تشرینی یەکەم 17, 2019

بەریتانیا بەردەوامە لەپێدانی یارمەتی دارایی بە عێراق بۆ خاوێنکردنەوەی لەتەقەمەنی و مینەکان

لە ساڵی (٢٠١٥)ـەوە لەچوارچێوەی هەماهەنگیکردنی عێراق لەشەڕی داعشدا بەریتانیا یارمەتی دارایی تەرخانکردوە بۆ هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیەکان و پاککردنەوەی دامەزراوە و شوێنە گشتیەکان لەو مەترسیانە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندوە بڕی (٥ ملیۆن پاوەند) ی دیکە دەداتە عێراق بۆ خاوێنکردنەوەی پاشماوەی تەقەمەنیەکانی داعش لەوڵاتدا.
لەچوارچێوەی پرۆژەیەکدا لەبەشی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیەوە پێشتر بەریتانیا هاریکاری دارایی پێشەکەشی عێراق کردوە بۆ مەبەستی پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیەکان، لەساڵی (٢٠١٥) ەوە ئەو پرۆگرامە دەستیپێکردوە و بەبێ ئەو هایکاریەی ئێستا بەریتانیا نزیکەی (٢٤،٩ ملیۆن پاوەند)ی دیکەی یارمەتی دارایی بەو پرۆگرامە بەخشیوە. وە ئەو پارەیەی بەریتانیا دەیبەخشێتە ئەو پرۆگرامە دەدرێتە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئەو بوارە.
بۆ یارمەتی وڵاتانی دەرەوە بەریتانیا لە بودجە و داهاتی نیشتمانی وڵاتەکەی خۆی بڕی (٠،٧%) ی تەرخانکردوە تاوەکو یارمەتی وڵاتانی جیهانی پێ بدات، لەچوارچێوەی بەخشین و تەرخانکردنی یارمەتی داراییدا بۆ وڵاتانی جیهان لەساڵی (٢٠١٧) ەدا بەریتانیا بڕی (١٤،١ ملیار) پاوەندی خەرجکردوە.
ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەرگری ئەو یارمەتیە بوون بریتی بوون لە پاکستان و، نایجیریا و، ئەسیوپیا و، سووریا و، سۆماڵ.
ئەگەرچی هێشتا مەترسیەکانی داعش و چالاکی سەربازیان هەرماون بەڵام ئەوە زیاتر لەماوەی ساڵێکە شەڕی مەیدانی چوار ساڵەی داعش لەعێراق کۆتایی هاتوە، کەچی هێشتا بەشێکی زۆری ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی زێدی خۆیان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و، ناسەقامگیری و هەبوونی تەقەمەنی و مینەکان بەشێکی گەورەی بەربەستی بەردەم گەڕانەوەیانن.
بەپێی بەشی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا تاوەکو ئێستا نزیکەی (١،٨ ملیۆن) کەس لەعێراقدا لەئاوارەیدا دەژین و، خاوێنکردنەوەی قوتابخانە و، نەخۆشخانە و، ڕێگاوبانەکان لەتەقەمەنیەکان یارمەتیدەردەبێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گێڕانەوەی باری ئاسایی بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشتر لەژێردەستی داعش بوون.
لەساڵی (٢٠١٨) ەدا نزیکەی (١٦،٥٠٠) تەقینەوە و، (٨٠٠) پشتێنی خۆکوژی و، (٢٠٠٠) تەڵەی تەقینەوە لەعێراق پوچەڵکراونەتەوە و لابردراون.
یارمەتیەکانی بەشی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی یارمەتیدەری باش بون لەخاوێنکردنەوەی ناوچەکانی پێشوی ژێردەستی داعش لەمین و تەقەمەنیەکان لەعێراقدا، (پێنی مۆردانت) وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی گوتی، تەڵە تەقەمنیەکانی داعش بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لەمنداڵان لەقوتابخانەکان و، دایکان لە نەخۆشخانەکان و خەڵکی بێ گوناح کاتێک هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان. سوپاس بۆ ئەو یارمەتیە داراییەی بەریتانیا و ئیشکردن لەو بارەیەوە، کە یارمەتی خەڵکی دەدات بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و، منداڵان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکانیان و ژیانیش بەهێواشی دروستدەبێتەوە.
یەکێک لەو شوێنانەی کە تیمەکان خاوێنیان کردونەتەوە نەخۆشخانەی موسڵە کە بارەگای سەرەکی داعش بوو لە موسڵ، لەوێ نزیکەی (٣٥٠٠) تەقەمەنی کە بۆ تەقینەوە دانرابوون دۆزراونەتەوە، هەروەها لە قوتابخانەیەکی فەللوجەشنزیکەی (١٣) ئای ئی دی لابردراون، لەگەڵ چەندین نمونەی دیکەی خاوێنکردنەوەی ناوچەکان.
شیاوی باسکردنە، حکومەتی عێراق لەدوای نزیکەی چوار ساڵ لەشەڕکردن لەکۆتایی (٢٠١٧) ەدا کۆتایهێنان بەشەڕی داعش و شكستهێنانی ئەو گروپەی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا بەشێکی گەورەی ئاوارەکانی عێراق کە بەهۆی هەڕەشە و مەترسیەکانی داعشەوە ئاوارەبوون نەگەڕاونەتەوە.
حکومەتی ئێستای عێراق کاری گەورەی لەبەردەمە بۆ گێڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو ناوچانەی ژێردەستی داعش، تا ئێستا بەشێکی ناوچەکان و دامەزراوە و ڕێگاوبانەکان مەترسی بوونی تەقەمەنیەکانیان لێ دەکرێ، وە هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیەکان و خاوێنکردنەوەی ئەو ناوچانە کاریگەر و هاندەردەبێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler