تشرینی دووەم 12, 2019

کوردستانی دوای ڕیفراندۆم لە میونیخ

هاودەنگ فاروق

 

بەشداری چەند ساڵەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی نێونەتەوەیی میونخ بۆ سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەری زۆری لە سەر گرنگیدانی زیاتری وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و هەڵکشانی پێگەی کورد هەبوو.
بەشداریکردنی ئەمساڵی سەرۆکی حکومەتی کوردستان و شاندی باڵای یاوەری، لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدایە، یەکەم: کورد لە شەڕی داعشدا سەرکەوتوو بووە و ئەفسانەی دەوڵەتی خەلافەتی لە گۆڕنا، دوووەم: گەلی کوردستان ئامانجی سەربەخۆیخوازانەی خۆیی لە ریفراندۆمێکی دیموکراتیانەدا بەیان کرد و بە هەموو دنیای ڕاگەیاند کە گەلی کوردستان دەیەوێ بە ئاشتی و دیالۆگ لە عیراق جیابێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت.
بەشداربوونی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی کاریگەری پڕ بەهای بۆ کوردستان دەبێت، چونکە دوای ڕیفراندۆم و هێرشی عەسکەری حکوومەتی عەبادی و ئابڵوقەدانی هەرێمی کوردستان، کورد دەتوانێ لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا سەربەرزانەتر و لە مەوقیعی هێزی سەربەخۆیخوازانەی زۆرینەی گەلی کوردستانەوە بە ئاشکرا و ڕاشکاوانەتر قسەی خۆی لە بارەی گرنگی پێگە و جیۆسیاسی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا هەبێ و جارێکی دی بیری کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی دینێتەوە کە کورد لە شەڕی داعشدا هەم قوربانی و ئامانجی ڕاستەوخۆی تیرۆرستان بوو، هەمیش لە تێکشکاندنی ئەفسانەی دەوڵەتی تیرۆریستی خەلافەتدا پێشەنگ و تاکە سوارەی مەیدان بووە، تاکە هێزی نەبەزی سەر زەمینی هاوکاری سەرڕاست و متمانپێکراوی هاوپەیمانان بووە، هەروەک لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا کوردستان بە حوکمی جوگرافیا گرینگەکەی کە لە ناوچەی گەرمی ڕووداوەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدایە دەتوانێ هاوکار و هەماهەنگی هەموو ئەو وڵاتانە بێت کە لە بەرەی دژایەتیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدان.
ئێستا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای کاراکردنی دیالۆگی هەولێر – بەغدا دەکات و کوردستانێکی بەهێزیان لە چوارچێوەی عێراقدا دەوێ، کوردستان لە قۆناغی دوای شکانی داعش و ئەنجامدانی سەرکەوتوانەی ڕیفراندۆمدایە، بۆیە وەک چۆن کوردستان پێویستی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ گوشارخستنە سەربەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ قۆناغی سەقامگیری ناوچەکە و عیراق، پێویستیان بە کوردستان و هێزی پێشمەرگەیە، لێ کوردستان کرداری لە ئەورووپا و ئەمەریکا دەوێت، گوتاری پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕ دەکات کۆتایی هات.
ئێستا سەرۆکی حکومەتی کوردستان سیاسەتێکی حەکیمانە بۆ دەربازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئابلۆقەی دیبلۆماسی و قەیرانی دارایی گەلی کوردستان بەڕێوەدەبات، هەموو ئەم هەنگاوانەش لە ئایندەی نێزیکدا مژدەبەخشن و کاریگەرییان بە سەر دۆخی سیاسیی و ئابووری کوردستان دەبێت، با چاوەڕوان بین و لۆکاڵیانە چاو لە جووڵە و جەولە دیبلۆماسییەکانی بارزانی نەکەین، بە چاوی ئومێدی مەزنتر لێی بڕوانین.

© 2017 Hawler