ئەیلول 21, 2019

حەشــــدی‌شەعبی؛ پشتیوان یان کێشەخولقێن؟

ئاڵاکەی حەشدی‌شەعبی بە لای سەرەوەیدا نووسراوە کۆماری ئێراق (جمهوریة العراق)؛ کۆمارە فیدراڵەکەی ئێراق، فیدراڵەکەی لێ کراوەتەوە؛ ئەوە لایەنێک، لەو لایشەوە سەرکردەی تاقمی نوجەبا، سەر بە حەشدی‌شەعبی لە سەردانێکی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێراندا گوتبووی هەر دەوڵەتێکی ئێراق پێچەوانەی ئێران بجووڵێتەوە، دەیکەوێنین؛ وەک بڵێی ئێراقێکی یەکدەست و بندەستیان مەبەست بێ!
 کێشە هەرە گەورەکەی حەشدی‌شەعبیئەوەیە چوارچێوەیەکی نادیمۆکراتیک و ئاڵۆزی هەیە و، باڵباڵێنی زۆری تێدایە و، دەوڵەت بە تەواوەتی دەسەڵاتی بەسەردا ناشکێت؛ هەر باڵە و سەر بە لایەنێکە؛ تەنانەت باڵی وایان تێدایە پاشکۆی وڵاتێکی بێگانەیە و، پشتی بە وڵاتێکی دەرەکی قایمە.
ساڵی ٢٠١٤ـی زایینی، ئەو کاتەی وا داعش ئێراقی خافڵگیر کرد و دەمودەست مووسڵی هەتا لای باکووری بەغدا داگیر کرد، نووری مالکی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئێراق بڕیاری دا حەشدی‌شەعبی دابمەزرێت؛ حەشدی‌شەعبی رێکخراوێکە نزیکەی چل باڵی جۆراوجۆری تێدا جێگیر کراوە؛ زۆربەی هەرە زۆریشیان شێعەمەزەبن؛ ئایەتوڵا سیستانی وەختی خۆی فەتوای دەرکردبوو گوایە خەڵک دەبێ بچن بە دەم هێزی ئاسایشپارێزی ئێراقەوە؛ ئەو فەتوایەی سیستانی بووە هۆی پەرەسەندنی زیاتری حەشدی‌شەعبی.
حەشدی‌شەعبی لە هەندێ ناوچەیشدا چوونە شەڕی داعشەوە و، سەریش کەوتن؛ بەڵام ئەو هێزەی بە فەرمانێکی حکوومەتی هاتە دامەزراندن، ئێستاکە بە تەواوەتی مل ناداتە حکوومەت؛ هۆکارەکەیشی ئەوەیە باڵ و لایەنی زۆری تێدایە و، هەر باڵێکیشی سەر بە شوێنێکە و، پێکهێنانەوەی ئەو هەموو سەرەیش کارێکیو ا ئاسان نیە.
حەشدی‌شەعبی دەستەوتاقمێکی چەکدارە کە لیژنەیەکی سەر بە سەرۆکوەزیران بەڕێوەی دەبات؛ فالح فەیاز سەرۆکایەتیی حەشدی‌شەعبی دەکات و ئەبومادی مهەندز (ابومهدی مهندس) جێگریەتی؛ خۆی بە گوێرەی دەستوور، چی کاربەدەستی گەورەی ئێراق هەیە دەبێ پەرلەمان پێی رازی بووبێ کەچی ئەو دوو کەسە دەسەڵاتی خۆیان لە پەرلەمانەوە وەرنەگرتووە؛ وەختی خۆی نووری مالکی دایناون و هەتا ئێستایشی لەگەڵدا بێ، هەر ئەو دوو کەسە حەشدی‌شەعبی دەبەن بەڕێوە و، هیچکامێکیان نەگۆڕاون.

 

و: ڕزگار ئازەوانی - هەولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 11 ئەیلول 2019 11:56
© 2017 Hawler