ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر گوتەکانی بەڕێز سالار محمود

شەوکەت بەربەهاری

 

رۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 2018/2/8 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ناوی پێنج ئەندام پەرلەمانمان پێگەیشت لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆران، یەکگرتو، شیوعی. کە بڕیار درابوو رۆژی شەممە ڕێکەوتی 2018/2/10 سەردانی شاری عفرین بکەن، بەڵام ناوی بەڕێز سالار محمودی تێدا نەبوو.
لەکاتی هاتنیاندا خۆم لەپێشوازیکردنیاندابووم و هەمووئامادەکارییەک بۆ پەڕینەوە و سەفەری ئەم بەڕێزانە کرابوو. لەم دووڕۆژەی رابردوودا بەڕێزيان کۆمەڵێک بابەتی لەمیدیاکاندا وروژاندووە کە دورن لە ڕاستی بۆیە ناچار بووین به كورتى هەندێک خاڵ بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:
١ -کاک سالار باسی ئەوە دەکات کە پێمان گوتووە بەڕێز حەمید دەربەندی گوتویەتی ڕێگەی پێ نەدەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک شتی وا نەگوتراوە و ناوبراو ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی کوردستانە و لە دوور و نزیکەوە ئاگاداری سەفەری کاک سالار نەبووە.
٢- کاک سالار دەلێت "ڕێگرییەکی گەورە هەیە لە دەروازەی پیشخابور بۆ پشتگیری کردن لە ڕۆژئاوای کوردستان".
لێرەدا دەبێت بە بەڕێزیان بڵێین: ئەگەر وایە ئەی بۆ پێنج ئەندامپەرلەمانە بەڕێزەکەی تر بە حورمەتێکی زۆرەوە بەڕێکران.
لەمخاڵەسنورییە ڕۆژانە بەسەدان کەس هاتنوچوون دەکەن. نزیکەی٤٠رێکخراوی خێرخوازی بیانی مانگانە بەهەزاران تۆن خۆراک و دەرمان لەم خاڵەسنورییەوە دەگەێننەڕۆژئاوای کوردستان. تەنیا لەم سێ هەفتەیەی دواییدا بەدەیان ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ ڕوماڵکردنی هێرشی سەر عفرین لەم خاڵە سنورییە پەڕیونەتەوە.
ڕۆژانە بەدەیان بارهەڵگر کاڵای بازرگانانی ڕۆژئاوای کوردستان دەگوازنەوە ئەوبەری سنور.
ڕۆژانە دەیان نەخۆش بۆ چارەسەری پزیشکی لەسنور دەپەڕنەوە.
هاتوچۆی هەموو کوردانی ڕۆژئاوا لە هەندەران و ئەوانەی کاری کۆنسولخانەکانیان هەیە تەنیا لەم خاڵە سنورییەوەیە.
٣- لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا كاك سالار دەلێت " یەکێک لە پێشنیارەکانی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوویان کردنەوەی خاڵی سنوری پیشخابور بووە بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا". لێرەدا پێویستە بە بیر جەنابیان بێنیننەوە کە ئەم خاڵە سنورییە لە 2018/1/16 بە فەرمانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مسعود بارزانی بە ڕووی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کراوەتەوە و ئەم سنورە لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەڕووی هاتن و چوونی نەخۆش و بریندار و كاری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی و هیتر تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش داخراو نەبووە. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە کوردستان شایەدی ئەم ڕاستییەن.
بۆیە بەڕێز سالار محمود نەدەبوایە لەسەر گرفتێکی ئیداری کەسیی هەموو ئەم شتانە بسڕێتەوە و دونیایەک بوختان و شتی هەڵبەستراو لە پێناو وروژاندنی هەستی خەڵک بێنێتە سەر زمان و ململانێی حزبی و شەڕی اعلامی تێکەڵی بابەتی سنور بکات.
*بەرپرسی خاڵی سنوری پیشخابور