ئەیلول 21, 2019

فاتیح ئیسماعیل ئەحمەد

 

شاری كەركوك، شارێكی عێراقیە بەناسنامەی كوردستانی و لە چەندین نەتەوە و ئاینی جیاواز پێك هاتووە و زۆرینەشی بە گوێرەی دیكۆمینتە مێژوویەكان كوردە و كەچی هەتا ئێستاش كورد لەو شارە دەردەكرێت و دەچەوسێنرێتەوە و بێ مافی دەرحەق دەكرێت و شارەكەش هەر بەداگیركراوی ماوەتەوە لەلایەن نەتەوەی كەمینەی شار (عەرەب)كە پێشینەیەكی زۆری هەیە وبەڵكو زۆرترین پڕۆسەی راگواستن و تەعریب بەرانبەری دەكراوە و دەكرێت.
لەتەك ئەوەشدا دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی بە تایبەتی نەوت كەبە یەكێك لە باشترین كێڵگە نەوتیەكانی عێراق و كوردستان دادەنرێت، بۆیە هەمیشە خاڵی ناكۆك بوو لە نێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و جوڵانەوەی گەلی كو ردستان، بەڵكو خاڵی بە بنبەست گەیشتنی هەموو گفتوگۆ و دانووستانەكان بووە، بە ماددەی (140)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشەوە، كە یەكێك لە ئەندامە عەرەبەكانی پەڕلەمانەكانی عێراق نوێ (حەنان فەتلاوی) زۆر بە شانازییەوە باسی لەوە دەكرد كە رێگری كردووە لە جێ بەجێكردنی ماددەیەكی دەستووری عێراقی نوێ (ماددەی 140). ئەو لایەك و لایەكی دیكەش هەمیشە شاری كەركوك جێگای چاوی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵتی بوون و زۆرترین پڕۆسەی تەعریب و راگواستنی هاووڵاتیانی كوردی ئەو شارەی لێ ئەنجامدراوە و بەهەموو پێوەرێكی یاساكانی مرۆڤایەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤی لێكراوە و زۆرترین ناكۆكی و زوڵم و ستەمی مرۆڤیەتی لێكراوە، بەڵام هەر بێ دەنگی لێكراوە و چونكە دایگیركراوە و نەتەوە رەسەنەكەی بێ بەشكراوە لێی كە كوردە، هەر بۆ راستی و دروستی ئەم قسانەم چەند نموونەیەكی نوێ دەهێنمەوە، چونكە شتی مێژووی گەلێك زۆر هەیە و باشكراوە:-
1. لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (1991) شاری كەركوك ئازادكرا لەلایەن پێشمەرگەی كوردستانەوە (20/3/1991)، بەڵام دوای كەمتر لە هەفتەیەك گڵۆپی سەوز بۆ سوپای عێراق هەڵكرایەوە بە هاوبەشی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی (مجاهدین خەلق) و بە گەورەترین چەكی سەربازی هێرش كرایەوە سەر كەركوك و داگیركرایەوە بە كوردستانیشەوە. بەڵام دوای ئەوەی دڵنیابوون لە دووری هێزە كوردییەكان لە كەركوك، هاوپەیمانان بڕیاری ناوچەی ئارام كە خۆی دەبینیەوە لە هێڵی (36)، كە تاوەكو نزیك قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر و بانی مقان لە سلێمانیوفایدە لە دهۆكیلەخۆگرت. بڕیاری نێودەوڵەتی بە تایبەتی ووڵاتانی زلهێزی (ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا) و بە رەزاەندی توركیا كە بارەگای ئەو هێزەی بۆ پاراستنی ناوچەی ئارام دانرابوو لە (سلۆپی) سنووری بوو.
لەتەك ئەمەشدا هەركاتێك جوڵەیەكی هێزە كوردییەكان بوبێت بەئاڕاستەی كەركوك سێ ووڵاتانی(توركیا – ئێران- سوریا)ناوچەكە (كە ئەوكات عێراق لە دۆخی گۆشەپێ كرابوو) كۆدەبنەوە لە یەكێك لە ووڵاتەكان (توركیا، ئیران، سوریا) كە لەسەر ئەوەی رێگری لەبەرفراوانبوونی دەستەڵاتی هەرێمی كوردستان بگرن یاخود بە جۆرێك لە جۆرەكان تا هێزەكانی كوردستان جوڵەیانپێ نەكرێ كۆدەبوونەوە و بڕیاریان دەدا دژ بە هەرێمی كوردستان كە خۆشیان لەنێوان خۆیان ناكۆك بوون، بەڵام لەسەر كەركوك و كورد كۆك بوون؟؟!!.
2. كاتی پڕۆسەی ئازادی عێراق، هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، خاڵێكی دەستپێكردنی پڕۆسەی ئازادی عێراقی، كە بڕیار بوو لە هەرێمی كوردستانەوە بێ و هاتنە ناوەوەی هاوپەیمانان لە سنووری توركیاوە بێ، بەڵام حكوومەت و پەڕلەمانی توركیا رەزامەند نەبوون تا هێزی هاوپەیمانان بیتە ناو هەرێمی كوردستانەوە و بەشداری بكات لە پڕۆسەی ئازادی عێراق2003، ئەوە بوو هێز و چەك و پاڵپشتی هاوپەیمان بەڕێگای ئاسمانی هێنرایە هەرێمی كوردستان و لە كوردستانیش هێزی پێشمەرگە لە توانایەكی باشدابوو، بۆیە توانرا رژێمی عێراقی ئەكات بڕۆخێت و پێشمەرگە تاكو ناو شاری (موسڵ)یش رۆیشت و تەواوی سنووری كوردستان (كە بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەكان كوردستان بوو) كۆنتڕۆڵی كرد بەشاری كەركویشەوە. بەڵام هێندەی نەبرد، هێزی هاوپەیمانان یەكە و راست داخڵ بوون، سنووری بۆ دەستەڵاتی پێشمەرگە دیاری كرد و هەوڵیدا سوپای عێراق بۆ هاوبەشی لەگەڵ پێشمە رگە پێكبهێنیت بەپەلە بە تایبەتی بۆ شاری كەركوك؟؟!!، بەڵكو ئەو عەرەبە هاوردانەی كاتی خۆی لە چوارچێوەی پڕۆسەی بە عەرەب كردن هێنرابوونە كەركوك، كەركوكیان جێهێشت، بەڵام بە پشتیوانی و هێزی هاوپەیمانان هێنرانەوە كەركوك بەتایبەتی؟؟!!. قسەیەك كە زۆر فەرمی نییە، ئەمریكیەكان بە سەركردایەتی كوردستانیان گوتووە (ئەگەر دەتانەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت هەقتانە تاجێگایەی پێش پڕۆسەی ئازادی عێراق، هەموو پاڵپشتیەكتان دەكەین، بەڵام بەمەرجێك بە هیچ جۆرێك باسی كەركوك نەكرێت لە ئایندەشدا، خۆ ئەگەر كەركوكتان دەوێت دەبێت بەشێوەی راپرسی و یاسابێت؟؟!!).جا بۆیە سەركردایەتی سیاسی كوردستان نەچوونە ژێر ئەو بارەوە. واتا لە پڕۆسەی ئازادی عێراقیش بە بەشداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رێگاگیری بوون لە گەڕانەوەی كەركوك یاخود كورد بەرپرس بێت لەو شارە؟!.
3. لەدوای شەڕی (داعش) و بەتایبەت لە (16/ئۆكتۆبەر/2017) تەواوی پیلانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دوژمنانەوە و بە بەشداری هەندێ كورد لە شاری كەركوك یەكیان گرتووە و بۆجارێكی دیكە و بەجیاواز لە جاران كەركوك داگیركرایەوە و تەواوی بوون و رەمز و سیمای كوردبوونیان سڕیەوە؟؟!!، بەشێوەی كودەتایەك شارەكە بەسەربازگیراو هەموو هەوڵەكانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەو پێشێلكاریانە بێ دەنگیان نواند و بە پارەو هەڕەشەش چەند كەسێكی لایەنێكی بەرپرسی گەورەی كوردی كەركوكیان تێوەگلاند وبە بەڵێنی گەورەتر لەوەی كە هەمووشاریان بەدەستەوە بوو زیاتریان پێ دەدرێت كە واش نەبوو؟؟!!. ئەو هێز و نفوز و بەرپرسیایەتیان لێ داماڵین و بەجۆرێك شەرمەزاریان كردن كە بۆ هەتا هەتایە نەتوانن جێگای خۆیان بگرنەوە، بەوەی گەورەترین رەمزیان كە سەرۆكیان بوو و لەتەك ئەوەشدا رەمزی كەسایەتی عێراقیش بوو نەیان هێشت تەنانەت وێنەیەكەشیلەسەر قەڵای كەركوك دابنێن؟؟!!.جا ئەوەش بوەستێ هێزی داگیركەری عێراقی هەموو ئەوەی كورد بونیادی نابوو لە شاری كەركوك رایانماڵی و لەجێگای رەمزەكان جارێكی دیكە بەبەرچاوی هەموو دونیایەوە بە عەرەب بوون و بە توركمان بوون و بەڵكو بە شیعە بوونیشی هاتەسەر و دەستی پێكردەوە و هیچ بەهایەكیان بۆ ئەو هەموو خوێن و قوربانیانەی پێشمەرگە لە شەڕی بەرگری لەكەركوك لەشەڕی داعش دانەنا و لەبەرچاویان نەگرت؟؟!!.تەنانەت زۆرینەی نەتەوەی كوردشیان بەهەند وەرنەگرتووە، بۆ نموونە چەورەیەكی وەك (حەسەن پلایس) كە تەواو ساقت، سوكایەتی بە دەستەڵات و هێزی كوردی كرد لە یەكەم ساتی داخڵ بوون بە كەركوك (16ی ئۆكتۆبەری2017)، كەچۆن چووە جێگای پارێزگاری كەركوك و سوكایەتیان بە ئاڵای كورستان و هەموو شتێكی كورد كرد...؟!. بەڵكو لەدوای (16)ی ئۆكتۆبەرەوە ئەوەی پێی بووترێ پێكەوە ژیان نی یە لە كەركوك، بەڵكو هەموو شتێك بۆ دەستەڵاتی برای بەزۆر سەپێنراوی عەرەبی چاورەشە؟!. بینیمان كە چۆن پارێزگای كەركوكیان لابرد و لە لەجێگای ئەو پارێزگارێكی عەرەبیان دانا و هەتاوەكو ئێستاش ئەوەی بیەوێت دەیكات و هیچ كەس ولایەنێك و دامەزراوەیەكی سیاسی و یاسایی ناپرسێ بۆ...؟؟؟!!!. هەرئەو كاتەش گەورەترین هێرشیانهێنا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هەموولایەكی سیاسی و داموودەزگای یاسایی و تەشریعیو راپەڕاندن و دیپلۆماسیەتی ناوخۆش خرایەگەڕ دژ بە كوردستان، بەتایبەتی لەسەر ئەو هێزەی داخوازی سەربەخۆی كوردستانی دەكرد، كەپارتی دیموكراتی كوردستانە. باشترین نموونە رووبەرووبوونەوەی هێزەكان لە پردێ و دوایش لە مەخمور پاشان بە رەو مەحمودیە و سحێلە.......هتد، كە هەرچی چەكی رێگەپێنەدراوی نێودەوڵەتیە كە نابێت لە ململانێی ناوخۆدا بەكاربێت، بەكارهێندرا و هیچیشیان پێ نەوتن و بە خودی ئەمریكاشەوە كە تانكی ئەمبرازمی دابوو بە سوپای عێراق. بەڵام یەكەم شت ئەو چەكە لای هێزی میلیشای بوو؟؟!! بەكاریشی هێنا و هیچیان پێ نەوتن؟؟؟!!، دووەم لە دژی پێشمەرگە بەكارهێنرا كە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بە گوێرەی پیشەسازی تەكنەلۆژیای سەربازی نابێت لە ململایە ناوخۆیەكان بەكاربهێندرێت و لەتەك ئەوەشدا بەگوێرەی دەستووری عێراق پێشمەرگە هێزێكی رەسمی دەستووریە عێراقیە. كەچی كەس هەرباسیشیان نەكرد....؟!!.چونكە مەبەست ئەوە بوو داگیركاری كەركوك تەواو دۆخی خۆی وەبگرێت؟!.
بۆ ئەوەی ماوە بوترێت ئەوەیە كە كەركوك بە هەموو پێوەرێك لەلایەن هێزێكی گەورەی سەربازی پاڵپشت بە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و تەنانەت بەشێكی بەرچاویش لە هێزی كوردستان داگیركراوە و پاڵپشتی ئەو داگیركاریە دەكرێت، لە زۆرینەی كاتدا تەنیا هێزی پارتی و هەندێ لایەنی سیاسی و كەسایەتی كوردستان هاوڕای ئەوەن كە بەڵێ كەركوك داگیر كراوە و ناكرێت بە دۆخێكی داگیراوی سەربازی بمێنێتەوە. كە ئەوە بۆ دوو ساڵە ئامادەنین ئاسایی بكەنەوە، كەچی هەردەڵێن عێراقی نوێ و شاری كەركوك شارێكی پێكەوە ژیانە، دووروو نزیك پێكەوە ژیانی پێووە نابینین و هێزی باڵادەستی پێشووی كوردی كەركوك لە خشتەبراوە و كەچی هێشتا دان بەوەدا نانێن كە كەركوك دایگیركراوە و هەمان ئاوازی داگیركەران دەڵێنەوە و دەڵێن با پارێزگارێكی كوردی كەركوكی لەخۆیان دابنرێت بەوەی كە زۆرینەی كەركوكیەكان سەر بە ئەوانن، كە پێشتر هەر لەخۆیان بوو بەڵام .......؟؟؟!!.
بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ دۆخی سروشتی مێژووی خۆی تەنیاو تەنیا ئەوەیە كە كورد یەك گووتاربێت و بەهەموو شێوەیەك ئەو داگیركاریە رەت بكانەوە و سزای ئەوانەش بدا كە كەركوكیان لە (16) ئۆكتۆبەر دایەدەستەوەو كەوتنە دوای بەڵێنی بێ بناغەی داگیركەران. وەك رای كەسی خۆم عێراق بەشداربێت یان هاوبەش بێت بۆ كورد هەرداگیركەرە و نەتەوەی عەرەبیش خۆی بە گەورەو سەروەرمان دەزانێت و گەلی كوردیش بە بەردەستو خزمەتكار دەزانێت؟! كە ئەوەش هەرگیز لەگەڵ ئەو هەموو قوربانی و هاوكاری و بەهێزیەی كورد لە مێژوو و ئێستادا ناگونجێت و هەرگیزا و هەرگیز قبوڵكراویش نییە و ئەوە بەسەر چوو كە هەوڵی سڕینەوەی بوون و ناسنامەی نەتەوەی كورد درا و ئەمڕۆ بێت یا سبەی دەبێت كوردستان ببیێتە دەوڵەت و كەركوكیش لە داگیركراوی رزگاری بێت و ناوچەكەش ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

© 2017 Hawler