تشرینی دووەم 30, 2020

ژیان ژاڵە

توندوتیژی و ستەم لەژن، خۆ هەر لێدان و کۆتان و، گێچەڵپێکردن و، لاقە و دەسدرێژی نیە؛توندوتیژیزۆر شت دەگرێتەوە، هەندێکیان ڕوون و دیارە، هەندێکیشیان شاراوە و بنپەردە؛توندوتیژی تەمەن نازانێت؛ کیژۆڵە و کچ و ژن، ئافرەت بە گشتی ڕەنگە لە هەر تەمەنێکدا بێ، بکەوێتە بەر توندوتیژی؛ تاوێ خۆی زڵم لە خۆی دەکات، جارێ برا و، باوک و بگرە دایک ستەمی لێ دەکەن؛ کە شوویشی کرد دوور نیە مێردەکەی بیچەوسێنێتەوە؛ هەیە بە منداڵی بەشوو دەدرێت؛ هەشە گەورەبەگچکەی پێ دەکرێت؛ هەیە لاقە دەکرێ.
لێدان و کوتان، ئەشکەنجە و شینومۆرکردنەوەی جەستەو ڕاکێشانی پرچ و قژ، خەرجی‌لێگرتنەوە، ئەمانە هەمووی هەر زڵمێکە و لە ئافرەت دەکرێت؛ هەتا منداڵە، دەکرێتە قوربان براکەی! هەیە لەبەر دڵپیسی، لە خوێندن دایان‌بڕیوە؛ کە بیشچێتە ناو کۆمەڵگا، وەها دەیخەنە بەر زەڕەبین، ژینی لێ حەرام دەکەن!
ناوێرێ بە ئیسراحەت بازاڕودووکانێ بکا و، دوو پێداویستی بۆ خۆی بکڕێت؛ کە بازاڕکردنێکی پێ ڕەوا نەبینن، وەرە دیار ئەوەی بیەوێ خۆشەویستیەک بکا، یان بە مەیل و بە دڵی خۆی، هاوسەر و هاودەمێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت! لە هەموو خراپتر، گەربێتو جیا ببێتەوە یان داوای تەڵاق بکا، ئەوە عەیب و شوورەییەکی زۆر گەورەیە!
تۆ سەیر ئەو ناووناتۆرە ناشیرینانەی لە ئافرەتی دەنێن: قەیرەکچ؛زایفە؛داماو!
پیاو، کە جنێویش دەدەن بەر دەبنە گیان ژن و خوشک و دایکی یەکدی! خۆیان گوتەنی "جنێوی نامووسی".
ئافرەت هەتا کچە، کەس حیسابی بۆ ناکات؛ کە شوویشی کرد و، بوو بە دایکی منداڵانیش، هێشتایش هەر پەراوێز دەخرێ، بۆ هیچ بابەتێکی گرنگ، ڕاوێژی پێ ناکەن! ئیتر وردەوردە وای لێ دەکەن متمانە و بڕوای بە خۆی نەمێنێت و، بە خۆیدا نەپەرمێتەوە.
کە دەچێتە بازاڕ، ناچارە دایمەن خۆی لە نێرەوز و نێرینە لا بدات و، خۆی لێیان بدزێتەوە، نەکا گێچەڵی پێ بکەن و، تەعلیقی لێ بدەن و دەستی بۆ ببەن و، تەنانەت بیڕفێنن و، لاقەی بکەن.
ئافرەت بە دڵێکی پاکەوە خۆشەویستی دەکا، بەڵام دایمە دەترسێ نەکا دوایی لێی ببێت بە کێشە و، کوڕە خۆشەویستەکەی جارانی لێی ببێتە بەڵا و، وێنە و نهێنیەکی لێ بدرکێنێت؛ هەیە بەو شتانە،کوڕ،کچە خۆشەویستەکەی جارانی دەترسێنێت و هەڕەشەی لێ دەکات و، ملکەچی هەموو داواکاریەکی نابەجێی دەکا.
پیاو چاوەڕێیە کەینێ ئاڵۆشی جووڵا، ئافرەت تێری بکا؛ کەچی پاش تێربوونەکەی ئافرەتەکە سەرکۆنە دەکا و، بە سووک و بێئابڕووی دەزانێت!
کە ئافرەتمان لە سێ بواری کابانیو منداڵ‌بەخێوکردنو سەرجێییکردنداقەتیس کردەوە، بێجگە لەوەی زڵمێکی گەورەیە، کۆمەڵگاشمان لەو هەموو توانستەی تری ئافرەت بێبەش کردووە.
زۆر ژن کەزبڵی ماڵەوەش دەنێتە دەرەوە، دەستێک بە خۆیدا دێنێت تاوەکو جوانتر بنوێنێت،ئەوە خۆی لە خۆیدا توندوتێژیەکە لە ژن دەکرێت؛ کە ژن، تاکە هێزی خۆی لە جوانی و لەدۆزینەوەی مێرد و شوودا ببینێتەوە،توندوتیژی زۆر دەمێکە قەوماوە.
کە بۆوەرگرتنی ژنان لە ئیش‌وکار، جوانی و گفتولفتی خۆشبکرێتە پێوەر و پێودانگنەک شارەزایی، ئەوا توندوتێژیلە ژن بەردەوامە؛کە بەرزبوونەوەی پلە و پایەی ژن، بە سەرجێییکردنەوە بەند بێت، ئەوە ئەوپەڕیتوندوتیژیە.
کە پەرلەمان و،دادگا و، و زانکۆ و شوێنە هەستیارەکانی کۆمەڵگامان لە ژن بەتاڵ کرد، شەقام پڕ دەکەین لەو ئافرەتانەی لە خۆڕازاندنەوە نەبێ هیچی تر شک نابەن؛ ئاقیبەتیش یان دەبن بە کابانی ماڵەوە یا بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە؛ تاڵتر لە هەمووشی ئەوەیە کە پەروەردەکردنی نەوەی نۆێ دەدەینە دەستی ئەو ژنانەوە واخۆیان پەروەردە نەکراون!ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بازنەیەکی بەتاڵی بێبەرهەمدا دەخولێتەوە و لێی نابێتەوە.

© 2017 Hawler