تشرینی یەکەم 17, 2019

تەنها بۆ ئەوەی لێتان دانەبڕێم و بەس

عومەر چنگیانی

 

گەرچی ستوونەكانی چەند هەفتەی ڕابردووم لە ستوونەوە بوو بوون بە لاپەڕە و جارێكیشیان دوو لاپەڕەی پێویست بوو! وا ئەمڕۆ كە 10 ی ئەیلولی 2019یە و بەرانبەرە بە 11ی محەڕەمی 1441 توانای ئەوەم نییە نە زۆرتان بۆ بنووسم و نە كاتیشتان زۆر بگرم، بە سەدان نا، بگرە لەبەر وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی لە دەرەوەی كوردستانم و بە هەزاران كیلۆمەتر بە لاشە لێتانەوە دوورم. هیوادارم بتوانم لە ئان و ساتێكی تردا بە وزە و توانا و گوڕوتێنێكی ترەوە لە خزمەتتاندا بم؛ وەلێ پێم باشە ئەمڕۆ، كە دوێنێی – دەمینە؛ عاشورا - لە جیهانی بە ناو ئیسلامی و لەسەر ئیسلام حسێبكراو، ڕۆژێكی بایەخ پێدراو بوو كە خۆی لە ڕاستییەكی ئایینی و دنیایەك خورافاتدا دەبینییەوە!
دوێنێ یادی دەمینە یاخود "عاشورا"بوو كە هیچ ڕاستییەك بۆ ئەو هەموو پێش وەختە بوونە نییە كە ئیسلام باس لە گرنگی ڕوداوێك بكا، كە نەهاتووە و یادی كۆكوژکرانی هەندێك لە خانەوادە و نەوەكانی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت – بە پیرۆز دابنێ و، خۆ گریاندن و لە خۆ دان و هەریسە بۆ گێڕان، مایەی وەدەستهێنانی لێخۆشبوونی خوا و دەستەبەربەربوونی فیردەوەس و حۆریی چاوگەش و نەرم و تەنك و ناسك بێت! ناكرێ پێش بوونی ئەو ڕەشەكوژییە، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - هەم زانیبێتی و هەمیش یادكردنەكەی وا بە خێر دانابێت! زۆرجار لەم بۆنەی دەیەم ڕۆژی مانگی محەرەمدا ئەوەم ڕوونكردۆتەوە كە گەوج بوون ئەگەر هەڵە بێ و دەبێ مرۆڤ خۆیی لێ دەرباز بكات، گەوجاندن تاوانە و بە دووری نازانم لە هەرە تاوانە گەورەكان بێت، نەخاسمە كە زانیمان پەیامی خوا بۆ مرۆڤ لە ڕێگای پێغەمبەرانەوە – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت - ڕێنمایی بووە و بۆ بە گەڕخستنی عەقڵ و بیركردنەوە بووە، نەوەك خۆخاپاندن و دۆشدامان بە دیار گۆڕ و نەزرگا و ئاوی نوشتە خواردنەوە! ئاخر ئەوە قورئانە كە زۆر بە ڕوونی ڕووی گوتاری دەكاتە خودی محەممەد – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - و لە دوو سەد و پێنج هەمین ئایەتی سورەتی"ئەعراف"دا پێی دەفەرمێت: "لە نێو ناخ و لەبەر خۆتەوە و بە بێ دەنگی و كەس پێت نەزانییەوە و بەدەم خۆ بەكەمزانین و لاڵاندنەوەوە، یادی پەروەرێنی خۆت بكە و دەنگ بڵند مەكەرەوە و مەیكە بە هاوار و هەڵا، لە بەرەبەیان و ئێواراندا وا بكە و نەكەی ببیتە بێئاگا و دڵمردوویەک!"

بەهیوای دیدار و چاوەڕەێی دۆعای خێرتانم!

© 2017 Hawler