تشرینی یەکەم 27, 2020

سەنگەر قوباد

سەردانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگە، دوابەدوای ئەویش سەردانی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەولێر و بینینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەربڕینی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێم، شکاندنی ئەو گەمارۆیەیە کە لە لایەن عێراقەوە خرابووە سەر هەرێمی کوردستان و کوردی باشوور هەستی دەکرد کە تەنیا چیاکان پشتیوانی کوردن.
گەلی کورد بە درێژاییی مێژوو بێ پەنا و پشتیوان بووە و هەردەم چیاکانی کوردستان داڵدەی داون، بۆیە ئەم جارەیش دوای هێرشی عێراق بۆ سەر ئەم گەلە هەموو جیهان بێدەنگ بوون، وەلێ پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ، ئەم سەردانانە دەرخستەی ئەوەن کە هێشتا باشووری کوردستان دۆست و پشتیوانی هەیە. ئەمەیش خاڵێکی ئەرێنییە و کورد بەبێ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە نیوان دراوسێ چەقەڵ و دێوەکانیدا دەخورێت.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێو لەپی چوار وڵاتی داگیرکەری وەک عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا، کە هەرچۆنێک سەرهەڵبڕی سەرکوتت دەکەن، بۆیە پشتیوانی وڵاتانی زلهێز بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە و سەردانیکردنی وەزیرانی ئەڵمانیا و فەڕەنسایش دەستپێکی ئەو پشتیوانییە دەبێ و هی دیکەیشی بەدواوە دێت.

© 2017 Hawler