ئایار 22, 2022

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

مەترسیدارتر، لەمەترسی!!

غازی حەسەن

ئەو دۆخەی چەند ساڵێکە لەهەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت، هەندێک کاڤ دوور نەبووە لەبەجەهەنەم کردنی و بەکارهێنانی هاووڵاتیان بەمەبەستی شەرعیەت دان بەدژەکردەوەی سیاسی، بۆ ئەنجامدانی هەڵگێڕو وەرگێڕێکی ئیداری، کە ئەنجامەکی چاکسازیی و بیناکردنی دامودەزگای دەستوریی و یاسایی. بەلکو دەرهێنانی فەرش لەژێر پێی لایەنەکانی دەسەڵاتە، بۆ راخستنی لەبەردەم پێی هەندێکی دیکە، کە شێتی دەسەڵاتن، نەک خزمەتگوازی هاووڵاتی.

گوتارێک کەناویان لێناوە "چاکسازی و دابینکردنی دادپەروەریی و یەکسانی و دەسەڵاتێکی شایستە" رێک لەو کەسێکی مەلای مەشهور ئاسا دەچێت، لەسەر لکە دارێک بێت و ببڕێتەوە، ئەمە چ گەمژەییەکە!!. گوتاری "بەستنەوەی موچە و ژیانی خەڵک بەشێوەی حوکمڕانی" جۆرێکە لەژەهرخواردکردنی نەخۆشێک، بۆ ئەوەی زووتر بمرێت. هەروەها گوتاری" خۆ بەئۆپۆزسیۆن زانین" وەکو ئەوە وایە تۆ ماڵکێکت هەبێت ئاگری تێبەردەیت، تاکو خەڵکی دیکە بەهاناتەوە بێن، رێک تۆ "کەسێکی چەوساوەی رەنج بەخەساری پاشۆل کونی".

کارەسات لەوەدەدایە هەموو لایەک دەبێژن ئێمە لەگەڵ داوای خەڵکین، ئەدی کێ دژی خواستەکانی خەڵکە، هەیانە دەڵێت دەبێت بێ توندتیژی خۆپیشاندان بۆ مافە ڕەواکان بکرێت، هەشیانە دەڵێت (خامۆشتان ) دەکەین. ئەمە چ گوتارێکە؟!! سەرشێتانە لەکوردستاندا پیادە دەکرێت.

گوتاری بەغدا ئەوەیە "دەبێت حکوومەتی هەرێم بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ خەڵکی خۆپیشاندەر بکات، ئەگەر نا دەستەوەستان نابین" ئەمە خۆی لەخۆیدا گوتاری هەڕەشەیەو ئاشکراکردنی نیەت و مەبەستی بەغدایە، ئەرێ خێرە بەغدا هێندە خەمخۆری موچەی خەڵکە، لەکاتێکدا، پتر لەچەند ساڵە خۆی موچەی ئەو خەڵکەی بڕیوە. ئەوانەی لەسەرەتاوە هاندەر و رێنوێنی کەری ئەو خۆپیشاندانە بوون، ئێستا گوتاریان ئەوەیە دەڵێن، نابێت توندتیژی و پەلاماردانی بارەگاکان و دامودەزگای حکوومەت ئەنجام بدرێت، واتا ئەوان لەپشتەوە نەرمە سەرکردایەتییەکی گوتاری توڕەیی خەڵک دەکەن. (گۆڕان و کۆمەڵ) گوتاریان کشانەوەیە لەحکوومەت، گوتارەکەیان بەرهەمهێنەرەوەی رووداوەکانی شەقامە. بەرهەم سالحیش دەڵێت: خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخواز مافێكی ڕەوای خەڵكە بۆ حوكمڕانی باش و دادەپەروەر و بژێوی ژیان، چارەسەر بۆ كێشەی خەڵك و قەیرانی حوكمڕانی،‌ هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد و گەڕانەوەیە بۆ بڕیاری گەل".

ئایا گوتاری بەدیهێنانی دەسەڵاتێکی باش، گوزەرانێکی باش، بەچ مۆدێلێکی سیاسی چارەسەر دەبێت؟ ئایا خۆپیشاندان رێگە چارەیە، یان دەیانەوێت لەم رێگەیەوە دەنگ کۆبکەنەوە، لایان گرینگ نییە، ئەنجامی ئەم دەنگانە چ دروست دەکات!!!

گوتاری دەسەڵاتێکی دادپەروەر، چەند ساڵە لەکوردستاندا بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵام هەموو ئەوانەی ئێستا، دەیانەوێت بۆ دەنگدان نیشانی بدەن لەدەرەوەی دەسەڵاتن و کەسانی پاک و حزبی نموونەیی و ئیمانداری چاکن، پێوسیتە بیزانن شەریکە بەش و هاوبەشی هەموو کار و نەریت و خوڕەوشتێکی بیست‌ و پێنج ساڵەی رابردووی دەسەڵاتن.

گوتاری حکومەتێکی "شایستە و باش و دادپەروەر" بۆ ئەوە نییە، مافی خەڵک دادپەروەرانە دابینبکرێت، گوتاری ئەم گروپە سیاسیانە هەندێکیان کوتومت گوتاری (ئێران و بەغدایە)، چونکە بینیمان ئەو دوو دەوڵەتە، نەیانتوانی کۆتایی بەدەسەڵاتی هەرێم بهێنن، بەڵام دیارە ئێستا دەیانەوێت، بەرێگەی دیکەی درێژە بەکەوتنی هەولێر بدەن، وەکو سیاسییەکی کوردی گوتی "ئێران پەلەی لەم هەنگاوە کرد". لەبەر ئەوە دەبێژین ئەمەی روودەدات کارێکی زۆر مەترسیدارترە لەمەترسی.

رۆژنامەی ئەلحەیاتی لەندەنی لەراپۆرتێکیدا دەڵێت "ترس لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەرێم هەیە" لەژمارەیەکی دیکەشیدا دەنووسێت" ترسی هاتنە ناوەوەی بەغدا هەیە". گوتارەی رۆژنامەکە، نیشانی دەدات، لەقۆناغی یەکەمدا دەبێت "کێشە رووبدات"، دووەمجاریش حکوومەتی بەغدا و ئێران بەناڕاستەوخۆیی بێنە ناو سلێمانی و داگیری بکەن، لەرێگەی گوتارێکی هەنجەتدار، پاساوی کۆنترۆلکردنی پارێزگاکە بهێننەوە، ئینجا لەقۆناغی سێیەمدا کار بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان بەگشتی بکەن.

ئەم پڕۆسەیە پێش ئێستا و چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە، پێشتر کێشەی موچە نەبوو، بڕینی بودجەی هەرێم لەسەردەمی مالکی و خراپتربوونی لەسەردەمی عەبادی و دواتریش ئاڕاستەکردنی داعش دژی هەرێمی کوردستان و پاشدان داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە و ئێستاش هاندان و بەکارهێنانی گوتاری "راپەڕینی خەڵک بۆ مووچە" دژی دەسەڵاتی هەرێم بەکاردەهێنن. ترسەکە لەوەدایە، هەندێک لایەنی سیاسی بەبڕوبیانووی جوداجودا دەیانەوێت گوتارێکی دژەکردەوە راپەڕێنن، کە مەبەستی سەرەکی چاککردنی سیستەمی حکومڕانی و ژیانی خەڵک نییە، بەلکو ئەمانە تەنیا پاساوێکی کاتی فریودەرانەی چەواشەکارانەیە، بۆ یەکتر سڕینەوەی حزبی، بۆ سزدانی دەسەڵاتی هەرێم (بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان)، بەکارهێنانی کێشەی موچە و گوزەرانی هاووڵاتیانە بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەی سیاسی نێوان لایەنەکان، دیارە ئەمە لەگوتاری راستەوخۆی لایەنە (دژکردەوەکان/ کۆمەڵ و گۆڕان بەنموونە) و لەرق راچووەکانە، بەڵام گوتاری ناڕاستەوخۆشیان هەیە، کە بریتییە لە(گۆڕینی حکوومەت)، تەنیا هەندێکیان دەڵێن بەگۆڕینی حکوومەتیش ئەم دۆخە چارەسەر ناکرێت، واتا دەبێت هەموو شتێک تێکبچێت، ئەمەش سیاسەتی بێ هیوابوون و خۆبەدەستەوەدانە. گوتاری شاراوەی کێشانیش بریتییە لەوەی هەندێک گروپی نێو یەکێتی ئاگرەکەیان سازدا و لەراگەیاندنی فەرمیشیان بڵاویانکردەوە و دەڵێن (پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش و حكومڕانییەكی شایستە بەگەل)، ئەمە قسەی هەر کەسێکی بەرپرسیار بێت، حکومڕانی (بەشایستە) نەزانێت و داواش لەخەڵک بکات توندتیژی بەکارنەهێنن، واتای وایە، ئەم کەسە لەرووداوەکان نەگەیشتووە، بێگومان هەر کەسێکی عاقڵ، هەر خۆنیشاندەرێکی توڕەی رۆژەهەڵاتی، کە بەدەیان ئاڕاستەو لەدەیان شوێنی نادیارەوە ئاڕاستە بکرێت، دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ (حکومەتێک، فکرێک، یان هەر کەرەسەتەیەکی ئاسایی رۆژانە)دەکات، کە (ناشایستەیە). ناشایستە پێویستە تێهەڵدرێت و شتێکی شایستە، یان حوکمڕانی و فکرێکی شایستە بێتەجێی.

بۆیە دەڵێم مەترسیدارترە لەمەترسی، ئەگەر بەم دۆخە رانەگەن، ئەوە پێش ئەوەی پارتی زیان بکات، گەلی کوردستان زیانی پێدەگات، پێش ئەوەی هەولێر بکەوێت، سلێمانی دەسوتێندرێت! تکایە سلێمانیش بەدەردی کەرکووک مەبەن، چونکە دەنزام لەهەولێر کەسانێک و هێزێک هەیە داکۆکی بکات و بەرگری بکات، بەڵام لەسلێمانی خەریکە رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزتر لەئاڵۆز و مەترسیدارتر لەمەترسی دەچێت.

© 2017 Hawler