تشرینی یەکەم 27, 2020

عفرین قەڵایەك لە بەرخودان و شكۆی نەتەوەیەك

ڕێكان مستەفا گوێزڵینگەیی

 

عەفرین كە ئێستا بۆتە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانیەكان لە نێوان هێرشی سەربازی توركیا و بەرگری شەڕڤانان خەریكە دەبێتە داستانێكی تری گەورەی كوردان لە پێناو پاراستنی شكۆ و مانەوەی نەتەوەیەكی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ناوی نەتەوەی كوردە، ئەم داستانەی عەفرینیش دەچێتە پاڵ داستانەكانی كۆبانێ و شنگال و پردێ و تلسقۆف و محموودیە لە باشور و تەواوی ئەو داستانانەی لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی میللەتی كورد تۆماركراوون. لەگەڵ دروست بوونی داعش لە سوریا و پاشان هاتنیان بۆ عێراق كورد چ وەك"پێشمەرگە"ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان لە سوریا بەشێكی كارایی ناو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بوون لە دژی تیرۆرستانی داعش كە دەورێكی كاریگەریشیان هەبوو لە ئازادكردنی (موسڵ) لە عێراق و (رەقە)ی پایتەختی خەلافەت لە سوریا، بەرخودانی پێشمەرگە و شەڕڤانان جگە لە ئازادكردن و پاراستنی ناوچە كوردیەكان شەڕكردن بوو لە جیاتی هەموو جیهان، چونكە داعش ببووە هەڕەشەیەكی جدی لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپا و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، كورد لە(سوریا و عێراق) خوێنێكی زۆری بەخشی لە پێناو مرۆڤایەتی و ئاسایشی جیهانی، بەڵام كاتێك كوردستان بە تایبەت كەركوك كەوتە بەر پەلاماری میلیشیاكانی حشدی شەعبی جیهان (خۆرئاوا) بێدەنگی هەڵبژارد و قوربانیەكانی كوردیان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە بیرچوویەوە و لە 16ی ئۆكتۆبەری2017، كاتێك حەشدی شەعبی پەلاماری كەركوك و هەرێمی كوردستانیدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێكی ئەتۆیی نەبوو تا دواجار بە ڕێككەتنی باڵێكی دەسترۆیشتووی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ حەشدی شەعبی یەكێتی پاشەكشەی بە هێزەكانی كرد لە كەركووك و سەرەنجام كەركووك كەوتەوە دەست حكومەتی عێراق كە لە ساڵی (2014)وە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە دابوو. هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش هێشتان نەحەسابوونەوە لە شەكەتی و ماندووبوونی جەنگانیان لە دژی داعش لە پێدەشتەكانی ئەو نیشتیمانی عەرەبەی كە تەنها خوای لە گەڵ كوردان یەكە توشی شەرێكی تر بوونەوە لە عەفرین لە گەڵ دۆستێكی لە مێژینەی ئەمریكا و هەنووكەی رووسیا كە توركیایە، بەڵام ئیرادەی پۆڵاینی خەڵكی كوردستانی سوریا بۆ پارێزگاری كردن لە خاك و گەل و ئازادی چۆك بە هەرهەوڵێك دادەدات بۆ داگیركاری، توركیا هەبوونی پارتی یەكێتی دیموكراتێك(پەیەدە) كە بە تیرۆرست ناویان دەبات جیایان ناكاتەوە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە رووی توانایی سەربازییەوە زۆر بە هێزترە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ئەمەش نابەرامبەری درووست دەكات لە جەنگدا، بەڵام لە بەرامبەر هەبوونی ئیرادەی بەرگریكارانەی كوردانی سوریا بێكاریگەربووە و نەیتوانیوە شاری عەفرین داگیر بكات، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قوربانیەكانی كوردانی سوریا لە دژی تیرۆرستان لە یاد نەكات كە تاكە هێزی باوەرپێكراوی هاوپەیمانانن لە سوریا قوربانی ئەو ژنە شەڕڤانانە لە یاد نەكات كە هەموو جیهانیان توشی شۆك كرد بە بەرخودانی و خۆراگریان و جەنگانیان بۆ ئازادی. وەك ئاشكرایە لە سەد ساڵی رابردوو ئەو دەوڵەتانەی كە بە پێی ڕێككەوتننامەی سایكس_پیكۆ كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە لە ژێر ناوی پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سەروەری دەوڵەت دژایەتی هەمووجۆرە جوڵانەوەیەكی كوردستانیان كردووە و گەلەكۆمەیان لە دەیان شۆرشی كوردان كردووە، لە هەچوارپارچەی كوردستان هەرلە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و كۆماری مهاباد تا دەگاتە شۆڕشی مەزنی ئەیلول، بەڵام لە كۆتاییدا سەركەوتن بۆ ئەو هێزە ئازادیخوازانەیە كە هەڵگری دۆزێكی رەوان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی گەلانیان تێدەكۆشن.

© 2017 Hawler