ئاب 22, 2019

ڕاگەیاندن دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە!!

غازی حەسەن

 

ناتوانم پێناسەیەکی وەردی ڕاگەیاندنی ئێستای کوردستان بکەم، بەتایبەتی، کە لەزۆر بواردا لەکەناڵەکانی (نووسراو و بینراو و بیستراو)دا ڕاگەیاندنکاران بەشێوازێک کارەکانیان ئەنجام دەدەن و قسە دەکەن وەکو ئەوەی ئەوان دەسەڵاتی جێبەجێکار بن، و دەسەڵاتەکانی دیکەش چاوکاری بن. تەنێ هەندێک جار دەستەواژەی وامان تووش دێت، ئاماژە و هێمان بۆ دەسەڵاتێکی ڕەها، دەسەڵاتێک، کە تەنێ لەدەسەڵات و هێزی جێبەجێکار بووەشێتەوە.
لەم ڕۆژانەدا لەنێو ئۆتۆمبێل گوێ لەهەندێک بەرنامەی هاووڵاتیان و کێشەکانیان دەگرم، خەڵک پڕە و قسەی توند دەکەن و داواکارییەکانیشیان مەرج نییە هەموو گاڤێک یاسایی بێت، هەرچەندە یاساش لای ئێمە لەهەندێک بواردا بۆ دۆخێکی تایبەت و گروپی تایبەت ڕایی کارە، هەروەسا لەهەندێک بڕگە و دەربڕین و داواکاری ئاسایی هاووڵاتیانەوە مەزەندە و لێکدانەوە و خوێندنەوەم بەرەو ئەوە دەچێت، کە بێژەر خۆی وەکو بەرپرسێکی ئیداری نمایش دەکات و گوێگر و هاووڵاتیانیش بە(پارانەوە و زمانی چاوەکەم و بەقوربانت بم) قسە لەگەڵ بێژەرەفەندی دەکەن و دەڵێن (داوات لێ دەکەین، ئەم ئیشە و ئەم کێشە و گرفتانەمان بۆ چارەسەر بکە!). ئەویش دەڵێت (بەڵێ، دەیکەم و دەیگەینم و لەڕۆژانی داهاتوو گوێبیستی قسەکانمان بن لەگەڵ بەرپرسان ئاوازەی دەربڕینەکانی بەجۆرێکە وەکو ئەوەی خودی ئەو بەرپرسی ئیداری بێت. تاد).
یان لەنێو هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ و ریپۆرتاژە بینراو و نووسراوەکاندا، کاکی پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس پێش خاوەن کێشەکان و پێش لایەنە بەرپرسەکان بیروبۆچوونی دەخاتەڕوو، تەنیا هەندێک جار (بڕیار و فەرمان و حوکمیش) دەدات، جاری وا هەیە قۆشمە دەکات و بەر لایەنی جێبەجێکار دەکەوێت و خۆی چارەنووسی شتەکان کۆتایی پێ دەهێنێت.
گاڤی واش هەیە ڕۆژنامەنووس پرسێک دەوروژێنێت، دەرگای لێ دەرچوونی لەبیرکردووە، یان ئامانجی دروستکردنی گێژاوێکە و هەر خۆشی بەلەم و کەرەستەکانی فریاکەوتن لەوەرگر و هاووڵاتیان دەشارێتەوە، بۆ ئەوەی لەم گێژاوەدا بچەقن و سەرلێشواوانە باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و مەعریفیان بلەقێت.
ڕۆژنامەنووسی وامان هەیە، کە قسە دەکات لەبیری دەچێت ئەرک و پیشەکەی ئەو دروستکردنی سەکۆ و هۆکار و ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی کردەی (گەیاندن و پەیوەندیکردن) لەنێوان نێرەر و وەرگرەکانی. نەخێێێێێر خۆی لێ دەبێتە بەدیهێنەری شتەکان و گوتارێک دەگوتارێنی، خودی خۆی ببێتە خاوەن و ڕاپەڕێنەرەی (دەسەڵات و حکوومەت). ئەمە ئێمەی تووشی دۆخێکی ئاڵۆزی قیڕوسیا گر کردووە، دۆخێک کە نەتوانین پێناسەیەکی گونجاوی پیشەیی و زانستی بۆ ئەرک و پەیام و پیشەی ڕۆژنامەوانی لەهەرێمی کوردستان بکەین.
ڕۆژنامەنووسی وامان هەیە، لەپێنگاڤی ئێکێدا هەست دەکرێت لەئاخافتن و نووسینەکانیدا بڕیاری داوە بە(ڕق و لایەنگرانە) کارەکەی ئەنجام بدات، من دەزانم مرۆڤ ناتوانێت لەهەمبەر ڕووداوەکاندا (بێلایەن و تەنیا سەربەخۆش) بێت، بەڵام ڕۆژنامەنووس پێویستە کەسێک بێت، خۆی نەکاتە بەشێک لەڕووداوەکان و بڕیار نەدات و پێش کارەکتەر و دەزگا و لایەنەکان نەکەوێت.
دەگەڕێمەوە سەر بەرنامەی کێشەی هاووڵاتیان و جۆری پەیامەکانیان و گوتاری بێژەری بەرنامەکان. هاووڵاتی وای لێتکدراوە و لێی ئاڵۆزکراوە وەکو بەرپرسێکی ئیداری قسە لەگەڵ بێژەر دەکەن و بێژەریش هێندە ڕشتە و خۆی بەبەرپرس و خاوەن کێشە و پێگە دەزانێت، وەکو جێبەجێکارێکی ئیداری گوتارەکەی ئاراستەی گوێگرەکانی دەکات. دەپرسین ڕۆڵی ڕاگەیاندن جێگرتنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکارە، یان تەنیا وەکو دەسەڵاتی چوارەم پردێک لەنێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات دروست دەکات و چاودێری ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان دەکات؟. خەریکە منیش لێم تێک دەچێت، نازانم ئەرک و پەیامی ڕاگەیاندن بۆ بەم جۆرە تێکەڵ بەئەرک و دەسەڵاتی دەسەڵات کراوە. ئەگەر ڕاگەیاندن خۆی وەها وێنا بکات، کە دەسەڵاتی جێبەجێکارە، ئەی ئەرکی حکوومەت و ئیدارە چی دەبێت؟

© 2017 Hawler