کانونی یەکەم 06, 2021

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

بەهاوکاری دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق و هەرێم بودجەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخانکردووە

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، روبەڕووی گەندەڵیی دەبنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبەن و بودجەیەکی گونجاویان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.

زینە عەلی ئەحمەد نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی داوە، پڕۆژەکە بەهاوکاری دامەزراوە حکوومەییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
وەک زیاتر خستیەڕوو کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ دووشەم دەست پێ دەکات و یەکێتی ئەوروپا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی 15 ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە کە ئامانجی سەرەکی لێی بنبڕکردنی گەندەڵی لە عێراقە.
چاودێرانی ئەو کۆنفرانسە بە گرنگ هەژمار دەکەن و پێیان وایە دەبێتە هۆی باشتربوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و شەفافیەت و سەروەری زیاتری یاسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
پێویستە بگوترێت عێراق لە پرسی گەندەڵیدا یەکێکە لە گەندەڵترین وڵاتانی دنیا و لانی کەم لە دوو دەیەی رابردوودا کە داهاتی ئەو وڵاتە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، رێژەی گەندەڵییەکەش ئەوەندە بەرز بووە ئەگەر بۆ خزمەت و ئاوەدانکردنەوە بەکار هاتبا ئەوا دۆخی عێراق زۆر جیاوازتر دەبوو و دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هاووڵاتیانیش لە ئاستێکی بەرزتردا دەبوو.
بەرپرسانی باڵای عێراق خۆیان چەندان جار دانیان بەوە ناوە کە لە ساڵی 2003ەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی هەزار ملیار دۆلار یان بە واتایەکی تر یەک تریلیۆن دۆلار گەندەڵی کراوە.
لە ساڵی 2003 عێراق لە ریزبەندی 113 ی گەندەڵترین وڵاتاندابوو بەڵام لە ساڵی 2019 ریزبەندییەکەی بۆ 162 هەڵکشا و هێمایە لەسەر ئەوەی لەو ولاتە ساڵ بە ساڵ گەندەڵی پەرەی سەندووە.
چەند دامەزراوەیەکی عێراق خەریکی پێشکەشکردنی رەشنووسی یاسایەکن بۆ ئەوەی پێشکەشی پەرلەمانی بکەن کە بەگوێرەی یاساکە بەشێک لەو پارە و سامانە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە کە لە رابردوودا بە هۆی بەرپرسانی گەندەڵ بە فیڕۆ دراوە یان بۆ دەرەوە گواستراوەتەوە.
هەروەها داوا کراوە وەک چۆن لە رابردوودا هاوپەیمانێتییەکی نیودەوڵەتی دژی داعش دامەزرا وتوانی گورزی کاریگەر لە پایەکانی داعش بدات و دواجار بیڕووخێنێت و لاوازی بکات، بۆ پرسی گەندەڵی لە عێراقیش هەمان هاوپەیمانی دابمەزرێت و سوور بێت لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی چونکە تا گەندەلی بمێنێت وڵاتیش ناتوانێت وەک پێویست گەشە بکات و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات و ژیان و هەلی کاری برەخسێنێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆپیشاندان لە عێراق پێوەندی بە گەندەڵیی هەبووە و پارێزگاکانی عێراق بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوور تەنانەت ئاوی پێویستی خوارادنەوە و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە و دەڵێن سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر دەریای نەوت هەڵکەوتوون بەڵام داهاتی نەوتی نەیتوانیوە ژیانیان بگۆڕێت و وڵات بەرەو پێش ببات.
حکوومەتی پێشووی عێراق هەر لەسەر ئەو بنەمایە متمانەی لێ ستێندرایەوە کاتێک نەیتوانی داواکاری خۆپێشاندەران جێبەجێ بکات و حکوومەتی کازمیش هەر چەندە دروشمێکی زۆری لەو پێوەندییەدا داوە بەڵام هێشتا نەیتوانیوە هەنگاوی رژد بنێت و ئومێدەکان لەسەر ئەوەن لە هەلبژاردنی داهاتوودا خەڵک خۆیان لە رێی دەنگدان، ئەو حزب و کەسایەتییانە بهێننە پێشەوە کە متمانەی زیاتریان پێیان هەیە و لەم رێیەوە گۆڕانکاری بهێننە کایەوە.
هەر چەند لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر کەمتر گەندەڵی هەبووە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دانیان بەو گەندەڵییانە ناوە بەڵام ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە و تەنانەت لەو ساڵانەشدا کە تەنگژەی دارایی هەبووە حکوومەت بە گوێرەی پێویست خزمەتگوزارییە گشتییەکانی پێشکەش کردووە.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی حکوومەت بریتی بووە لە چاکسازی کە چەند قۆناغێکی بڕیوە و تەنانەت لەم دواییانەدا دواین راپۆرت پێشکەشی پەرلەمان کراوە. ئەو هەنگاوە دەتوانێت کاریگەری بۆ سەر کەمکردنەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبێت هەر چەندە هێشتا پێیویستی بە هەنگاوی مەزنتر هەیە و چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەت دەکرێ دژی گەندەڵی هەنگاوی زیاتر بنێت و پەلەی تێدا بکات.
هەرچی سەبارەت بە حکوومەتی عێراقە، ساڵانە لە ڕیزەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتە گەندەڵەکانە، ئەگەرچی سەرجەم لایەن و پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە حوکمڕانی عێراق، هوتافی دژ بە گەندەڵی دەڵێنەوە، بەڵام بەهۆی دەستڕۆشتویی باندە چەکدارەکان و گروپە لە یاسا دەرچووەکان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵێ ئەستەمە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو گروپە چەکدارانە لە دەرەوەی حکوومەت دەستیان بەسەر چەندین سەرچاوەی داهات و بۆڕی نەوتدا گرتووە و حکوومەتیش ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

 

© 2017 Hawler