تشرینی دووەم 20, 2019

نێچیرڤان بارزانی چیرۆكی خەونێكی پڕئاستەنگ

گۆنا هەورامی

ساڵانی شەڕی نێوخۆ و دوو ئیدارەیی، نەك هەر حوكمڕانی و كایەی سیاسیی كوردستانی دوو كەرت كرد، بەڵكو هێندەی نەمابوو، نەسیجی كۆمەڵایەتی وتەنانەت پەیوەندییەكانی خزمایەتی و هاوخوێنی و هاوزمانی و هاووڵاتییش بە یەكجاری كاڵ بكاتەوە. مەترسیی گەورەی ئەم لێكدابڕانە لە خاڵێكی ترسناكدا خۆی دەنواند كە ئەگەر لەگەڵ خۆمان راشكاو بینن دەبێ دانی پێدا بنێین: لە قەڵەمڕەوی هەردوو ئیدارەدا بە حوكمی دریژەكێشانی لێكدابڕان، مەیلی راهاتن لەگەڵ دوو ئیدارەیی چەكەرەی كردبوو، راهاتن لەگەڵ ئەوەی هەركەس لە ماڵی خۆی، هەر لایەنە و خۆبەخۆ و لە زۆنی زۆرینەی خۆی، بە وویست و خواستی خۆی حوكمڕانی بكات. ئەم مەیلە لە رووی سایكۆلۆجییەوە ئاستەنگێكی قورسی سەرباری كۆی ئەو ئاستەنگە سیاسی و ئیداری و یاسایی و واقیعییانەی دیكە بوو كە هاتە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی حكومەتی هەرێم.
ئاسەوارە زەق و قوڵەكانی ناكۆكی نێوخۆیی، دوبارە بیناكردنەوەی متمانەی دەویست، دەبوا هەستێكی قوڵ دروست ببێت كە یەكگرتنەوەی ئیدارە، دەستهەڵگرتنی زۆنی سلێمانی لە دەسەلاتە لۆكاڵییەكانی و هاتنە ژێر ركێفی هەولێر نییە، بەڵكو یەكگرتنەوەی دەسەڵاتەكانی هەردولا و تێكەڵكردنیانە بۆ بەڕێوەبردنی كۆی خاكی هەرێمی كوردستان. لەم ئەركە سەختەدا نێچیرڤان بارزانی وەك سیاسییەكی نەرم و میانڕەو، وەك پیاوی دەوڵەت و وەك باوەڕدارێكی فیعلی بە كاری تیم و دەستەجەمعی، توانی لە ماوەیەكی قیاسیدا سەرەتاكانی ئەو متمانە و رەزامەندییە دروست بكاتەوە. بە خۆ دور خستنەوەی لە حزبایەتی و تەنانەت قبوڵكردنی رەخنەی قاعیدەی حزبی خۆی و بە خۆتەرخانكردنی بۆ حوكمڕانییەكی دوور لە نەفەسی حزبی، زەمینەیەكی ساز كرد كە تێیدا تیمی حكومەتی هەرێم بە جیاوازی ناسنامەی حزبییانەوە، خۆ بە یەك تیمی نیشتمانیی بەدەسەڵات و كارای بەشداری بڕیار بزانن.
لەم زەمینەسازییەدا، نێچیرڤان بارزانی چەندی ریعایەتی یاسا و رێساكان كرد تا حكومەت لەسەر بنەمای یاساسەروەریی بەرقەرار بێت، یاخود بە پێچەوانەوە چەندی چاوپۆشی لە هەندێ رێسای دەستوپێگیر كرد تا كارەكان مەیسەر بن و نیازە پاكەكە سەركەوێت و حكومەت یەكبگرێتەوە. ئایا دەبوا لە خەمی بنیاتنانی ئیدارە و ئابورییەكی سەردەمیانەدا بوایەو ئەوەیانی بەئەركی سەرەكی زانیبا یان یەكگرتنەوەی بە ئەركی سەرەكی و ئەوەی یەكەمیانی بە لاوەكی زانیبا، رەنگە ئەم پرسیارانە رای جیا جیا هەڵگرن. بەڵام ناواقیع بینییە گەر پێمان وابێت دەبوا سەرۆكی كابینە مامەڵەیەكی رەق و تەقی یاسایی لەگەڵ ئەو قۆناغ و هەلو مەرجە كردبایە و هیچ داشكاندن و نەرمییەكی نەنواندایە، چونكە گەر بەو نەفەسە توندە مامەڵەی كردبا، ئەو زەمینەی پێكەوەیی و یەك تیمییە نە دروست دەبوو، نە هەموو لایەكیش هەستیان دەكرد بەرژەوەندییان لە یەكگرتنەوەدایە نەك دوو ئیدارەیی.
هەمیشە یەكگرتنەوەی دوای لێكترازان و لێكدابڕان، هەم كاتی دەوێت و هەم حەوسەڵە و هەم ئیجرائاتی نەرم و مەقبول. شۆڕبونەوەی هەر یەكگرتنەوەیەك بۆ ئاستی كۆی دامەزراوەكان و بۆ هەموو ناوچەكان و بوارەكان، سەختگیرە و سەد و یەك كێشەی دێتەپێش، دواجاریش لەباشترین حاڵەتدا دەلاقەیەك هەر بەجێدەمێنێ. ئەو رەخنانەی لە كابینەی یەكگرتنەوە دەگیرێن و دواتریش رەنگدانەوەی خراپیان لێكەوتەوە، بریتی بوون لە خاترگرتنی كەسان تا پلە و پایەیان لەدەست نەچێ، كەمنەكردنەوەی دام و دەزگاكان و بەهەند وەرنەگرتنی تەرشیقی حكومەت، زێدەڕۆیی لە نەرمینواندنی ئیداری و یاسایی بە ناوی نامەركەزیەتەوە. ئەمانە بوونە خەوشی بیرۆكراتی زیانبەخش و زیدە مەسرەف. كە لە ئێستادا و بە درەنگەوە چارەسەركردنیان بۆتە ئەركێكی چیتر لە دواخستن نەهاتووی حكومەت.

© 2017 Hawler