تشرینی دووەم 20, 2019

كێ بەرپرسە لە سلێمانی و هەڵەبجە؟

فارس نەورۆڵی

لەم وتارەدا مەبەستم شكاندنێك یاخوود قسەكردنێكی تەقلیدی نیە كە لە كوردستان لە نێوان حیزبەكان لە دژی یەكتر بەڕێوە دەچێت، واتە كاریگەری ئایدۆلۆجیای حیزبی وەك ئەو لێكەوتانەی شەڕی ناوخۆ بە داخەوە كوردستانی دابەش كرد بۆ زۆن و بۆ شار و بۆ گەڕەك، پرسیارم ئەوەیە كێ دەسەڵاتە لە سلێمانی لە ڕووی ئیدارییەوە؟ پارێزگاری سلێمانی، یان حیزب، یان هەر دەستە و كەسایەتیەك هەر كەس هەیە بەلای منەوە گرنگ نیە ئەوەی بەلای بەندەوە گرنگە مەسەلەی پەروەردە و ڕاوەستانی خوێندنەكە لە هەموو كایەكانی تر پێویسترە لە دوای سەر هەڵدانی قەیرانەكان و بڕینی بودجە و موچەی كوردستان لە لایەن بەغداوە ناوە لەم سنورەی ئێمە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتیەكان مانیان دەگرت بۆ داوای مافەكانی خۆیان، كە مافی ڕەوایە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و دواتر مامۆستایانی بەڕێز بایكۆتی خوێندنیان كرد و لێرەوە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پەكی دەكەوت دواجار ئەم ساڵ مامۆستایان بایكۆتیان كردەوە و پرۆسەی خوێندن وەستا، دەزانم ژیانی مامۆستایان چەندە قورسە و ئیحراجی بەردەم ماڵ و منداڵی خۆیانن و بەردەم قوتابیەكانیانن و هەندێكیشیان لە مامۆستایان پارەی بەنزین یان پاسیان پێ نیە، دەزانم هەژاری كاریگەری لەسەر هە موو لایەكی ژیان هەیە وەك بیرمەندێك دەڵێ كاتێ هەژاری لە دەرگاوە دێنە ژوور، ئیمان لە پەنجەرەكانەوە دەڕواتە دەرەوە و زۆربەی ئاینە ئاسمانیەكان و بیرمەندان باسیان لە كارەساتی هەژاری كردووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین وەستانی خوێندن دۆخەكە چاك ناكات بەڵكو كارەساتی قورستر بەدوای خۆی دا دەهێنێت، ئەوەش ماڵوێران و داهاتوو ڕەش دەبێت منداڵانی هەژارانن، چونكە منداڵی دەوڵەمەند و بەرپرسەكان لە خوێندنی تایبەت و نمونەیی دا دەخوێنن و بەردەوامن ئەگەر سەیری مێژووی گەلانیش بكەی سەرەڕایی جیاوازی و ململانێ پرۆسەی پەروەردەیان نەكردووە بە كارتی سیاسی وە هیچ كات خوێندنیان بەم شێوەیە ڕانەگرتووە، چونكە پەروەردە واتە پرۆسەی بینا كردنی تاك و كەسایەتی نوێ كە سنوورەكانی بەستەڵەكی بیر و دۆگما بەجێ بهێڵێ و ئاوێنەی واقعی ئێستابێ و داهاتوو لە خۆیدا بەرجەستە بكات و هەموو ئەو ئەركەش لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ میژوو خوێندنەوەی ئەو ڕابردووەی كە بەهۆی هەژاری مەعریفییەوە توشی شكستی كردین مامەڵە لەگەڵ ئێستادا بكەین و بزانین پەروەردە واتە گیاندانەوە بە بەها ڕۆحی و ئەخلاقی و نەتەوەی و مێژووی تاكەكانی كۆمەڵگا واتە بە میكانیزم كردنی مرۆڤ لە بواری ئەفراندن و داهێنان و شكاندنی هەموو بەربەستەكانی هەنگاو نان لەگەڵ ڕەوتی شارستانی، لێرەوە دەبێ بزانین كورد لە هەم و گەلانی تر زیاتر پێویستی بە بواری خوێندن و پەروەردە هەیە بە تایبەتی سلێمانی كە پایتەختی ڕۆشنبیری و هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی یە زۆرترین نوسینمان و قسە لەسەر پەروەردە و مەعریفە دەكرێ و كراوە ناكرێ ئێستا قسە و نووسینەكان بە درۆ بخەنەوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی گورزێك لە سیستمی پەروەردە بدەن بەم حاڵە پەشێوەی كوردەوە، ئەگەر دیقەتی كاتیش بدەین ئەوە ئێمە لە مانگی سێ داین كە مانگی بۆنەكانە و زۆربەی ڕۆژەكانی پشووە، دەمێنێتەوە مانگی چوار بۆیە بەندە وەك باوكی سێ قوتابی و خەمخۆری منداڵانی كوردستان داوا دەكەم لە هەر بەڕێزێك كە كاریگەری و دەسەڵاتی هەیە هەروەها لە یەكە یەكەی مامۆستا بەڕێزەكان و سەرۆكی یەكەی ئیداری سلێمانی و هەڵەبجە واتە پارێزگارەكان هەرچۆن بووە دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە و هەرچۆن بووە ئەم ساڵ تێپەڕێنن خۆ ئەگەر هەموو وانەكانیش تەواو نەكەن لە باری دەروونی یەوە منداڵان پەیوەست دەكەنەوە بە خوێندن و خۆشەویستی یان بۆ قوتابخانە دەمێنێ، ئەگینا دابڕانی ساڵێك لە خوێندن كێشەیەكی قوڵ بۆ ئایندەی وڵات دروست دەكات بۆیە تكایە كێ دەسەڵات و كاریگەری هەیە هەوڵ بدەن بە هاوكاری مامۆستایانی بەڕێز دەرگای قوتابخانەكان لە سلێمانی و هەڵەبجە بكرێتەوە چونكە ئەم منداڵانە هەرگیز بیریان ناچێتەوە و كە گەورە بوون لێتان خۆش نابن.

© 2017 Hawler