تشرینی دووەم 12, 2019

نێچیرڤان بارزانی بۆمبەکانی بەغدای پوچەڵ کردەوە

گەرچی ئامانج و خەونی بەغداد لە دوای رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر لە داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانەوە هەڵکشا بۆ کۆتایی ھێنان بە یەکە فیدراڵیەکەی هەرێم، بەڵام ئەو خەونە وێڕای پشتگیریی و بێدەنگی هەرێمی و نێونەتەوەیی دواجار و بە هێزی بەرگری پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا لە لایەک و هێزی نەرم ( soft power)ی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە کاپتنەکەی نێچیرڤان بارزانی یە لە لایەکی ترەوە بۆ هەمیشە پوکایەوە، بەغدا لە دوای رووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر و خیانەتی ڕوونی هەندێک سیاسیی خۆماڵی وایدەبینی براوەی جەنگە، لێ نەیزانی لە ململانێدا ئەنجام گرنگە نەک پێشڤەچوونی کاتی.
داخستنی دەرگا دیبلۆماسی و سیاسیەکان و فشاری ئابووری و بەڵێنی بێ کرداری بەغدا دژ بە خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکدا بوو تەنانەت دۆستەکانی کورد لە هەستانەوەی کورد بۆ جارێکی تر بێ ئومێد بوون، ئا لەو ساتەدا نێچیرڤان بارزانی بە جوڵەی ورد و بڕوای بەهێزەوە هەنگاوەکانی لە بواری دیبلۆماسی دەست پێکرد و ئەنجامەکانیشی جگە لە شکاندنی کۆتی سیاسیی و دیبلۆماسی، بۆ جارێکی تر کورد و دۆزەکەی بردەوە لوتکە، دوایین دیدارەکانی بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان لە میونشن و کێش کردنی چاوی گەورە بەرپرسانی جیهان سەلمێنەری تواناکانی نێچیرڤان بارزانین.
ئەم هەنگاوانە بێگومان بێ پشتگیریی و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان نەدەهاتنە بوون، هەر ئەوەش بەغدای ناچار کرد لە خەونی کۆتایی ھێنان بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، دانیشتن و دیالۆگ بکاتە بژاردە بە ناچاری.
لەو چوارچێوەشدا بڕیارە نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی لە میونشن کۆ ببنەوە و چاوەرێی ئەوەش دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا زۆرینەی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت، کوردیش لەو کۆبوونەوەیەدا دوای سەرکەوتنی لە بڕینی ئاستەنگەکان بە نوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی بەو پەڕی هێزەوە خاڵەکانی دەخاتە ڕووی بەغداد

 

ئەردەڵان هەڵەبجەیی
.

© 2017 Hawler