تشرینی دووەم 30, 2020

شادیە عەبدلوەهاب ڕواندوزی

لە بابەتی پێشوودا باسم لەوە كرد، كە دەبێت خاوەن بڕیاربین و بۆ بڕیاردان چەند بنەمایەك هەیە دەبێت ڕەچاوی بكەین، گرنگترین بنەما ئەوەیە، دەبێت بە توانای خۆمان یەكلا بكەینەوە و بیركردنەوەمان بگۆڕین لە یەك ڕوانگە سەیری بابەتەكان نەكەین و، خۆمان نەخەینە گۆشەی بێدەسەڵاتی و بە هیچ شێوەیەك خۆمان بە بچووك و بێ هێز دانەنێین، چونكە ئافرەت بوونەوەرێكی بەهێزە، لەوانەیە كۆمەڵگا ئەوها فێری كردبین یان داب و نەریتەكان وایان كردبێت بەهۆی ئەوەی كە بەردەوام گوێمان لەوە دەبێت پیاو دەسەڵاتدارە و دەبێت بڕیارەكان بە ڕەزامەندی ئەو بێت و هەر شتێك ئەو ڕەزامەندی لەسەر نەبوو نابێت بیكەین، من دەڵێم: نەخێر ڕای من جیاوازە و هەرگیز وانییە، بەڵكو ئافرەتیش ڕۆڵی هەیە لە بڕیاردان لەسەر هەموو بابەتێك بە مەرجێك گونجاوبێت و دوورنەكەوێتەوە لە كۆمەڵگا و داب و نەریتەكان، بەڵكو بۆ پێشخستن و جوانكردن بێت و دەبێت بۆیان بسەلمێنێت كە لەگەڵ شێواندن نین و نیازمان باشتركردنە نەك تێكدان، باوەڕی تەواویشم بەوە هەیە كە لەو سەردەمەی ئێستا هیچ پیاوێكی ژیر و تێگەیشتوو ئافرەتی بێ توانا و بێ كەسایەتی قبووڵ بێت، چونكە ژیانی ئێستا زۆر جیاوازە لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو، ئافرەت لە هەموو بوارەكان كاردەكات و شوێن پەنجەی دیارە، بۆ نموونە كاری پزیشكی و ئەندازیاری و پۆلیس و شوفێری و بگرە زۆر بواری تر، كە پێشتر بە دەگمەن لەو بوارانەدا دەبینران، ئەو ئافرەتانەی كۆمەڵگا توانای پێنەداون، بەڵكو توانا و وزەی خۆیان بووە كە وای كردووە ئەو كار و پیشانەی كە نەخوازراو بوون ئێستا خوازراو بن، چونكە شتەكان بۆ جوانكردن و پێشخستنی كۆمەڵگا بووە نەك شێواندنی ئەو ئافرەتانە بە بەڵگە سەلماندوویانە كە بوونیان هەیە و گرنگن.

© 2017 Hawler