ئەیلول 20, 2018

ئاریان فەرەج

 

دواجار وەزیری دەرەوەی فەرەنسای دڵی ئەوروپا هاتە هەولێر، هەولێری پایتەختی ئەو كوردستانەی لە گەرمەی سزا و ئابڵوقە و دژایەتیكردنیدا، جیهانییان گووتیان دەمانەوێ بە یەكگرتوویی و بەهێزی بمێنێتەوە. لەو كاتەشەوە فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقە و لابردنی سزاكان و دەسپێكردنی حیوارێكی جددی و مەسئولانەی بەرمەبنای دەستور بۆ سەر بەغدا نەوەستاوە، ئەگەرچی لەو ئاستەشدا نەبوبێت كە مل بە بەغدا بدات و بیهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئەو چاوپۆشییەی جیهان لەسەروبەندی ریفراندۆمدا لە دوژمنكارییەكانی بەغدای كرد بەرامبەر كوردستان، لە بەغدا بە هەڵە خوێندرایەوە، وەك گڵۆپی سەوز و دەستكرانەوەی بێسنور بۆ نابوتكردنی هەرێم و دەسەڵات و دەسكەوتەكانی كورد لێكدرایەوە و فشارەكانی دواتریشی بە جددی وەرنەگرت، دریژەدانی بەغدا بە سزاكان و خۆدزینەوەی لە پابەندییە دەستورییەكانی بەرامبەر كوردستان، ئاماژەن بۆ ئەو بەهەڵە تێگەیشتن و بەهەند وەرنەگرتنەی داوا و فشارە نێودەوڵەتییەكان.
لەبەرامبەردا نەرمینواندن و خوێندنەوەی دروستی هاوكێشەكان لە لایەن نێچیرڤان بارزانی و تیمەكەیەوە، خیتابی عەقڵانیی سەركردایەتی كوردستان و قەناعەت هێنان بە دونیا كە كورد لە ئاكامی پێشێلی دەستور و ئینكاری مافە دەستورییەكانی، رووی كردە ریفراندۆم، بووە مایەی دروستبوونی زەمینەیەك بۆ تێگەیشتن لە كورد و درككردنی جیهان بەو راستیەی كە كورد لە عێراقێكی بێگەرەنتی و هەڕەشەدار و لە نێو مەترسی لەدەستدانی مافەكانیدا دەژی، سەرچاوەی كێشەكانیشی لەگەڵ بەغدا پێشێلكردنی ئەو دەستورەیە كە زامنی مافی هەموان و گەرەنتی مانەوەی یەكپارچانەی ووڵاتەكەیە.
سەرۆكی حكومەت و وەفدی دانوستكار و دیبلۆماتی كورد توانی بەو هەڵوێستە عەقڵانییە لە ماوەیەكی قیاسیدا هاوكێشەكە ئاوەژوو بكاتەوە و ئاڕاستەی ئەو فشارە نێودەوڵەتییەی لە سەروبەندی ریفراندۆمدا لەسەر كوردستان بوو، بۆ سەر بەغدا وەرگێڕێت و لەبەرچاوی جیهان تۆپەكە فڕی بداتە گۆڕەپانی بەغداوە.
پێداگیریی بەغدا لەسەر درێژەدان بە سزا و ئابڵوقەی ئابوری و دیبلۆماسی لەسەر كوردستان بە بەهانەی پاراستنی عێراق لە دابەشكردن، پێداگیرییەكە چیتر بڕ ناكات و لەوە زیاتر ناچێتەسەر، چونكە كوردستان توانی كۆی هەنجەت و بەهانەكانی ببڕێ و تا ئاستی داشكاندن، نەرمی و دانوستانخوازی بنوێنێ. جیهانیش شاهیدی ئەم نەمییەی كورد و ئەو عیناد و بوغراییەی بەغدایە. جگە لە دانوستان و جگە لە دەستوریش وەك بنەما بۆ دانوستان، هیچ رێگەچارەیەكی دیكە لە نێوان هەولێر وبەغدا لە ئارادا نییە. درێژەدان بە سزا و ئابڵوقەش جگە لە دواخستن و زیانگەیاندن بەو زەمینەی دانوستانەی كە دەبێ بسازێ، هیچ بەرهەمێكی دیكەی نابێ.
شكاندنی ئابڵوقەی دیبلۆماسیی سەر هەولێر و هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و پێش ئەویش وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ئاماژەی روونن بۆ بەغدا كە چیتر شكایەتەكانی و هەنجەتگرتنەكانی لە كوردستان نە گوێیان لێدەگیرێ و نە كاتی زیاتریان پێدەدرێت. بەغدا جگە لە بەرخوردێكی عەقڵانی لەگەڵ ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییانە، رەنگە ئیدی رێگە و بژاردەی دیكەی لە پێش نەبێ.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.