تشرینی دووەم 20, 2019

د.سالار عوسمان

بەشی حەفتەم


گرفتەکان چین و ڕێگاکانی چارەسەر کامانەن؟
یەکێ لە گرفتە گەورەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بریتیە لە گرفتی نێوان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھەموو ئەو لێکەوتانەی لەو نێوەندەدا، ئاڵۆزکاو و بێ چارەسەر ماونەتەوە، کە دەکرێ لێرەدا ئاوا پرسەکە، یان باشتر بێژین، گرفت و چارەسەرەکان پۆلین بکەین:

١- ژیان ئینجا سیاسەت:
دەبێ ھاوڵاتی و حزب، ھاوڵاتی و حکومەت لەو ڕاستییە ڕۆشنە تێبگەن، کە سیاسەت (بوون) ێکە لەدوای ژیان، کەواتە ژیان ئەسڵترە، ھەر وەک چۆن ئایینیش لە دوای ژیانەوە ھاتووە و مەبەست لێی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی نێوان خودا و مرۆڤە، ئاوایش سیاسەت لە دوای ژیانەوە ھاتووە و مەبەست لێی رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگەیە، کەواتە ژیان ئەسڵترە و دەبێ سیاسەت لە خزمەت ژیاندا بێت، بەواتایەکیتر لە کوێ سیاسەت ژیانی تەنگەتاو کرد و ئاڵۆزی نایەوە و بووە مایەی دڕدۆنگی کۆمەڵایەتی، لەوێ سیاسەت لە چەوتەڕێدایە و دەبێ بخرێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست .

٢- گوشاری مەدەنی و نیازمەندیی سیاسی:
بۆ ئەوەی ئەو پێوەندییە (پێوەندیی نێوان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی) ساغڵەم و دروست بێت، بۆ ئەوەی سیاسەت ژیان تەنگەتاو و ئاڵۆز نەکات، بۆ ئەوەی ژیان ئەسڵتر بێت و بەکورتی سیاسەت لەسەر ڕاستەڕێی خۆیدا بێت، بەردەوام پێویستمان بە گوشاری مەدەنییە، بەڵام گوشاری مەدەنیی پاک، مەبەستمان لە گوشاری مەدەنیی پاک ئەو گوشارەیە، کە لەلایەن خودی ھاوڵاتی: خەڵک خۆیەوە بەڕێوە دەچێت، پرسیار لێرەدا ئەمەیە: ئایا گوشارە مەدەنییەکانی کوردستان لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە دەچێت، یان گەمەی سیاسییەکانە و خەڵک بەکاردەھێنرێن؟!. وەڵامی ڕاست و ڕوون ئەمەیە: تا ئێستا گوشاری مەدەنیی پاک لە کوردستان بوونی نییە، ئەوەی ھەیە گەمەی سیاسییەکانە، ھەر بۆیەشە بێ بەرھەمن و لە نیوەی ڕێدا خاو دەبنەوە:
گوشاری مەدەنیی پاک دژی حکومەت نییە، دروشمی بڕوخێ و بسووتێنە و وێرانی بکە ھەڵناگرێ، گوشاری مەدەنیی پاک خەمی باشترکردنی ژیانە، بۆیە ئاڵۆزیی بۆ ژیان دروست ناکات.

٣- دەرفەتدان بە ھەمووان:
لە کۆمەڵگەی باش، لە کۆمەڵگەیەک، کە پێوەندیی نێوان ژیانی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوە، دەرفەتی پێویست بۆ ھەمووان ھەیە، بۆیە ھەموو بەشدارن، لێ ھەر کەس لە شوێنی خۆی و بە پێی سروشت و تایبەتمەندییەکانی خۆی، کە یاسا ھەم ڕێکخەر و ھەمیش پارێزگارییان لێ دەکات، ھەستی بەشداریش ھەستی ھاوبەشی کۆمەڵایەتی و دواتر ھەستی بەرپرسیەتیش دەگەڵ خۆیدا دەھێنێت.
لە ھەر کۆمەڵگەیەک ھەستی بەرپرسییەتی لاواز بێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە دەرفەتی پێویست بە ھەمووان نەدراوە، کۆمەڵگەی کوردستان یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی، کە تیایدا دەرفەت دراوە بە ھەمووان، بەڵام باش ڕێکنەخراوە، باش ڕێکنەخراوە بەو تێگەیشتنەی، کە لەسەر بنەما کلتوورییەکەی بنیاتنەنراوە و پتر ڕووکەشێکی سیاسی و حزبی، یا باشتر بێژین بەرژەوەندیی حزبی ھەڵگرتووە، بۆیە ھەستی بەرپرسیەتیش ھاوسەنگ و جێگیر نییە، جاری وا ھەیە لە لووتکەدایە و جاری واش ھەیە زۆر لە خوارەوەیە!.
دوما قسە لێرەدا ئەمەیە: دەبێ ژیان ئەسڵ بێت و ھەموو چەمکەکانیتر لەخزمەت ژیاندا بن، بەو تێگەیشتنە دەبێ ھەمووان ھەبن، بەڵام ھەبوونێک بە تایبەتمەندییەکانیانەوە و یاسایش پارێزگاری لە ھەمووان بکات.

 

© 2017 Hawler