تشرینی یەکەم 27, 2020

سەرکەوتنە دیبلۆماسییەکان و قۆناغی دواتر

 

پاڤین ڕەمەزان

 

دوای شۆکە گەورەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کە کوردی لە هەر چوارپارچەکە گرتەوە، هیچ ئومێدێک تروسکەی نەدەهات، هەموو وا تێگەیشتبوون ئیتر حیسابی نێودەوڵەتی کورد سفر کراوەتەوە و دەبێت لە نوێوە دەستپێ بکەین، بەڵام ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو لە پاش ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەگوزەرێت، هەڵگیرسانەوەی ئاگری دیبلۆماسییەتی کورد بوو لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی و پریشکەکەی نەیارانی سوتاند. ئەو حیزبە پۆپۆلیستییانەی چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد ماڵی کوردان تەواو بڕوخێت و خۆیان چییان ویست ئەوها بنیاتی بنێنەوە، ئێستا دەست بەتاڵ و بێ فەرهەنگ ماونەتەوە و ئەوەندەیان پێ بڕاوە توانج لە شاندە دانوستانکارەکان بگرن و تەحلیلی نەفسی بۆ بکەن، وەک ئەوەی لە دنیای سیاستەتیشدا بێ منەتی و سینگ دەرپەڕاندن خاڵی لەسەر بێت!، ئەوەی ئێستا هەیە سەرکەوتنی دیبلۆماسییەتی کوردە بەسەر عێراقی شیعی و تائیفی و هیچ وڵاتێک ئامادە نییە پابەند بێت بەو نەهجە بەرهەڵستکارییەی لە بەغدا بانگەشەی بۆ دەکرێت، بۆخۆی ئەم هەنگاوە تاکە هەنگاو بوو تا نەفس و ورەی تێکشکاوی کوردستانیان بەرەو چاکبوونەوە بەرێت و دووبارە کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخەی قسەکەر بێت و داواکاری هەبێت نەک تەنێ گوێگربێت و داوای لێبکرێت، وە ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە، ئەوەیە وەفدە سیاسییەکانی وڵاتان زۆر ناڕاستەوخۆ پەیامی عەبادی باس دەکەن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا، بەشیوەیەک وەک ئەوەی بیانەوێت عێراق نەتۆرێنن، بەڵام کاتێک باس لە ماف و داواکاری کوردستانیان دەکەن زۆر ڕاشکاوانە بەرگری دەکەن و بە ڕاستەوخۆ پەیام بۆ عەبادی و حکومەتەکەی دەنێرن و سوورن لەسەر ئەوەی عەبادی دەبێت زامنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بێت، ئەمە بێگوومان قۆناغێکی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت: ئەویش قۆناغی ئاسایی بوونەوەی ڕەوشەکەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات بە بێ ئەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، ئیتر تا عێراق ڕۆژی ماوە ناتوانێت جارێکی تر بێ دەستوری بەرامبەر کوردستان و هەرێمەکەی ئەنجام بدات، بۆچی ناتوانێت؟ چونکە جارێکی تر کورد مقۆ مقۆ ناکات بۆ ئەوەی چارەسەری حاڵی خۆی بکات و ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە، بەڵکو (کلیلەکە) کە ڕیفراندۆمە لە گیرفانی خۆیدا دەبێت و هەرکاتێک دەرگایەکی لێ گیرا پێی دەکاتەوە، بەغداش تاکە هەوڵ کە بۆی ماوەتەوە ئەوەیە ئەو کلیلە لە کوردستان بسەنێتەوە و ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە زۆر باش لەوە تێگەیشتووە ئەوەی پیلانی بۆ دانابوو، وا دەرنەچوو، بۆیە لە قۆناغی دوای ئەمە دەترسێت، کە کورد ڕیفراندۆمی ئەنجام داوە و لە ئەگەری ئەوەی جارێکی تر کۆسپ بخاتە بەردەم هەرێمی کوردستان، هیچ بە دوور نازانرێت بە هاوکاری نێودەوڵەتی ئەمجارەیان سەربەخۆیی بێ ماندوو بوون بەدەست بێنێ و لەم دۆزەخەی عێراق خۆی ڕزگار بکات.

© 2017 Hawler