تەمموز 21, 2019

غازی حەسەن

 

یەکێک لەو لاپەڕانەی لەڕۆژنامەدا خوێنەر دەیخوێنێتەوە لاپەڕەی تەندروستییە، دیارە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵک بەگشتی نەخۆشە، یان باری تەندروستی باش نییە، یان بەدوای ڕۆشنبیری تەندروستیدا دەگەڕێت. ئەمەش هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپکراوەکان بایەخ بەم بوارە بدەن و رێژەی خوێنەرەکانیان بەرەو سەروو ببەن.
لەڕاگەیاندنی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا باشترین دکتۆری پسپۆر قسە لەسەر نەخۆشییەکان و ڕێنوێنی خەڵک دەکات، بەڵام لای ئێمە ئەوانەی دەیانەوێت فێری نووسین و کاری ڕۆژنامەوانی بن، یەکسەر چەند کورتە بابەت و هەواڵ و زانیارییەکی تەندروستی لێرەو لەوێ وەردەگرن و بەوەرگێڕانێکی شەق و پەق بڵاوی دەکەنەوە. بۆ؟ منیش تاکو ئێستا گیرۆدەی ئەوە بووم، ئایا خودی ڕۆژنامەکان ئەم دۆخەیان دروست کردووە و هەر کەسێک بیەوێت پرۆڤەی نووسین بکات، وەکو نامەی خوینەران بابەتە شڕ و لەڕ و هەناو داهێزراوە تەندروستییەکان بڵاودەکەنەوە، یان نووسەری بابەتێکە ئەم بوارە بەئاسان و سووک و سەرپێی دەبینین، دەتوانن ئەسپی خۆیانی تێدا تاو بدەن.
ئێمە گلەیی ئەوە دەکەین دەرمان لەبازارەکاندا قاچاخی پێوەدەکرێت و کوالێتی نزمە، یان بەشێوەیەک دروستکراوە کە دەردەی دەرداری پێ دەرمان ناکرێت، دەرمان خەڵکێکی زۆری تووشی نەخۆشی زۆرتر کردووە، سەرباری نرخ و دەستکاری و رێککەوتنی دکتۆر و دەرمانخانەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتی ئیستغلال بکەن، هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی خراپ، دەردەکانی خراپتر کردووە. بەهەمان شێوە، کە دیقەت لەم وێنە خراپانەی بابەتە تەندروستییەکان دەکەین، تەنگە نەفەسی دەبین. هەندێک کەس بەجدی گرنگی بەم بابەتانە دەدەن، دوور نییە بەهۆی بەکارهێنانی نێوەڕۆکی بابەتەکان کەسەکە دووچاری نەخۆشی و ئارێشەی زۆرتر بێت، چونکە بابەتەکان جێی گومانن، یان ڕێنوێنییەکان زانستی نین، یان وەکو دەرمانی ئێکسپایەر، زانیاری ئێکسپایەر بەخوێنەر دەدەن.
کارێکی ترسناک و نەشیاوە ئەم جۆرە بابەتانە بێ کۆنترۆل و پێداچوونەوەی لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە بڵاوبکرێتەوە، چونکە ئەمە وەکو ئەوەیە دکتۆرێک لەجیاتی دەرهێنانی بەردی گورچیلە، گەدە نەخۆش چیمەنتۆ رێژ بکات، یان وەکو ئەوەیە دکتۆر لەجیاتی دەرمان راتێچەی کڕینی شیش و چیمەنتۆ و بلۆک، یان دەرمانی کوشتنی مێش و مێروولە بۆ نەخۆش بنووسێت.
ڕۆژنامە و کاری ڕۆژنامەوانی کارێکی زۆر جدی و وردە، هەر وشەیەک، تەنیا بەکارهێنانی فاریزە و خاڵیکیش، بەرپرسیاریەتی لەتێگەیشتن و لێکدانەوە و بەکارهێنانی زانیارییەکان دروست دەکات، ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بەتەندروستی مرۆڤەوە هەبێت، دەبێتە کارەساتێکی ترسناک.
من وەکو دیاردەیەکی خراپی ناتەندروست و نەشیاو سەیری ئەو بابەتە پزیشکی و تەندروستیانە دەکەم، کە کەسانی ناپسپۆر، بێ سەرچاوە و ئاماژەکردن بەخاوەنەکانیان بڵاوی دەکرێتەوە، سەرباری زمانی تێکشکێنراوی بەستەزمانی کوردی.
ڕۆژنامە بەرپرسە لەگوتار و بەکار‌هێنانی زانیاری و هەواڵ و بابەتەکان، بابەتە تەندروستییەکانیش لەژێر بەرپرسیاریەتی خودی ڕۆژنامەکان دایە. ڕۆژنامەکان و چاپکراوەکان وەکو ئەوەیە نۆرینگە و شوێنی پشکنینی دکتۆری پسپۆر بن، نەخۆشی و هۆکاری نەخۆشییەکان و تەنیا چارەسەریش بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا زانیاری و بابەتەکان پەیوەندییان بەژیانی کەسەکان و نەخۆشەکانەوە هەیە. نابێت هەر کەسە و بەپێی مەزاج و توانای خۆی دەست بۆ ئەم بابەتانە ببات، بەشی زۆری بابەتەکان سەرچاوەی قسەکانیان دیار نییە و جێگەی گومانن، بابەتی تەندروستی وەکو مەسەلەی بورج نووسینەکانی ڕۆژنامەوانی کوردی لێهاتووە، هەر بۆخۆشی و پێڕابواردن بەخوێنەر کەسانی نەشارەزا ئامادەی دەکەن و دوو ڕستە بەیەکەوە گرێ دەدەن، و بورجەکان دووبارەو دەبارە دەکەنەوە.
ڕۆژنامە دکتۆر نییە، بەڵام دەکرێت دکتۆری پسپۆر و شارەزا لەبارەی بابەتە تەندروستییەکان هەواڵ و زانیاری و بابەت بنووسن و بڵاوبکەنەوە، بەڵام هەر کەسە لەخۆڕاو بێ ئەوەی شارەزایی هەبێت، شت بنووسێت و بڵاوبکاتەوە، کارێکی نەگونجاوی نەشیاوی مەترسیداری دوور لەبنەمای ڕۆژنامەوانی پیشەیی ئەنجام دەدات و بەمەش خوێنەر تووشی نیگەرانی و دۆخێکی ناتەندروست دەکات.

© 2017 Hawler