ئەیلول 20, 2020

ئاریان فەرەج

 

كە پرسیار لە عەببادی دەكەن بۆچی گەمارۆی سەر كوردستان هەڵناگرن، دەڵێ زۆربەی كورد پشتگیریی ئەو فشارانە دەكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكەی هەولێر بروخێ و لە كۆڵیان بێتەوە، تەنانەت حەز دەگەن هەر پارێزگایەك راستەوخۆ وابەستەی بەغدا بێت. كە لێی دیپرسن بۆ موچە نانێرێ، دەڵێ بەشێكی كورد پێییان گوتوین مەینێرە چونكە پارەكە ناگاتە خەڵك و حكومەتی هەرێم دەیخوات و لەم گیانەڵایەدا رۆح دەكرێتەوە بەبەریدا و قیت دەبتەوە. دەڵێ پێیان گوتوین مەچنە ژێر باری لیستە پڕ گەندەڵی و بندیوارەكانی موچەخۆرانی هەرێم و بە بایۆمەترییش مەخەڵەتێن.
كە بیرە نەوتەكانمان داگیر دەكەن و دەروازە سنورییەكانمان دەگرن و فۆركەخانەكانمان دادەخەن، عەببادی و هاوكارەكانی دەڵێن: بەشێكی كورد پێی خۆشە هەموو ئەو جێیانە بچنەوە ژێر ركێفی بەغدا چونكە كە لە بن دەسەڵاتی هەرێمدا بوون، خێری بۆ ئەوان نەبوو. هەر لە سەرەتاشەوە وكاتێ كەركوك داگیركرا و جەیش و حەشد داخڵی بوون، دیسان عەببادی بە دونیای گووت: هیچ شەڕ و داگیركارییەك روینەداوە و بە تەفاهوم و ئیتفاقی نێوان جەیش و پێشمەرگە!! دەسەڵاتی یاسامان گەڕاندەوە بۆ شارێكی عێراقی. جاشەكانی شازدەی ئۆكتۆبەریش دەم و دەست قسەكەیان تەسدیق كرد و بە هەموو دونیایان گووت: كەركوك شارێكی ئارام و ئازادكراوە و هەرچی دەربارەی داگیركاری و تەجاوزاتی حەشد بۆ سەر كورد دەگوترێت ئەسڵ و ئەساسی نییە.
عەببادی و دەسەڵاتەكەی بەغدا فشۆڵ و لاواز و فاشل و دەسكەلای دەستی ئەم و ئەو ووڵات و بێ ئیرادە و ترسنۆكن، ئەوەی كردوونی بە كەڵەگا بەسەر كوردەوە، كورد خۆیەتی. ئەو پەرتەوازەیی و خۆخۆری و لێكترازانەیە كە لەوەتای كورد هەیە بەڵای سەریەتی و ئێستاش لەهەر كات زیاتر.
ئەوەی گەمارۆ و برسیكردن و سزاكانی سەر كوردستان درێژە پێدەدات، ئازایەتی و بەدەسەڵاتیی بەغدا نییە، بەڵكو نەبوونی هەڵوێستێكی یەكگرتووانەی كاریگەریی كوردستانییە كە بەغدا و ناوچەكە و جیهان حسابی بۆ بكەن و لێی بسڵەمنەوە. بەغدا گرەوی لەسەر هێزی خۆی نەكردووە، بەڵكو لەسەر پەرتەوازەیی هێزی كوردی كردووە. كاتێ بەغدا سوپاسی خیانەتكارانی ئۆكتۆبەری كرد و لەبەرامبەردا گەلی كوردستان نەفرەتی لێ نەكردن، بەغدا هێز و بڕوابەخۆبوونی پەیدا كرد. كە بەغدا دەمگەرمی و دژایەتی بەشێكی كورد بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییخوازی دەبینێ، حەق بەخۆی دەدات گاڵتە بە دەنگ و ئیرادەی سێ ملیۆن كورد بكات وداوای ئیلغاكردنەوەی بكات، یاخود ملهوڕانە بڵێت: هێشتا هەندێك لایەنی كوردی بڕوایان بە سەربەخۆیی ماوە و تا ئەوانیش پاشگەز نەبنەوە موچە نانێرم!!.
ئێمەی كورد بەر لەوەی گیرۆدەی دونیای بێ بەها و دوژمنی خوێنەخۆر بین، گیرۆدەی دەستی خۆمانین، دەنا ئەگەر پەرتەوازەیی و لێكترازان و خۆخۆری دەردی هەرە كوشندە و هۆكاری هەرە جەوهەریی بەدبەختییەكانی كورد نەبوایە، لانی كەم هێزە كوردییەكان بە دەم بانگەوازەكەی پارتییەوە دەهاتن و لە كەركوك بە یەك لیست داخڵی هەڵبژاردن دەبوون.

© 2017 Hawler