
Error: No articles to display
عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی
دوێنێ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، به‌یاننامه‌یه‌كی سیاسییانه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیان بڵاو كرده‌وه.
به‌ر له‌وه‌ی گفتوگۆی لۆگیك و نێوه‌رۆكی نامه‌كه‌ی ئه‌م (به‌ڕێوبه‌ره ئاخرزه‌مانه) بكه‌ین، ده‌بێت خاڵێك له (به‌رژه‌وه‌ندی) نامهنوسهكه ده‌ستنیشان بكه‌ین كه وا بزانم به‌و خاڵه ناوی ده‌چێته تۆماری دانسقه‌كانی دنیاوه: یه‌كه‌مین به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌یه نه‌ك له كوردستان و ناوچه‌كه، بگره له مێژوودا، به‌و ئاشكراییه داوای داخستنی ده‌رگای قوتابخانه‌كان و وه‌ستاندنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن بكات.
ویستم ئه‌م چه‌ند دێڕه به داوایه‌ك له پارێزگاری سلێمانی ده‌ست پێبكه‌م. تكای لێبكه‌م فریای منداڵانی سلێمانی بكه‌وێت كه ساڵانه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی وه‌رزی خوێندندا، ده‌بنه كه‌ره‌سه‌ی موزایه‌ده‌ی سیاسی و پێفرۆشتنی نیشتیمانپه‌روه‌ریی، وه‌لێ ڕاستییه‌كه‌ی، دوودڵ بووم. ئاخر كێ ده‌ڵێ تا بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه، جه‌نابی پارێزگار خۆی به‌یاننامه‌یه‌كی له نامه‌كه‌ی جه‌نابی مودیر سیاسییانه‌تر و ئاگرینتر ده‌رناكات.
جه‌نابی مودیر له سه‌ره‌تای نامه‌كه‌دا به ئاشكرا ته‌خوینی ئه‌و حكوومه‌ته ده‌كات كه خۆی مودیری عامه تێیدا!! باشه كه پێیوایه (ئه‌م دۆخه‌ی ئێستێ به‌رهه‌می 26ساڵ حوكمی كوردی و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی نیشتیمانه‌كه‌مانه)، بۆچی جه‌نابیان قبوڵ ده‌كات به‌ڕێوبه‌ری گشتی پارێزگایه‌ك بێت له‌و (حوكمه كوردی)یه‌دا؟ ئه‌رێ به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌تان بینیووه به حكوومه‌ته‌كه‌ی خۆی بڵێت: حوكمی كوردی؟ به‌ڕاست بۆ ئه‌وه ماوه‌ته‌وه تا به مامۆستایان بڵێ ده‌وام بكه‌ن و منداڵانی كوردستان له خوێندن و په‌روه‌رده بێبه‌ش مه‌كه‌ن و هێنده‌ی تر پاڵه‌په‌ستۆ مه‌خه‌نه سه‌ر خێزانه‌كانیان، یان تا (شه‌رعییه‌تێكی ئیداری) بدات به‌و بایكۆته‌ی هه‌ندێك حزبی نامه‌سئوولی كوردستان داوای ده‌كه‌ن، تا كورسییه‌كانی خۆیان و بهشهگهندهڵیهكهیان زیاتر بێت؟
له جێیه‌كی تری نامه‌كه‌دا، ده‌یه‌وێت به‌هانه‌یه‌ك بۆ داوا ناڕه‌واكه‌ی له مامۆستایان بكات، گوایه (خۆپیشاندانه‌كانی پاروپێرار مه‌ده‌نییانه بوون و هی ئه‌مساڵ دیاره توندوتیژی تێكه‌وتووه). مه‌گه‌ر له خۆیشاندانهكانی پاردا، ده‌یان باره‌گا نه‌سووتێنران؟ ژماره‌یه‌ك كوڕی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌یان به‌كوشت نه‌دا؟ ئه‌ی مێرمنداڵاێك له نێو ئاگری باره‌گایه‌كدا كه هاوه‌ڵه‌كانی (موزاههرهچییهكانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ) سووتاندبوویان، گیری نه‌خوارد و سووتا و جه‌رگی خێزانه‌كه‌شی سووتاند؟ باسی كام موزاهه‌ره‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌یت مامۆستا؟
له به‌شێكی تری نامه‌كه‌دا جه‌نابی مودیری عام ڕووی ده‌كاته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆ و داوایان لێده‌كات ڕێزی موزاههرهچییهكان بگرن و بیریان دێنێته‌وه كه شه‌رمه مامۆستا كه په‌روه‌ردكاری ئه‌وانه و به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌یه بگیرێت. ئه‌وه‌یان كه پێویسته هێزه‌كانی ناوخۆ پارێزه‌ری خۆپیشاندان و خۆپیشانده‌ران بن و ڕێزیان لێ بگرن، ئه‌مه‌یان ڕاستینهیهكی بێ چهندوچوونه، وه‌لێ وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: قسه‌یه‌كی هه‌قه كه مه‌به‌سته‌كه‌ی ناهه‌قه. ئاخر ئه‌وكاته ڕێز و پاراستنی خۆپیشانده‌ر ئه‌ركی هێزه‌كانی ناوخۆ و بگره هه‌موومانه كه به‌ڕاستی خۆپیشانده‌ر بێت، نه‌ك قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و داییره‌ی تاپۆ و شاره‌وانی و هاتوچۆ بسووتێنێت. بیریشت نه‌چێت، ڕێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌و قوتابیانه‌ی له خوێندن مه‌حروومیان ده‌كه‌یت و دهیانێریتهوه ماڵه‌وه، كوڕ و كچی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی ناوخۆن. ئاخر ئه‌م جۆره نامه و پێفرۆشتنانهی وه‌ك ئه‌م نامه‌یه‌ی جه‌نابی مودیری عامه وایكرد، ئه‌و (مامۆستا)یه‌ی به بیست ساڵ مامۆستایه‌تی كه‌سی وا نه‌یناسی، كه‌چی كه له موزاههرهكانی پاردا له بندیوارێكهوه جنێوی به پۆلیس ده‌دا، به داخه‌وه بووه (ڕه‌مز) و جنێوه‌كانی بوونه ئیدیۆمی جیلێكی سلێمانی.
نامه‌كه، قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام دوا بڕگه‌ی له هه‌مووی عهنتیكهتره. جه‌نابیان داوای پێكهێنانی حكوومه‌تێكی بچووككراوه یان كاتی یان ڕزگاریی نیشتیمانی ده‌كات. جه‌نابی مودیری عام ئازاده، وه‌ك هاووڵاتی یان كادێری حزبێكی كوردستان، داوایه‌كی وا بكات، به‌ڵام عهجایبهكه له‌وه‌دایه؛ به ناوی به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانییه‌وه داوایه‌كی وا بكات.
ڕاستتان ده‌وێت، مرۆڤ ده‌مێك نامه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، جه‌رگی بۆ سلێمانی و منداڵانی سلێمانی ژان ده‌كات و ئه‌و هه‌زاران مامامۆستا و پهروهردكاره مه‌زنانه‌ی جارانی سلێمانی بیردێته‌وه.
شا به تاقه‌تتان مامۆستایان و قوتابیانی شار.