ئاب 18, 2019

ڕووخانی خۆیان بەچی پڕکەنەوە؟

شێرزاد عەبدولڕەحمان

 

• ئەم ناوونیشانە دڵڕەقە ھی من نیە، ئەم ناوونیشانە دڵڕەقە بووە بە ئاکاری زۆر کەس، لەوانەی ھەزمی سەرکەوتن ناکەن و کار لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەوەی بەرامبەری شکست بێنێ، چونکە وای بۆ دەچێت، شکستی بەرامبەرەکەی، واتە سەرکەوتنی خۆی!!.
• ھەموو کەس، نسیبی ئەوەی نیە، کە لە ژیان سەرکەوتووبێت، بەخشش، واتە داھێنان و دوورنیە و ڕەنجی ساڵانێک بە سووتان و کارکردن بۆ سبەی، واتە دەوڵەمەندکردنی ژیان بە داھێنان و کاری نەمر، کە ئەوە قەت و قەت بەر ئەو کەسانە ناکەوێ، کە لە ژیان تەنیا قسەی ڕووتیان ھەیە، نەک کار و بەخشش و داھێنان!.
• مرۆڤی گەورە ھەمیشە کار دەکات، مرۆڤی بوودەڵەش ھەمیشە بە دوای خەڵکدا دەگەڕێت، کە لە کوێدا ھەڵە دەکات و ئەو ھەڵە بقۆزێتەوە...بێ ئەوەی بزانێ، تەنیا مرۆڤە پڕ خەون و پڕۆژەکان ھەڵەدەکەن، نەک ئەوانەی دەیانەوێ (ژیان) ناشیرین بکەن بە قسەی سوواو و زبر!!.
• مرۆڤی مەزن ئاوڕ لە دواوە ناداتەوە، دەیەوێ بە بەخشش ژیان جوانتر بکات، کەچی (بوودەڵەکان)، کە زۆربەیان ویژدان مردوون، لە ناخی خۆیاندا، ڕووخاون. نازانن ڕووخانی خۆیان بەچی پڕکەنەوە، بێجگە لە گەڕان بە دوای عەیبی خەڵک!.
• ھەندێکیان، کە غەرقی نەرگزیەتی خۆمانین، لە سەرکەوتنی بەرامبەر تۆقیووین. تەنانەت، وا دەزانین، ئێمە کاتێک گرەو دەبەینەوە، کە ئەوەی (بەرامبەر) شکستی ھێنا، نازانین زۆرجار، ھەموومان پێکەوە دەدۆڕێین..ئەوەش لۆژیکی ژیانە نەک پێچەوانەکەی!.
• دەبێ ئەو لۆژیکە بکەین بە پڕەنسیب، کە ژیان، ھەلێکی پیرۆزە، بۆ ئەوەی شوێن پەنجەیەک جێ بھێڵین، کە پڕبێ لە خۆشەویستی و سڕینەوەی ڕق و کینە، نەک کارکردن بۆ سڕینەوەی (بەرامبەر)، کە نەگبەتی و نەھامەتیە...!.
• دەکرێ بە خۆماندا بچینەوە.. لەمەشدا بوێربین، بوێربین لە داڕشتنەوەی ژیان خۆی!!.

© 2017 Hawler