڕێنەوە بۆی، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە لەم قۆناغەدا کامانەن ئەو ڕێگایانە دەمانگەیەنێتە دەوڵەت دەست نیشانی بکەین، ئیتر ڕێگاکان دوورمەودا یان نزیک مەودابن، بەڵام کاری یەکەمی ئەم قۆناغە ئەوەیە، کە بە خوێندنەوەیەکی نوێ ئەو ڕێگایانە بگرینەبەر وەک پڕۆسە نەک وەک پڕۆژە، دەکرێ ئەم ڕێگایانە ڕێگای جەوهەری بن کە بریتین لە :-
1. پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی:
کەئەمە دەکرێ ڕێگای یەکەم بێت، چونکە لێرەوە دەتوانین بە ڕێگاکانی دیکە بگەین.
2. شەڕی ددان پێدانان (ئیعتراف):
لە ڕاستیدا هەرچەندە خەبات و شۆڕش و قوربانی بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نیشتیمانی بەردەوام بێت، ئەگەر ئیعترافت پێ نەکرێ ناگەینە ئەنجام، چونکە ئەگەر بە قوربانیدان و شۆڕش بوایە کورد بەشی دروستکردنی چەندان دەوڵەت قوربانیداوە،بەڵام مادام ئیعترافی نییە ئەنجامی نییە، خۆ ئەگەر سەیری زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بکەین بەبەراورد لەگەڵ کورد قوربانییان ئەوەندە نەداوە، کەچی بوونەتە دەوڵەت بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئیعترافیان وەرگرتووە یان پێکراوە، بۆیە دەبێ ئێمە ئەو ئیعترافە بکەین کە ئێمە نابینرێین، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکی کوێرداین نەچاوی سیاسەت، نەچاوی زانست نەچاوی بەرژەوەندی باڵای دەوڵەتە گەورەکان نامانبینێت، ڕێگری ئەم بینینە بەرژەوەندی هێزەکانە، بۆیە دەبێ ئیتر ئێمە لەوە بگەین کەسیاسەت نابێ لەیەک گۆشەنیگاوە لێی بڕوانین، چونکە (هەر کۆمەڵگەیەک نەیتوانی لەچەند گۆشەیەکەوە لەسیاسەت بڕوانێت، ئەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست نییە) کەواتە، دەبێت لەم بارەیەوە کورد جیاواز لە جاران سیاسەت بکات.
3. لۆبی:
هێزێکی کاریگەر کە بتوانێ هێز بەکورد بدات لۆبی کردنە لە دەرەوەی، ئەگەر واقعی سەیر کەین کورد لەم لایەنەوە کڵۆڵە، نەیتوانیوە لۆبی بۆ فشاری سیاسی دروست بکات، چون لۆبی کردن ئەگەر دروست ئیدارەی بدرێت زۆر ڕێگای بۆ کورت دەکاتەوە، هەر ئەم لۆبی کردنە بو کە جولەکە توانی خۆیانی پێ دروست کەن و لەپەرتەوازەیی دەربازبن، بۆیە ئەرکی سەرکردایەتی کوردستانە بیر لەم مەسەلەیە بکاتەوە بەتایبەتی سەرۆکی هەرێم دەکرێ شارەزایانی ئەم بوارە لەدەوری خۆی کۆبکاتەوەبۆ دروستکردنی لۆبیایەکی بەهێز لەدەرەوە.
4. یەک گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانی:
ئەگەر ورد قۆناغەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد بخوێنینەوە، خاڵی هەرە لاوازی کورد قبوڵ نەکردنی یەکترییە زۆر کەم لە مێژوودا دەبینرێ ماڵی کورد ماڵێکی یەکگرتوو بێت بەڵکو هەمیشە پەرتەوازە و بیمارو ناهاوسەنگ لە گوتاردا بوەتە مۆرکی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد، تاچارەسەری ئەم مەسەلەیەش نەکەین زەحمەت دەبێ لە هیچ ڕێگایەکی ترەوە بگەینە ئامانج، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ لەبیرکردنەوە دزێوەکان خۆمان داماڵین و کێشەکانی ناوخۆو جیاوازییەکانی بەڕێگایەکی دروست ئیدارە بدەین، ئەویش لە ڕێگای گفتوگۆیەکی ئەخلاقی یەوە بەشێوازێکی (جۆری) گفتوگۆ بکەین لەسەر بنەمای کەلتوری چینی، لە ڕێکەوتنی چینی دا هەردولایان چەندلایەنێ ڕازی دەبن لەسەر مەرج و خاڵە بنچینەییەکانی ئەو ڕێکەوتنەی کە پێکەوە ئەنجامی دەدەن،کەهەموولایەک بە ڕێکەوتنەکەدڵخۆش بن، ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناودەبرێ بە گفتوگۆی بردنەوەی هەمووان،کە بۆ ئەم قۆناغە گەلی کورد باشترین شێوازی گفتوگۆیەو لە فەزای مەجازی دەربازمان دەکات.
5. گفتوگۆی کورد وئەوانی تر:
پێویستە لە ئاستی ڕۆشنبیری و فیکریدا گفتوگۆیەکی قوڵ و کراوە لەگەڵ میللەتانی ناوچەکەو ڕۆشنبیرانیدا بخەینە سەرڕێ، ئەمەش دەکرێ ئەو ڕۆشنبیرانە دەستنیشان بکەین کەئاستێکی بەرزی فکرییان هەبێت تەنها بۆ بەرژەوەندی کورد بوون کاربکەن بێ ئەوەی بکەونە ژێر کاریگەری هیچ ئایدیایەکی دیکەوە، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە بگرنەبەر لەگەڵ ڕۆشنبیرانی عەرەب و تورک و فارس بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی ئەو جۆرە ئەقلیەتە بکەن کە نەفی کورد دەکات، ئەویش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەبزانین سیاسەت دیالۆگی ڕۆژانەیەو بەردەوامە لەسەر تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی وسیاسی، بۆیە نابێ هەموو بابەتەکان لە شەڕی کورسی و دەسەڵاتدا کورت کەینەوە، گفتوگۆیەک بکەین هەمووان تێیدا براوە بین.
6. ئابوری (پارە):
هەموو ئەو ڕێگایانە پێویستیان بە ئابورییەکی بەهێز هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی دروست.بۆیە دەبێ هەموو ئەوڕێگایانە بەقەد دوری ڕێگاکە ئامادەیی و پشتگیری دارایی بکرێت، چونکە دواجار سیاسەت تەنها زمانی سیاسەت نیە بەڵکو هەڵگەرانەوەی جیناتی ئابورییە بۆیە دەبێ ئەقڵێکی ئابوری دروست لە پشتی ئەم پڕۆسەیەوە بێت بۆ بڕینی ڕێگاکانی، بڕینی ئەو ڕێگایانەش پێویستی بە (دڵسۆزی و باوەڕ و بیرکردنەوە و ئەقڵ و پارە هەیە).

© 2017 Hawler