تشرینی یەکەم 27, 2020

كوردستانێكی بەهێز بۆ گێڕانەوەی شكۆی سەركەوتنەكانی دژی داعش

فەرهاد محەمەد

 

هێشتا ماوە تەواوی نهێنیی ئەو پیلانە ئاشكرا بێت كە لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی پار بۆ نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان داڕێژدرابوو، پیلانەكەش هەر بەو جۆرە داڕێژدرابوو كە لە ماوەی كەمتر لە چەند رۆژێك هەموو شت كۆتایی بێت و شتێك بە ناوی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بوونی نەمێنێت، بەڵام كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحمودیە رووبەڕووی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق بووەوە كە بە چەكی ئەمریكی و هاوپەیمانان دەیانەویست كوردستان داگیربكەنەوەو پاشان زۆر خراپ تێكشێندران، ئەمە بووە سەرەتای سنووردانان بۆ ئەو پیلانە گەورەی بۆ كوردستان چنرابوو.
حەیدەر عەبادی كە تێكشكاندنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقی بە چەكی ئەمریكی بەدەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بینی، بە جۆرێك كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدابوو، دەیگوت: «هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕووی هێزەكانی ئیتحادی بوونەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە!» عەبادی ئەوەی لەبیرخۆی بردبۆوە، كە نەك بەكارهێنانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو جووڵاندنی هێزی ئیتحادی لە دژی كوردستان، ئەوا نەك هەر پێشێلكردنی دەستوورە، بەڵكو نەهێشتنی دەستوورە لە عێراقدا. هەربۆیە راستەوخۆ دوای ئەم قارەمانییەی هێزەكانی پێشمەرگە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمریكا پشتگیری لە كوردستانێكی بەهێز لەناو دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی بەهێزدا دەكات.
لەم چوارچێوەیەدا، كۆدێكی دیكەی بێدەنگییەكەی بارزانی، بواردانە بەو لێدوانەی كە ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چارەنووسی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا جەختی لەسەر دەكەنەوە، لەلایەكی دیكەش هەر لەچوارچێوەی ئەم بێدەنگییەی پەیامێكی دیكەی بە هەمووان راگەیاندووە، ئەگەر شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگژەی نێوان هەولێر و بەغدا، هەر بەوجۆرەی ئێستا بەڕێوەبچێت و هەوڵبدرێت بە گەمەكردن بە كات، ئەمری واقیعی سەربازی بەسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بسەپێنرێت و سیاسەتی برسیكردن و گەمارۆی ئابووری و ئاسمانی لەسەر كوردستان بەردەوام بێت، ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانێت ئەو ئەمری واقیعە بگۆڕێت و ئەمری واقیعێكی دیكە دروست بكاتەوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە، پرسیارەكە بە دیوێكی دیكەدا بكەین و بپرسین، لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشكردنە سەر كوردستان و داگیركردنەوەی بەشێك لەخاكەكەی، ئایا شكۆ و پێگەی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا و ناوچەكە بەهێز بووە، یان لاواز بووە؟ لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بە تێروتەسەلی لە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە كۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایشی جیهان دەدرێتەوە و هەر لە ئێستاوە لەناونیشانی ئەو راپۆرتەوە دیارە كە بۆ كۆنگرەكە بەناونیشانی (جیهان لەسەر لێواری هەڵدێرە – To the Brink –and Back ) ئامادەكراوە، ئەم راپۆرتە كە بەشێوەیەكی گشتگیر هۆكارگەلێكی زۆری بۆ ئەم هەڵدێرە ئاماژە پێكردووە، بەڵام كەدێتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بارودۆخی سووریا و عێراق، تەواو جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە چۆن ئەمریكا و رۆژئاوا، رۆڵیان بۆتە لاوەكی لەئاستی ئێران و توركیا و رووسیا، لەمەش زیاتر دووبارە پەنابردنەوەی رژێمی ئەسەد بۆ بەكارهێنانەوەی چەكی كیمیایی و هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین، دوو ئاماژەی دیكەن بۆ ئەوەی ئەمریكا و رۆژئاوا، لەدوای هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر كوردستان چەند رۆڵیان پاشەكشەی كردووە. ئەمریكای سەردەمی ترەمپ، هەر ئەو ئەمریكایە كە لە ئایاری 2017 و بەبیانووی ئەوەی لە كۆگایەكدا چەكی كیمیایی هەیە، بێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس و نەتەوە یەكگرتووەكان، دیمەشقی رۆكێتباران كرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەوەی كوردستان لاواز كرا، ئەوا چەند رۆژێكە رژێمی ئەسەد دەستی كردۆتەوە بە كیمیابارانكردنی گەلەكەی خۆی، بەڵام ئەمریكا بێدەنگە و ناشتوانیت هیچ بكات، هەر بۆیە دەوڵەتی سوید بەپەلە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كردووە، بۆ ماوەی یەك مانگ ئاگربەس لە سووریا رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت هاوكاری مرۆیی بگەیەنرێتە لێقەوماوانی غۆتە.
لە ئێستادا ئەمریكا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش، ئەوەیان بۆ دەركەوتووە، لەدوای ئەوەی كوردستان كەوتە بەر هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق و دوچاری جۆرێك لە كارەسات و پاشەكشە لە پێگەی پێشووی خۆی بووەوە، ئێستا ئەم پاشەكشەی كوردستان، تەنیا نەبۆتە هۆی ئەوەی كوردستان و هێزی پێشمەرگە وەك پاڵەوانی شەڕی دژی داعش لەسەركەوتنەكان بێبەش بن، بەڵكو تەواوی ئەو هاوكاری و بەشدارییەی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە فاكتەری سەرەكی بوون بۆ رووخانی خەلافەتی داعش، وەك دیارییەكی بەلاش دراوە بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی سووریا و حزبوڵای لوبنانی و لەمەش زیاتر هەر ئەو میلیشیایانە هەڕەشە لە كوردستان و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیی دژی داعش دەكەن.
لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و رۆژئاواش لە ناوچەكە، هەست بەوە دەكرێت، دوای ئەوەی كوردستان بەهۆی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەوە لاوازكراو گەمارۆی خرایەسەر، ئێستا دەبینین ئەوانیش زۆر بەهێزتر لە پێشان لەلایەن ئێران و میلیشیاكانی حزبوڵا و لیواكانی زەینەب و فاتیمە لە سووریا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراقەوە تەحەددا دەكرێن. هەر بۆ نموونە، عەرەبستانی سعودیە كە یەكێكە لە بەهێزترین هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، لە یەكەم هەوڵدانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵای لوبنانی بە دەست لەكاركێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان شكستی هێنا و، گوتاری حزبوڵا بەرامبەر سعودیە زۆر بەهێزتر بوو لە گوتاری سعودیە بەرامبەر بە حزبوڵا، سەرەنجامیش هەر گوتارەكەی حزبوڵا سەركەوت و سەعد حەریری دەست لەكاركێشانەوەكەی كێشایەوە، هەروەها ئیسرائیل كە بە كردەیی بە بریكاری ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەكرێت، بەڵام لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی پارەوە، دەبنینین كاردانەوەكانی ئێران و سووریا و حزبوڵا و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دژی ئیسرائیل توندتر و پڕ تەحەددیتر بووە. هەر بۆ نموونە دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند پایتەخت لە تەلئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ قودس، بەشێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی عێراقی لە باشووری لوبنان لە سنوورەكانی ئیسرائیل بینراون، میلیشیا شیعەكانی سووریا و حزبوڵا، لەسەر سنووری جۆلان گردبوونەوە و لەولاشەوە رۆژانە چەكدارەكانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان و چەكدارەكانی حەماس لە كەرتی غەزە مانۆڕی گەورەی رۆكێتی بەرامبەر ئیسرائیل پیشان دەدەن، لە تازەترین رووداویشدا كە رۆژی شەمەی رابردوو 10ی شوباتی 2018 روویدا، خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی ئیسرائیلی بووە لە ئاسمانی دیمەشق، ئەمانەش هەمووی مانای ئەوەن كە رۆڵی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەبەرامبەر نفووزی ئێران و میلیشیا شیعەكانی عێراق و سووریا و حزبوڵا لە داشكانێكی گەورەدایە.
كەواتە لە ئێستادا كە دەبینین بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئەمریكا، پشتگیری لە هەڵوێستی كوردستان دەكەن و گوشار دەخەنە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ملبدات بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، ئەمە هەمووی لەبەر خاتری كوردستان نییە كە پێویستە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا مافەكانی بۆ بەدیبهێنرێت، بەڵكو ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر كوردستان لاواز بێت و بەتەنیا بەجێ بهێڵدرێت بۆ سیاسەتی شۆڤێنی و مەزهەبگەرایی بەغدا، ئەوا رۆژئاواو ئەمریكا لە عێراق و سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەونە پەراوێزەوە، بۆیە تەنیا پێگەیەك كە دووبارە رۆڵێكی راستەقینە بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێتەوە، ئەوەیە دووبارە كوردستان بگەڕێتەوە بۆ پێگە و شكۆی خۆی وەك رۆژانی شەڕی دژی داعش، گێڕانەوەی ئەم پێگە و شكۆیە بۆ كوردستان دەبێتە جۆرێك لە پارسەنگ بۆ دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقیش بۆ ئەوەی بە سیاسەتی شۆڤێنی و مەزهەبگەرایی خۆیاندا بچنەوە، هەروەها دەبێتە پشت و پەنایەك بۆ عەرەبی سوننەی عێراقیش بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بتوانن خۆیان رێكبخەنەوەو لەژیر هەژموونی مەزهەبگەرایی شیعە بێنە دەرەوە و شارەكانی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە.
كەواتە لەم چوارچێوەیەشدا، كۆدی بێدەنگییەكەی بارزانی، بواردان بوو بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ماهیەتی سیاسەت و رەفتاری شیعەگەرایی لە عێراقدا ببینن، كۆدی ئەو بێدەنگیە پرسیارێك بوو ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا، ئایا ئەو عێراقەی بە هۆی كوردستانەوە بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئێستا شایەنی ئەوەیە وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەیر بكرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەتا ئێستا بە راشكاوی نەدراوەتەوە، بەڵام زیادبوونی گوشارەكان لەسەر حكومەتی بەغدا، پەیامێكە بۆ ئەوەی عێراقی شیعەگەرا شایەنی ئەوە نییە كە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بێت.

© 2017 Hawler