تشرینی دووەم 15, 2019

 

د.سالار عوسمان

ڕێگەچارەکان چیین ؟

کە دەڵێین جەھل و برسیەتی دوو گرفتی گەورەی نێو ژیانی کوردەواریین، ھەرگیز گرفتەکانیتر نادیدە ناگرین، یەکێک لە کۆمێنتێکا نووسیبووی: خیانەتیش گرفتێکی گەورەیە، یەکێکیتریش لە نامەیەکا پێیوابوو، کە: حەسادەت و ... ئیتر دەکرێ گرفتیتریشی بۆ زیاد بکەین، لێ دیسان دەیڵێمەوە: سەرچاوەی ھەموو گرفتەکانیتریش ھەر جەھل و برسیەتییە، ئەگەر مرۆڤ، خانەوادە و جڤاک بە زانینەوە، زانینیش دەگەڵ خۆیدا بەرھەمھێنی ئەو ھۆشیارییە ئینسانییە بێت، کە مرۆڤ سەنتەرە و دەبێت، ھەمووان وەکیەک لە سایەی یاسادا سەروەر بن، ئیتر ئەو زانین و وەکیەکییە، دەگەڵیشیدا پەروەردەیەکی پتەو، وا دەکات ژیان بە ڕاستەڕێی خۆیدا بڕوات و ھەرگیز مرۆڤەکان بیر لە خراپە نەکەنەوە. دیسان پێموایە، ئەوە جەھلە چاوەکانی مرۆڤ تاریک دەکات و حەسادەت بە ڕوناکی دەبات، ئەوە برسیەتییە مرۆڤ لە کائینێکی ئینسانییەوە دەکات بە گەندەڵێکی دڕەندە و پێیوایە حەرام و حەڵال ھەر ھی ئەوە، بۆیە دەبێ سەرچاوەی گرفتەکان بکوژین، کە جەھل و دواتر برسیەتییە !.. بەر لەوەی بێمە سەر ڕێگاچارەکان، پێویستە وەڵامی ئەوە بدەینەوە، کە لە فیترەتدا ھەندێ کەس، بۆ نموونە حەسوودە، یان ڕەزیلە، یانژی خیانەتکارە، ژینگە و پەروەردە و سیستەم لەوپەڕیی باشیش دابێت، ژیان سەراپا زانین و تێریی و یەکسانیش بێت، ئەو جۆرە خەڵکانە ھەر ئاوان و بە کورتی، گەر گرفتەکە لە فیترەتەوە بێت جیاوازە و دەبێ جۆری گفتوگۆ و چارەسەرەسەرییەکەیش بگۆڕین، لێ ئەوەی ئێمە باسی دەکەین، گرفتەکانی دەرەوەی فیترەتی ئینسانە. خوێندن و دادپەروەریی ، دوو ڕێگا چارەی بنەڕەتی بۆ ئەم دوو گرفتە سەرەکییە (جەھل و برسیەتی)، ھەمدیس بۆ ھەموو گرفتەکانیتریش، پێویستمان بە چارەسەری بنەڕەتی ھەیە، کە یەکەمیان خوێندنە، خوێندنی باش، نەک ئەو خوێندنەی، بە داخەوە لە وڵاتی ئێمەدا ھەیە، خوێندنێک کەسایەتییت بۆ دروست بکات و دەستت بگرێت بۆ وەڵامی ھەموو پرسیارەکان، خوێندنێک ھێزی بیرکردنەوە و گفتوگۆت پێ ببەخشێت!.. ئەم خوێندنە مرۆڤ بە ھێز دەکات، دەیپەڕێنێتەوە بۆ ڕۆشنبیری، ئاخر جیاوازی لە نێوان خوێندنێ ئێمە و ئەوروپییەکان ئەوەیە، کە ئەوان لە ڕێی خوێندنەوە دەپەڕنەوە بۆ ڕۆشنبیری و ئێمەیش ئەوە حاڵی زانکۆکانمان و ئەوەیش حاڵی زانا بڕوادارەکانمان، کە بەشێکی زۆریان ناتوانن، تەنانەت ھەڵگری پرسیاری قووڵ بن، نەک ڕوڵ ببینن لە دۆزینەوەی وەڵامدا، ئەمە جگە لەوەی کە ھێزی بیرکردنەوە و گفتوگۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر خراپە !... دادپەروەریی چارەسەریی دووەمە، دەبێ ھەر حکومەت نا، ھەمووان پێکەوە دادپەروەر بن، ئەم تێگەیشتنەی پێیوایە ، کە ھەر حکومەت بەرپرسە لە دادپەروەرییدا، تێگەیشتنێکی سیاسییە نەک زانستی، بە کورتی: دادپەروەریی کاری ھەمووانە، دەستپێک خانەوادەکان، ئینجا قوتابخانەکان و پاشان یاسا و دواتر حکومەت، گەر دادپەروەریی وەک کلتوور، وەک بنەمای یاسایی و دواتریش وەک ھێزی جێبەجێکردن ھەبێت، بە دڵنیاییەوە زۆر لە گرفتەکانمان چارەسەر دەبێت، چونکە، ئەوکات ھاوڵاتی ھەست بە ستەم و نایەکسانی ناکات و ڕێک وەک بەشدارێک بەرپرسییەتی وەئەستۆ دەگرێت و وڵات و بەھاکان، بەرپرسیەتی و ئەرکەکانیش بە ھی خۆی دەزانێت!.. دوماھی دەمەوێت بڵێم: جەھل دەردە گەورەکەیە و بە خوێندن و ڕۆشنبیری چارەسەر دەکرێت و برسیەتییش پڕە لە ھاواری تێکدەرانە، دادپەروەریی، ھێمن و ئارام ڕێکیدەخات !.. وڵات، ژیان، لە سەرووی ھەموویشیانەوە مرۆڤ، پێویستی بە ژیانێکی ڕووناک ھەیە و لە نێو ئەو ژیانەشدا پێویستە ئارام و یەکسان بژی، کەواتە لە پێناو ژیاندا، با جەھل و برسیەتی بکوژین !!..

© 2017 Hawler