ئەم پەڕەیە چاپ بکە

داھاتووی ئاو لە عێراق و کوردستان

گرنگی و بایەخ و بەسەنتەربوونی ئاو بۆ پێکھێنانی ژیان و بەردەوامیی ئەو، وای کردووە ئاو ببێتە گرنگترین کۆڵەکە لە بواری گەشەپێدانی گشتگیردا.

نزیکەی (٧١%) ی ڕووبەری گۆی زەوی لە ئاو پێکدێت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم ڕێژەیە ٪‏٩٧ ی ئاوی سوێری دەریا و دەریاچەکانە و تەنیا ٪‏٣ ی ئاوی شیرینە و بۆ خواردنەوە و بەکارھێنان دەشێ، لەم ڕێژەیەیش (٠،٠٣%) ئاوی ڕووبارەکانە و (٣٠،٨%) ئاوی ژێرزەوییە و (٦٨،٩%) لە سەهۆڵبەندەکان و بەفری سەر چیاکان پێک دێت.
بە وردبوونەوە لەم داتا و ئامارانە و ھەروەھا ئەو داتایانەی کە دەربارەی ڕێژەی بەردەوام بەکارھێنانی ڕۆژانەی ئاو بڵاو دەکرێنەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جیھان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە وڕۆژ بەڕۆژ کەم بوونەوەی ڕێژەی ئاوی سەر زەوی ھەرەشە لە دانیشتوانی جیھان دەکات.
لە ئێستادا کە ژمارەی دانیشتوانی جیهان 7.8 ملیار کەسە، لەم رێژەیە 2.2 ملیار کەس تاوەکو ئێستا توانای دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوەی خاوێنیان نیە، تەنانەت توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێستا لە جیهاندا لە هەر ١٠ کەس یەکێكیان گرفتی بێ ئاویان ھەیە. ساڵی 2020 رێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی ئاوەوە گەیشتۆتە زیاتر لە 200 هەزار کەس، هەروەها ساڵانە نزیکەی 340 هەزار منداڵ بەهۆی نەخۆشییەکانی ئیسهالی گیانیان لەدەست دەدەن کە هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی ئاوی پیس و ناتەندروستە.
گەشەسەندن و زۆربوونی دانیشتووان یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی دروستبوونی قەیرانی ئاو لەجیهاندا. لە ماوەی 70 ساڵی رابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیهان سێ ئەوەندە زیادی كردووە. لە كاتێكدا بەكارهێنانی ئاو شەش ئەوەندە زیادی كردووە. ئەوەش بەهۆی گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و زۆریی بەكارهێنانی پرۆسەی ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزە، هەر بۆیەش ئەگەر بەو حالە بەردەوامبێ وا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025ـدا رێژەی 70% لە كۆی ئاوی سازگار بەهۆی گەشەی دانیشتووانەوە بەكاربێت، چونكە بەهۆی ئەو گەشەسەندنە خێرایەی كە لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی بە خۆیەوە دەبینێت، بەوە دەناسرێتەوە كە تێكڕای رێژەی دانیشتووان بە رێژەی 2% لە ساڵێكدا زیاد دەبێت، بەتایبەتی لە رووی بەرفراوانبوونی شارەكان كەوا مەزندە دەكرێت ژمارەی دانیشتووان دوو بەرانبەر زیاد ببێت. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە لەگەڵ هاتنی ساڵی 2040 داخوازی بەدەستهێنانی ئاو بەرێژەی لە /٥٠ زیاد بکات، هەربۆیە واپێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی ساڵی 2050 نزیکەی 6 ملیار کەس بەهۆی گرفتی بێ ئاوییەوە بناڵێنن، کە ئەمەش زەنگی مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاوە لە جیهاندا.
ھۆکارێکی تری دروستبوونی قەیرانی ئاو، گۆرانی کەشوھەوایە چونکە ئاشکرایە کە پەیوەندیەکی بەھێز لە نێوان ئاو و کەشوھەوادا ھەیە بۆیە ھەر گۆرانێک لە کەشوھەوا ڕوبدات کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر زیاد بوون و کەم بوونەوەی ڕێژەی ئاو ئاشكرایە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا زۆر بەخێرایی روودەدەن، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەوەیە كە ئێمە ناتوانین بەو خێراییەی ئەو خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، بۆیە گۆڕانی ئاووهەوا بە یەكێك لە گرنگترین ئەو كاروبارانە دەژمێردرێت كە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
ئەڵبەتە عێراقیش وەکو زۆرینەی وڵاتانی جیھان بەدەست کەم بوونەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئاوەوە دەناڵێنێت. ڕێژەی بەکاربردنی ئاو لەلایەن دانیشتوانی وڵاتەکەوە بۆ ھەر تاکێک بە ٥٠٠ تا١٠٠٠م سێجا دەخەمڵێنرێت بۆیە بە یەکێک لەو وڵاتانە پۆڵێن دەکرێت کە مەترسییەکی گەورەی دروستبوونی قەیرانی ئاوی لەسەرە و وا پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٤٠ ھەردوو ڕوباری دیجلە و فرات بە تەواوی وشک ببن کە لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ پێشبینییەکان دەبنە ڕاستی.
لەعێراق کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی ٪‏٨٤ و بەکارهێنانی ئیش وکاری ناوماڵ رێژەی ٪‏٩و چالاکیە پیشەسازی وبازرگانیەکان بەرێژەی٪‏٧ ی بەکارهێنانی ئاو لەخۆ دەگرێت.
دیارە پڕۆژە ئاویەکانی هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رێژەی دەستەبەربوونی ئاوەوە دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا، بۆیە هەرێمی کوردستان کە لە 60٪ی ئاوی رووباری دیجلەی پیادا تێپەڕدەبێت دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی پاراستنی ئاسایشی ئاو لە ناوچەکەدا کەرێژەی ساڵانەی دەگاتە نزیکەی 20 ملیار م3.
هەروەها بەو رێژەیەی کە لە ئاوی زێی بچووك لە وڵاتی ئێرانیشەوە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان شێوە سەرچاوەی گرنگی ئاوە بۆ هەرێم.
یەکێك لەو مەترسیانەی کە هەرەشەیە بۆ سەر سەرچاوەو بوونی ئاو کەم بوونی رێژەی ئاوی ژێر زەویە، کۆی رێژەی ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بە 2.1 م3 مەزەندە دەکرێت. لە کۆی 3.4 ملیار م3ی سەرجەم ئاوی ژێر زەوی عێراق، بەڵام ئەم سەرچاوەیە بەهۆی زۆری بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی رۆژ لە دوای رۆژ لە مەترسیدایەو بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، دیارە یەکێك لە هۆکارەکانی ئەم کەمبوونە بوونی ژمارەی زۆری ئەو بیرانەیە کە لەکوردستاندا هەن کە خۆیان زیاتر لە 23هەزار بیری فەرمی دەدەن، ئەوە وێرای بە سەدان بیری نافەرمی تر كه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌رپێی هه‌ڵكه‌نراوون و نه‌توانراوه‌ رووپێوی و وردبینی ته‌واویان بۆ بكرێت، كه‌وا مه‌زنده‌ ده‌كرێت ژماره‌یان بگاته‌ نزیكه‌ی زیاتر لە 80 هەزار بیر.
دیاردەی بەفیرۆدانی ئاو یەکێکە لەو هۆکارانەی کە رێژەی ئاو بەرەو کەمبوونەوە دەبات، بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار، ئێستا هەرێمی کوردستان رۆژانە 2.1 ملیۆن م3 ئاوی سازگاری خواردنەوە بەرهەم دێنێت، کە بڕی تێچووی رۆژانەی دەکاتە 840 ملیۆن دینار، لەم رێژەیە نزیکەی 850 هەزار م3 ئاو ساڵانە بەفیڕۆ دەچێت کە تێچوەکەی دەکاتە نزیکەی 124 ملیار دینارو بەهەدەردانی نزیکەی 40 مێگاوات لە ووزەی کارەبا.
بە مەبەستی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، رێگای خێراو زانستی پێویستە، لەوانەش چارەسەرکردنی ئاو و دووبارە بەکارھێنانەوەی، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی کۆگاکردنی ئاوو دروستکردنی بەنداوی ستراتیژی ودانانی نرخی پێویست لەسەر ئاو، لە هەمووشی گرنگتر بوونی یاسایەکی توندە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێمی کوردستاندا.