ئاب 18, 2019

ئیخلاس لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیدا

عومەری چنگیانی

 

چونكە لای من دوانگەی مزگەوت بەهای تایبەتی خۆیی هەیە و بەئەركی دەزانم لێیەوە بەرچاوڕۆشنی بدرێ بەو نوێژ خوێنانەی ئامادە دەبن و ئەوانەی لەدەرەوەی مزگەوت و دواتریش گوێبیستی گوتارەكان دەبنەوە، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدەم تا پێم بكرێ و بتوانم و دەرفەتم هەبێت، دوانگە سەرچاوەی زانستیی باش و شارەزا بوون بێت لە ئایین و دنیای خەڵك و بەرچاو ڕۆشنی پێ بەخشین و هەمیشە شتی نوێ پێدان و دانەبڕان لە واقیعی پێوە دیاربێت، هەربۆیە گوتارەكانم دەكەمە دووبەشی سەرەكی!
لەلایەك ئەو پەیامەی لەلایەن ئەوقافەوە داوا دەكرێت لەژێر ڕۆشناییدا گوتار بێژ قسە بكات و دووەمیش بابەتێك كە پڕی بێت لە بیرهێنانەوەی حوكمێكی شەریعەت، ئەوجارەیش لە چلو نۆهەمین گوتارماندا لەسەردوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبرا كە لە 9 ی زولقەعیدەی 1440 بەرانبەر 12 ی تەموزی 2019 ئاراستەمان كرد، دوو خاڵی سەرەكی لەخۆ گرت، لەلایەك باس كردن لە" ئیخلاس لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیدا" وەك ئەوقاف دەستنیشانی كردبوو و باسكردنیش لە بایەخدان بە ماڵی" وەقف" كە لەڕووی فیقهی شەریعەتی ئیسلامەوە جێگای بایەخێكی زۆرە و دەبێ بەبیری ئەوكەسانەی بهێنینەوە كە ماڵە وەقفێکیان لە بن دەستە، چۆناوچۆنی بەڕێوە ببەن.
ئیخلاس لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیدا
ئیخلاسواتە جێبەجێكردنی كارێك لەبەر:
1.بەدەستهێنانی ڕەزایەتی خوای گەورە؛
2.نزیك بوونەوە لە خوای گەورەی بێهاوتا.
3.جێبەجێكردنەكەیش:
*بۆ ڕووپەرمایی "ریا" نەبێ؛
*بۆناودەركردن نەبێ؛
*بۆ ئەوەنەبێ خۆت بکەیتە خۆشەویستی خەڵک؛
*بۆقازانج و بەرژەوەندی نەبێت؛ بەڵكو ئەوكارەی دەیكا بە ئەركی بزانێ، جا ئیتر خۆبەخش بێت، یاخود كاری خۆی بێت و ئەرك بێت لەسەری.
كەوابوو، بۆئەوەی كارەكانی مرۆڤ لای خوا وەرگیراو بێت دەبێ دوو مەرجی سەرەكی تیا بێتە جێ:
*وەكو گوتمان ڕازیبوونی خوای پێ لە هەموو شتێکگەورەتر بێت؛
*ئەو كارەی دەیکا بە پێوەری شەریعەت ڕەوا و دروست بێت.
دەمێك مرۆڤ سەیری ئایەتەكانی قورئانی پڕ لە بەخشش دەكا و لێیان ورد دەبێتەوە بەڕوونی ئەو خاڵانەی بۆ دەردەكەوێ، بۆ نموونە ئایەتەكانی سوورەتی "بەیینە" كە دوای ئەوەی باس لەوە دەكات كە:
"هەرگیزاوهەرگیز بێبڕوا و هەقوەشێرەكانی نێو ئەوانەی كە پێشتر پەیامی خوایان بۆ هاتووە و پێیان دەوترێت"ئەهلی كیتاب"واز لە ڕكابەرێتی و دژایەتی ناهێنن تا ڕاستی و بەرچاوڕۆشنییان پێ نەگات. تا پێغەمبەرێك نەیەت كە چەندین پەڕاوی خاوێن و دوور لە هەڵە و لەكەیان بۆ دەخوێنێتەوە.پەڕاوگەلێك كە تەژی و لێوانلێو و پڕن لە نامەی لای خوا پەسندكراو و هەڵسەنگێندراو، بەڕاستی ئەوانەی بەرلەئێوە پەیام و نامەی خوایان پێگەیشتووە جیاوزای و پەرتەوازەیی ڕووی تێ نەكردن تا ئەوكاتە نەبێت كە ڕاستی و ڕوونی و بەڵگەیان پێ گەیشت. لەكاتێكدا كە فەرمانی لەوەزیاتریان پێ نەدرابوو كە بە ئیخلاسەوە خوا پەرستی بكەن بۆ خوا و ئایین تەنها هەربۆئەوە و نەكەن لە ڕێگای هەق لابدەن و لاڕێ بگرن، بەڵكو پێویستە نوێژەكانیان بكەن و زەكاتی ماڵیان بدەن، كە ئەوەیە ئایینی هەڵسەنگێندراو لای خوا".
وەك دەبینین وشەی ئیخلاس ڕوون دەبێتەوە كە تایبەتكردنی كارە بۆخوا. واتە لەبابەتی پەرستشدا بۆ خوا و لەبابەتەكانی پەیوەست بە مەردمگەلەوە لەبەر خوا بوون.
لایەك لە حوكمەكانی ماڵی تەرخانکراو یاخود ڕاگرتە یاخود "وەقف"لە ئیسلامدا.

یەكەم/ پێناسەی وشەی وەقف
گومان لەوەدانیە دەستەواژەكە عەرەبیە و مەبەست لێی ڕاگرتنی سەرمایەی ماڵێك وەك دووكان و پرد و ڕەز و باخ و زەویوزار بۆ مەبەستێك و بەخشینی بەروبوومی لەڕێی خوادا بۆ ئەو كەس و لایەن و شوێنانەی خاوەن ماڵەكە دەستنیشانیان دەكات.

دووەم/ حوكمی وەقف
كارێكی باش و هان‌بۆدراوە و "مستەحەب"ـە.

سێیەم/ بەڵگە لەسەر دروستیەتیەكەی
بەڵگەكان، زۆربەیان لێ هەرفەرموودەن و كردارو باسی دینەوەر (فەقیهـ)ـەکانی شەریعەتە.
-ئیمامی بوخاری و مسلیم – ڕەحمەتی خوایان لێبێت ـ بۆیان گێڕاوینەتەوە كە عومەر ـ خوای لێ بێ ڕازیـ هاتە لای پێغەمبەر ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – وتی: لە خەیبەردا ماڵێكی عال و ئەنتیکەم هەیە و فرە دڵم پێی خۆشە؛چی لێ بکەم باشە؟ پێغەمبەریش ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – فەرمووی: "گەر حەزت لێ بێ، با سەرمایەكە و ئەسڵەكەی هەر هی خۆت بێ، بەروبوومەكەیشی بکە بە خێر؛ نە دەفرۆشرێت و نە دەبەخشرێت و نە دەبێتە میرات". عومەریش ـ خوای لێ ڕازی بێت ـ كردییە خێر بۆ هەژران و خزمان و بۆڕزگاركردنی بەندە لەبەندایەتی و لەڕێگای خوادا و بۆ ڕێبواری لێقۆمیاگ و بۆ میوان.
-ئیمامی مسلیم – ڕەحمەتی خوای لێبێت –وامان بۆ دەگێڕێتەوەكە پێغەمبەر فەرموویەتی: "هەرگا مرۆڤێك دەمرێت هەموو كردارێکی لێ دەپچڕێتەوە لە سێ شت نەبێت: خێرێكی بەردەوام؛ یان زانستێك دوای خۆی جێی بهێڵێ خەڵك لێی سوودمەند ببێت؛ یان منداڵ و نەوەیەكی باش كە دۆعای خێری بۆبكەن. "جابیر ـ خوای لێ بێ ڕەزای ـ دەڵێ: "هاوەڵان، هیچ دەسچووگ و توانایەکیان تێدا نەبوو كە ماڵێكی نەكردبێتە وەقف."
-سەرجەم دینەوەر (فیقهزان)ـەکانی شەریعەتی ئیسلام، دەفەرموون: دروستێتیی وەقفكردن، گومانی تێدانیە، بەتایبەتی بۆ مزگەوت و پرد و بابەتی خزمەتی گشتی؛ هەموو كتێبەكانی فیقهی ئیسلامی باسی وەقفیشیانبەتایبەت كردووە؛ بۆ نموونە كتێبی "الفقه الاسلامی وادلته" دانراوی أ. د. وهبە زحیلی چاپكراوی دار الفكر لەبەرگی دەیەمیدا حەفتاوحەفت لاپەڕەی رێک (لە لاپەڕە7597ـەوە تا7694) باسی حوكمەكانی وەقف دەكات.

چوارەم/ مەرجەكانی وەقفكەر
مەرجە ئەوكەسە لەوانە بێت كە دەسكاریی ماڵی خۆی پێ بكرێت و كڕین و فرۆشتنی كەسەكە دروست بێت، واتە هەراش (باڵغ) بووبێت و ئازاد بێ، واتە هی منداڵ و دەسباد (دەسبڵاو) و بەندە و كۆیلە دروست نیە.

پێنجەم/ دامەزرانی وەقف
وەقف بە دوو ڕێگا دادەمەزرێت:
•وتنی قسەیەكی وا كە وەقف كردنەكە بگەیێنێت؛ وەك بڵێ: ئەو زەویە یان ئەو شوێنەم كردە مزگەوت و بۆ مزگەوت.
•کردنی كارێكی وا کە بەڵگە بێت لەسەر وەقفكردنەكە؛ وەك ئەوەی ماڵەكەی خۆی بكاتە مزگەوت و بانگی تێدا بدات و ڕێگا بدات خەڵك بێن نوێژی لێ بكەن؛ لەلاپەڕە7600ـی بەرگی10ـی"الفقه الاسلامی وادلته"دا لە ئەبوحەنیفەوە دەگێڕێتەوە کە"ئەگەر تاکە كەسێکیش نوێژی تێدا كرد، ئیتر مڵکایەتییەكەی بە خاوەنەكەی جارانیەوە نامێنێ"؛ نموونەیەكی تر وەك ئەوەی زەوییەكەی بكاتە گۆڕستانی گشتی و ڕێگا بدات خەڵك مردوویانی لێ بنێژن.

شەشەم/ ئەو دەستەواژانەی وەقفیان پێ دادەمەزرێت
•هەر وشەیەكی ڕوون و دیار وەك ئەوەی بڵێ: وا ئەو ماڵەی خۆم ڕاگرت یان كردمە خێری گشتی.
•لكە كنایە، وەك ئەوەی بلێ كردمە خێر یان حەرامم كرد سوودی تری لێبكرێت یان بۆ هەتا هەتایە ڕامگرت.
جا هەركات خاوەن‌مڵکلەو بابەتە قسانەی کرد، ئەوە ئیتر دادەمەزرێت بە مەرجێك لەگەڵ وتنی قسەكەدا نیەتیشی بۆ کردبێت.

حەوتەم/ مەرجەكانی دامەزرانی وەقف
وەك پێشتریش ئاماژەمان بەهەندێكیاندا، بریتیە لەوانە:
1.پێویستە كەسەكە لەوانە بێت كە كڕین و فرۆشتنی دروست بێ.
2.ماڵەكەیش لەوانە بێت سوودی لێبكرێت و ئەسڵی ماڵەكەیش بمێنێتەوە، كەوابوو خواردنكردنە خێر، پێی ناڵێن وەقف.
3.وەكچۆن دەبێ ماڵە وەقفكراوەكە دەستنیشان كرابێت.
4.لەسەر خێروچاكە بێت؛ دروست نیە وەقفكردنی مسوڵمان بۆ كاری ناشەرعی وەك خزمەتكردنی پەرستگای بەدەر لە مزگەوتی مسوڵمانان. دروستە وەقف بۆ خزمان و هەژاران و هەرشتێ بێشەرعیەکەی تێدانەبێت. وەك ئاودان و كانیاو وكارێز و ئەو شتانە.
5.مەرجیشە وەقف دەسبەجێ جێبەجێ بکرێت، نەك سرێسرێ و خاوەخاوی تێدا بکرێت؛ ئەڵبەت پاشخستنی وەقفەکە بۆ دوای مردن دروستە.

هەشتەم/ سەروكاری وەقف
وەك لە كتێبی: (شرح منتهى الإرادات/المؤلف: تقي‌الدين محمد بن أحمد الفتوحي الحنبلي الشهير بابن النجار (972هـ المحق: عبد الله بن عبدالمحسن التركي الناشر: مؤسسة الرسالة، الطبعة: الأولى، 1419هـ ـ 1999م) هاتووە.
پێویستە كەسەكە مسوڵمان بێت چونكە لە سەدوچلویەكەمین ئایەتی سوورەتی"نیسا"دا دەفەرمێت: "هەرگیز خوا ڕێگا بەوە نادات كافر ببێتە بەرپرسی كاری مسوڵمانان."
كە زانایان دەفەرموون: وەقف ئیشێكی تایبەتی مسوڵمانانە و نابێ ئەوەی سەرۆكاری دەكات مسوڵمان نەبێت هەر وەها پێویستە ئەو كەسە لەوانە بێت كە تەكلیفیان لەسەربێت واتە باڵغ و ئاقڵ بن شێت و منداڵو دەسبەرەڵانەبن. "1"
تێبینی: دەكرێ ئێوەی بەڕێزتێروتەسەل سەیرێكی ئەم دوو نووسینە بكەن بە زمانی عەرەبی:
1ـ موقغ الاسلام سؤال وجواب/ ما هو الحكم الإسلامی فی مسألە الوقف؟
2ـ موقع شبكە الالوكە/ مسائل مختصرە فی أحكام الوقف/ د. عبدالعزيز بن سعد الدغيثر.

© 2017 Hawler