ئاب 22, 2019

بەهزاد حەوێزی

 

رۆژی(8/8/1988)شەڕی هەشت ساڵەی –ئیستینزافیی-نێوان هەر دوو دەوڵەتی عیراق- ئێران وەستا، ئەو شەڕەی یەك ملیۆن كوژراوو بەهەزاران برینداروسەقەت و ونبووی لەهەردوو لا لێكەوتەوە، شەڕێك بوو لە هەرەخوێناویترین و درێژترین ململانەی سەربازی لەسەدەی بیستەمدا، شەڕێك بوو هەردوو لا زانیان چۆنی دەست پێبكەن، بەڵام نەیانزانی چۆن چۆنی كۆتایی پێدێت.
رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ هەر بەوەندە نەوەستا پەلاماری ئێرانی دا، بەلكە تۆماری رەشی ئەو حوكمڕانیە قێزەوەن و فاشیلە پێش ئەو مێژووەودواتریش بریتی بوو لە زنجیرەیەك تاوان و كارەسات و نەهامەتی، لەوانەش پەلاماردانی كوێت بە هەزاران سەربازەوە لە(3ئابی 1990)بەناوی وەهمی(عیراقی مەزن).
ئەو حوكمڕانیەی بە چەندین كۆدێتاو پیلانی ژێربەژێرو كوشتوبڕ جڵەوی دەسەڵاتداریی گرتە دەست، لە كرۆكدا نەهج و ئەقلیەت و سیاسەتێكی سەركوتكەرانەو شۆڤینیستانەی بەرجەستە و پیادەدەكرد.
ئێمەی گەلی كورد قوربانی دەست ئەو ستەم و ستەمكاریە باجی زۆرمان دا هەر لە سێكوچكەی سیاسەتی تەعریب و تەهجیرو تەبعیس و گرتن و راوەدوونان و زیندانیكردن و لەسێدارەدان، ئینجا شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و كیمیابارانكردن و..تد.
دوای نەمانی رژێمی بەعسیش، خەریكە مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام بەدیوێكی دیكە، دیوی شكست و قەیرانگەرایی: نەبوونی ستراكچەرێكی هەمەلایەنەی بەهێزی دەوڵەتداری لە ناوەند لەرووی دامودەزگاییەوە، ململانەی توندی لاوەكی حزبی و دینی و تایەفی و..تد، دەستتێوەردانی دەرەكی لە هەموو بوارێكدا، ناسەقامگیریی و قەیرانی ئەمنی، هەڵكشانی ئاستەكانی گەندەڵی.
ئەو فاكتەرانە وردە وردە عیراق لە چوارچیوە یاسایی و دەستوریەكەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆودەرەكیەوە لە سیفەتی دەوڵەت دادەماڵن، بەمەش ئایندەیەكی شپرزەترو بەدبینیتر چاوەڕوانی خەڵكەكەی دەكات، بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو واقیعە و رەهەندودەرهاویشتەكانی گرنگەو كاری لەپێشینەی دەوێ، پلان و بەرنامەی ئەوتۆ بە سوودوقازانجی ئێمەدا بشكێـتەوە.

© 2017 Hawler