تشرینی دووەم 15, 2019

كێشەكە لە هه‌ولێر نیە، لە سلێمانیە و لەناو خۆتانە

جەمال عەبدوڵا

 

• ھەركاتێك ھەر كێشەیەكی خەڵك لەسلێمانی زەق و گەورە دەبێتەوە خێرا ھەندێك بەرپرسی حزبی یان ھەندێك لە قەڵەمی میرزاكانی ئەو بەرپرسانە ! ھەولێر تۆمەتبار دەكەن و دەڵێن ئەوە خەتای ھەولێرە . تۆ سەیركە، لەپڕ لایەكی سلێمانی سێ چوار ڕۆژ ئاویان نامێنێت ئەوە خەتای ھەولێرە چونكە قوفڵی ئاوی سلێمانی ئەوەتا لەناو ژووری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەھەولێر ! لەپڕ لایەكی سلێمانی كارەبای نامێنێت ئەوە خەتای ھەولێرە چونكە محەویلەی سەرەكیی كارەبای ھەموو سلێمانی ئەوەتا لە ژووری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەھەولێر ! لەسەتا 85 ی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی ھیوان لەسلێمانی خەڵكی سلێمانین و تێكڕا و ڕۆژانە 7 كەس لە خەڵكی سلێمانی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن ئەمەش ھەر خەتای ھەولێرە چونكە گازە ژەھراویەكان و خواردنە بەسەرچووەكان كە لە سلێمانین ھەرھەمووی لەھەولێرەوە دەگەیەنرێنە سلێمانی و ژوورێك لەناو ئەنجوومەنی وەزیران لەھەولێر ھەیە ئەو ژوورە ئیشی ئەوەیە ڕۆژانە بڕێك گازی ژەھراوی و لانی كەم 100 تۆن خواردنی بەسەرچوو بنێرێت بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی خەڵكی سلێمانی بیكڕن و بیخۆن و ئینجا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە ببن ! 30 ھەزار بیری ئاوی ناقانونی لەسلێمانی ھەن كەچی باخچەكانی شار گەرما سووتاندوونی بەڵام ئەمەش ھەر خەتای ھەولێرە چونكە ئەگەر شارەوانیی ھەولێر ڕۆژانە باخچەكانی سلێمانیی ئاو بدایە ئەو باخچانە وشك نەدەبوون، چونكە لەناو قانونی شارەوانیەكاندا ئەوە ھەیە كە دەبێت شارەوانیی ھەولێر باخچەكانی سلێمانییش ئاو بدات و شارەوانیی سلێمانییش باخچەكانی خەلیفان ! پاسێكی گەشتیاران لەشاخی دەربەندیخانەوە گلۆردەبێتەوە ئەمەش خەتای ھەولێرە چونكە بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر كۆنترۆڵێكی پێیە و ھەر كاتێك ویستی یان بیەوێت لەھەر شوێنێكی سلێمانی یان گەرمیان ھەر جۆری ئۆتۆمۆبێلێك وەربگێڕێت و گلۆر بكاتەوە بەھۆی ئەو كۆنترۆڵەوە وەریدەگێڕێت و گلۆری دەكاتەوە ! ئەھا ئیدارەی فاشیل چۆنە ؟ ئەھا ئیدارەی فاشیل كەخۆی لەناوخۆیدا كرمۆڵ و ڕزیو و داوەشاو بوو، لەجیاتی ئەوەی ئازایانەو ڕاستگۆیانە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت و سەیری ناو جەستەی خۆی بكات و بەشوێن چارەسەردا بگەڕێت، لەجیاتی ئەمە دێت و ھۆكاری كرمۆڵی و ڕزیوی و داوەشاویی خۆی دەسوێت بەسەر شانی ھەولێردا ؟ ئەوە بەمەرجێك لە ھەموو كابینە یەكگرتووەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا و بە ئێستاشەوە و بەردەوام یان سەرۆكی حكوومەت یان جێگرەكەی یەكێتی بوون و ئەمجارەش لەسەر خێر گۆڕانیش بەرەو سەرەوە ھاتووە ئیتر واز لەوە بھێنە كە پارێزگاری سلێمانییش بەردەوام سەر بە چ حزبێك بووەو ئێستاش كێیە ؟

© 2017 Hawler