تشرینی دووەم 20, 2019

بنیاتنانی مرۆڤــ پڕۆژەیەكی نیشتمانییە

بكر كریم حەسەن*

نوسەری بەناوبانگی ئەمریكی دیل كارینجی دەلێ" یەكەمجار ئەركە قورسەكان جێ بەجێ بكە، ئاسانەكان هەر لەخۆیانەوە جێ بەجێ دەبن".
بێگومان قورسترین ئەرك و بەرپرسیاریەتی لە هەر كۆمەڵگە و ووڵاتێك لە پەروەردەوە دەست پێ دەكات، بۆیە پێویستە لە پەروەردەوە دەست پێ بكەن، قورسترین ئەرك لە پەروەردە بنیاتنانی مرۆڤـــە، پێویستە مرۆڤی كوردستانی بنیات بنێین لە پەروەردە.
لێرەوە دەپرسین ئایا دیدگای پەروەردەییمان هەبووە بۆ بنیاتنانی مرۆڤـــی كوردستانی و نەخشەرێگای بنیاتنان كامە بووە ؟ یان توانیومانە سوود لە ئەزموون و شارەزایی ووڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری بنیاتنان وەربگرین؟ بێگومان وەڵامەكان روونە.
ئەوەی گرنگە پێویستە لە داهاتوودا دیدگا و نەخشە رێگای بنیاتنانی مرۆڤـــی كوردستانی رابگەیەنرێت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی پەروەردە ئەرك وبەرپرسیاریەتی بگرێتە ئەستۆ بە هاوكاری وەزارەتەكانی تری پەیوەندیدار، بەڵام ئەركی سەرەكی لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەیە، وەكو پڕۆژەیەكی نیشتمانی و نەتەوایەتی تەماشا بكرێ و كاری لەسەر بكرێ و بە چەند قۆناغ لە نێوان (10-15) ساڵ بە ووردی بۆ هەر قۆناغێك ئامادە سازی تەواو بكرێ تا بتوانین لە ئایندەدا نەوەیەكی كوردستانی بەهێز بێنینە بەرهەم نەوەیەك كە هەستێكی بەرزی هەبێت لە بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و نیشتمانی و ووشیاری رامیاری هەبێت و مەودا دوورەكان ببینێت و كەسێكی هەڵ پەرست و لاواز وخۆپەرست نەبێت، بتوانین لەو مەودایەی دیاری كراوە كەسانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و چاڵاك ئامادە بكەین، كەسانی سەركردە لە ناخ كەسانێك بڕوایان بە شكست و سەركەوتن هەبێت و لایان ئاسایی بێت و كەسانێك بتوانن كەسانی ناخ بەرز دروست بكەن، نەك كەسانی ناخ لاواز و شوێنكەوتوو بەردەوام بۆ هەموو هەوڵە شكست خواردوو و سەرنەكەوتووەكان بیانوو پاساویان هەبێت، بەڵكو كوردستان پێویستی بە كەسانی بوێر و دڵسۆز و خاوەن پڕەنسیپ و راستگۆ هەیە، كەسانێك كە لەداهاتوودا بتوانرێ چارەنووسی كۆمەڵگەی كوردستانی بەرێوەببەن لە سەرجەم بوارەكان، بۆیە ئەگەر توانیمان كەسانێك بنیات بنێین كە سوود و قازانجی گشتی نیشتمان و كۆمەڵگەی كوردستانی هەردەم لە پێش قازانج و بەرژوەندییەكانی خودی خۆی بێت، ئەوا بێگومان كەسانی بەرهەم هێن هاتوونەتە بەرهەم كە خۆشەویستی و بەرژەوەندی كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەكان دەبێت.ئەوكات تا هەتایە كوردستان ئارام و ئاوەدان و پێشكەوتوو خۆشگوزەران و بەهێز دەبێت و نموونەیەكی هەرە بەرزی پێشكەوتوو دەبێت لە ناوچەكە بەگشتی.

بەرێوەبەری گشتی چالاكی وەرزش و هونەر
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

© 2017 Hawler