کانونی دووەم 27, 2021

ئاڵۆزی و ململانێکانی عێراق ئەوەندەی سیمای دەرەکییان هەیە نێوخۆیی نین

دوێنێ یەکشەم ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هیزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تێپەڕی. ساڵێک پڕ لە ئاڵۆزی و هێرش و پەرەسەندنی ململانێ و ناکۆکییەکان کە بە رووداوەکەی سێی مانگ دەستی پێ کرد و پێناچێت لە ساڵوەگەڕیدا کۆتایی پێ بهێنرێت.

 

ئەو ئاڵۆزیی و ململانێیانەی لە ناوخۆی عێراقدا روو دەدەن لە راستیدا ئەوەندەی سیمایەکی دەرەکییان هەیە سیمای ناوخۆییان نییە و کاتێک هێزە سەرەکییەکانی ناکۆک راستەوخۆ رووبەرووی یەکتر نەبنەوە ئەوا گرووپەکان لە دژی یەکتر بەکار دەهێنن.

لە چەند رۆژی رابردوودا سی ئێن ئێنی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەسەر ئەوە بڵاو کردەوە کە هێزەکانی ئێران و ئەمەریکا ئامادەباشییان بەرانبەر بە یەکتر بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە هەر جووڵەیەکی سەربازی بە جەنگ کۆتایی پێ بێت. بەڵام هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە درا و هەر بۆیەش خۆپێشاندانەکانی بەغدا کە دوێنێ لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی رێک خرابوون بەراورد بە خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵ زۆر هێورتر بەڕێوەچوون هەرچەندە پەیامەکان هەڕەشەئامیز بوون و پێشبینی دەکرێت ئارامییەکە کورتخایەن بێت.

خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بە دروشم و وتاری جیاواز دژایەتی خۆیان بۆ ئەمەریکا دەربڕی و فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لایەنی تری سیاسیش داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و تۆڵەسەندنەوەیان کرد.

ئەبولحەسەن حەمیداوی سکرتێری گشتی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی یەکەم بەیاننامەی خۆی لە ناو خۆپێشاندانەکە بڵاوی کردەوە و گوتی هێشتا خوێنیان گەرمە تۆڵەی کوژرانی سلێمانی و ئەبومەهدی دەکەنەوە. ئەو هەر لە بەیاننامەکەیدا گوتی حکوومەتی عێراق ناڕووخێنن و هیچ زیانێکی بە باڵویزخانەی ئەمەریکا ناگەیەنن چونکە هێشتا کاتێکی زۆریان بۆ تۆڵە سەندنەوە لەبەردەستدایە و پەلە ناکەن.

ئەو ئاماژەی بە توانا سەربازییەکانی حزبولا کردووە و گوتوویەتی پێشکەوتووترین چەکیان لەبەردەستدایە تا دژی دوژمنانیان بەکاری بهێنین.

هاوکات هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانییەکانە لە پەرلەمانی عێراق پێداگری لەوە کرد هیچ جۆرە سازشێک لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ناکەن و هەر دەبێت لە عێراق بچنە دەرەوە. ئەو پێی وایە تاکە هۆکاری ناسەقامگیری عێراق هەبوونی هێزەکانی ئەمەریکایە لەو وڵاتە و ئەگەر بچنە دەرەوە ئارامی و ئاسایش بەتەواوی دێتە کایەوە.

 لە ساڵی 2020 دا گرووپە میلیشیاکان زۆرترتین رۆڵیان هەبوو لە ئاڵۆزییەکانی عێراق و بەشێک لەو ئاڵۆزییانە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پێگەی دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی عێراق هەبووە. هەر هەفتەیەک لەمەوبەر بوو کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا نمایشی سەربازییان کرد و بە توندی هەڕەشەیان لە حکوومەت کورد و دوێنێکەش قسەی بەرپرسەکەی حزبوڵا بە جۆرێ هەڕەشە بۆ سەر حکوومەت لێک دەدرێتەوە کاتێک دەڵێ ئەمڕۆ حکوومەت ناڕووخێنن کەوایە هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن حکوومەت بڕووخێنن و عێراق تووشی بۆشایی یاسایی و ئەمنی بکەن.

ئەم ئاڵۆزییانە کاتێکدا بەربینگی عێراقیان گرتووە کە خۆی ئەو وڵاتە بە دەستی کۆمەڵێک تەنگژەی ئابووری و سیاسی و تەناهی دەناڵێنێت. وڵات لەگەڵ بەرزترین قەبارەی کورتهێنانی بودجە لەوەتەی دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵی بەرەوڕوویە و پێدانی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتووە و ناکۆکییەکانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە جیاتی باشتربوون خراپتر بوون.

دۆخی عێراق گەیشتووەتە ئەوەی تەنانەت حساب بۆ بڕیارەکانی حکومەتیش ناکرێت و لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتن دەکات هەر لە لایەن گروپ و لایەنە جیاوازەکان رەت دەکرێتەوە و کێشە و بەربەستی بۆ دەهێنرێتە کایەوە.

بەردەوامبوونی عێراق بەم شێوەیە دۆخەکە خراپتر دەکات و لە جیاتی ئەوەی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق لە یەکتر کۆ بکاتەوە زیاتر لەیەکتر دایاندەبڕێنێت.

چاودێرێکی سیاسی لە سی ئێن ئێن ئەوەی خستبووەڕوو ئەو جۆرە ئارامییەش کە لە ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی و موهەندیس هەبووە پێوەندی بەوە هەیە لانی کەم تا ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات لە ئەمەریکا و ماڵاوایی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەک نەیەتە کایەوە چونکە ترەمپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر یەک سەربازیشیان زیانی پێ بگات ئەوا ئێران بە بەرپرسیار دەزانن.

عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاری دایە و بڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت بەڵام ئامادەکارییەکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزی و هەڕەشانە پێشبینی شتی باش ناکرێت.

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 03 کانونی دووەم 2021 20:59
© 2017 Hawler