تشرینی دووەم 12, 2019

عێراق لە لێواری مه‌ترسیدا

ڕۆژنامە بەریتانییەکان، چەند بابەتێکی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە، لەوانە ناڕەزایەتییەکانی عێراق و کڕین و فرۆشتنی چەک لەگەڵ سعودییە و تووڕەیی سکۆتلەندا لە حاکمی دوبەی کە دەیەوێت کۆشکێکی نوێ بۆ ڕاوکردن ڕۆبنێت.

لە هەموویان گرنگتر مەسەلەی عێراقە. پاتریک کۆبرن لە بەغدادەوە ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە بە ناونیشانی: ''بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و خۆپیشاندەرانیش تەحەدات قەدەغەی هاتوچۆ دەکەن''.
نووسەر دەڵیت، عێراق لە لێواری ڕاپەڕینێکی گەورەی میللییدایە کە حکومەت هەوڵدەدات لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و بڕینی هێڵەکانی ئەنتەرنێتەوە دایبمرکێنێتەوە. ''ناڕەزایەتییەکان بەغدادیان هەژاندووە و لە ڕۆژی سێ شەممەیشەوە ناوچەکانی باشووری گرتۆتەوە''.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سنووردارکردنی ئەنتەرنێت ڕێی نەگرت لە هاتنەسەر شەقامی خۆپیشانداران، بەڵام وای لێکردن کەمتر ڕێکخراوبن و کەمتریش لە شوێنێکی دیاریکراودا کۆبننەوە و بە ناوچە جیاوازەکانی بەغداددا بڵاوببنەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خۆپیشاندەران لە ناوچەی شاری سەدری ڕۆژهەڵاتی بەغداد، کە زۆرینەی شیعەیە، هێرشیان کردۆتەوە سەر بارەگای شارەوانی و ئاگریان لە بارەگای حزبی دەعوە بەرداوە، دکتۆرەکانیش دەڵێن تەنیا ڕۆژی هەینی 600 کەس بریندار بوون، زۆربەیان فیشەکی پلاستیکی بەر شان و سنگیان کەوتووە.
نووسەر دەڵیت زۆربەی خۆپیشاندران تەمەنیا لە دەوری بیست ساڵاندایە و زۆربەیان لە وەختی ڕۆوخانی ڕژێمی بەعسدا هێشتا منداڵ و نەوجەوان بوون. هەروەها دەڵێت خۆپیشاندەران سەرکردایەتییەکانی دیاریکراویان نییە و ئەمەیش واتە حکومەت نازانێ قسە لەگەڵ کێدا بکات وەک نوێنەری خۆپیشاندەران.
موقتەدا سەدر، کە لایەنگرەکانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشتری وڵاتدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکات، بەڵام ''نایەوێت ببنە خۆپیشاندانی سیاسی''، هەروەها داوای لە لایەنگرەکانیشی نەکرد پشتیوانیی خۆپیشاندانەکان بکەن.
نووسەر لایوایە لە هەموو چین و توێژینەکانی عێراقەوە پشتیوانی خۆپیشانداران دەکرێت، بە تایبەتیش لە ناوچە شیعەمەزهەبە هەژارەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغداد و دکتۆر و ئەندازیار و فەرمانبەرانەوە کە پەیامی پشتیوانی خۆیان بەردەوام بۆ خۆپیشاندەران دەنێرن.
بە گوێرەی مەزەندەی ڕاپۆرتەکە، عێڕاق گەر بەشێوەیەکی ڕاستەقینە چاکسازی ڕیشەیی نەکات و کەرامەتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی بەدەستنەهێنێتەوە، ئەوا دوور نییە گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراو ڕووبدات.

 

هاوار محه‌‌مد ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler