تشرینی یەکەم 17, 2019

ئاوارەکانی موسڵ و دەوروبەری لەو بارودۆخەدا ناتوانن بگەڕێنەوە

دوو ساڵە داعش لە عێراق تێکشکێنراوە و، ناوچەکانی ژێردەستیان ڕزگارکراونەتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی دەستی داعش لەژیانی ئاوارەیدان و نەیانتوانیوە بەو باوردۆخەی کە ئێستا ناوچەکانیان هەیانە بگەڕێنەوە.

بۆچی ئاوارەکان ناگەڕێنەوە؟ بەپێی وەڵامی خەڵکی موسڵ کە لەڕاپۆرتەکاندا بڵاوکراونەتەوە خەڵکی ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان چونکە ترسیان لەنەبوونی ئاسایش و سەقامگیری هەیە واتە هەست بەسەلامەتی ناکەن، وە ماڵەکانیان ڕوخێنراون و شوێنێک نیە بۆ تێدانیشتەجێبونیان، بەتەنیاش دەرەقەتی چاککردنەوەیان نایەن و، هەروەها خزمەتگوزارییەکان بۆ ناوچەکانیان نەگەڕاوەتەوە و، دەرفەتەکانی کارکردنیش کەمن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی) بەشێکی زۆری خەڵکی موسڵ هێشتا لەئاوارەیدا دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە، هاوڵاتیانی ناو کەمپەکان دەڵێن لەوێ دەتوانن خزمەتگوزارییەکانیان دەستبکەوێ بەڵام بەپێچەوانەوە لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی وێرانبوی دەستی داعش خزمەتگوزارییان بۆ نەگەڕاوەتەوە و ژیان لەو ناوچانەدا قورسە.
(لازم سولتان) هاوڵاتیەکی موسڵە و کوڕەکەی بەهۆی تۆپبارانەوە برینداربوە دەڵێ، ماڵەکەمان لەگەڵ زەوی تەختکراوە و ژیان لەموسڵ زۆر قورسە و ناتوانم بگەڕێمەوە، لەوێ هیچ شتێکی لێ نیە، لێرە لەکەمپەکان دەتوانم خزمەت گوزارییەکانم دەستکەوێت، لەدەرەوەی کەمپەکان ناتوانم کرێ خانوو بدەم، خەڵکی موسڵ هەر لەباکوورەوە هەتا باشوور قوربانی دەستی ئەو شەڕەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێستا زیاتر لە (٣٠٠) هەزار کەسی خەڵکی موسڵ لەکەمپەکاندا دەژین، وە ژمارەیەکی زۆریش ئاوارە هەن کە لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین تائێستا نەگەڕاونەتەوە.
زۆر لەئاوارەکان هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە بەڵام دواجار هاتونەتەوە کەمپەکان چونکە لەکەمپەکان ئاسایش و سەلامەتی و خواردن و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دەستدەکەوێت.
بەهۆی شەڕی سەخت لەسەر ناوچەکانی موسڵ و دەوروبەری بەشێکی زۆری گەڕەک و ناوچەکانی موسڵ بەتەواوەتی وێرانبون، تەنها لەناو شاری موسڵ نزیکەی (١٣٨ هەزار) خانوو تێکڕوخاون، هەندێک لەوانە دەتوانرێ چاکبکرێنەوە بەڵام زیاتر لە (٥٠ هەزار) خانویان لەگەڵ زەوی تەخت بوون و چاکناکرێنەوە، وە بۆ ئاوەدانکردنەوە و چاککردنەوەی ناوچەکانی موسڵ چەندین ساڵی دەوێت و هەروەها پێویستی بە ملیارەها دۆلاریش هەیە.
لەو بارەیەوە (ئەلێکساندەر سایی) لە ئەنجومەنی ئاوارەکانی نەرویجی گوتی، خاڵی یەکەم کە تاوەکو ئێستا ئاوارەکان لێرەن ئەوەیە کە هێشتا خانوەکانیان بە وێرانبووی ماوەتەوە و بۆیە ئەوان تاقەت و توانای چاککردنەوەیان نیە بۆخۆیان، ئەوان هیواخوازن کە یارمەتیبدرێن لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقیەوە بەڵام تائێستا ئەو یارمەتیە فەراهەم نەبوە.
بەتەنها تێکڕوخانی ناوچەکانیان گرفتی سەرەکی ئاوارەکان نیە، بەڵکو بەشێکی زۆریان لەبەر ئەوەی سوننەن تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتەپاڵ کە هاریکاری داعشیان کردوە و لەترسی گروپە شیعیەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، ترسیان هەیە ڕووبەڕووی لەلایەن ئەو هێزانەوە توندوتیژی ببنەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی متمانە لەنێوان حکومەت و خەڵکەکە، یان هێزەکانی ناوچەکە و خەڵکەکە، یان خەڵک لەنێو خۆیشیاندا لاوازبوە، زوڵمەتی داعش بێجگە لە کارەسات و قوربانی و وێرانکاری، دوژمنایەتی و، ڕق و کینەیشی لەعێراقدا دروستکردوە.
دەستەی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێ، کوشتنەوەی تۆڵە لەسەر ئەوانەی کە تۆمەتی پەیوەندییان بەداعشەوە هەبوە هەڕەشەیە لەسەر دروستبونەوەی توندوتیژی لەعێراقدا و کێشەکان قوڵدەکاتەوە، پێویستە ڕێگری لەو کارانە بکرێ.
موسڵ خەلافەتی ئیسلامی داعش لەعێراق دوو سال پێش ئێستا ڕزگارکرایەوە، بەڵام ئەو شارە تائێستا دەناڵێنێ بەدەست نەبوونی کارەبا و، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دیکەی ژیان بۆ هاوڵاتیان.
ئەگەرچی دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان خاڵێکی بنەڕەتیە بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ موسڵ بەڵام گیروگرفتی دیکەی سەرەکیش هەن بەرۆکی خەڵکەکەیان گرتوە لەوانە بەهەزاران هاوڵاتی ناسنامە و بەڵگەی هاوڵاتیبون، یان بەڵگەکانی دیکەیان بەهۆی شەڕەوە نەماوە و لەدەستداوە، ئەوەش پرۆسەی گێرانەوە و، کاروبارەکانیانی قورسکردوە.
خەڵکی موسڵ لەو باوەڕەدان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان پێویستی بەسەرچاوەی گەورە و، توانایی بەهێز هەیە، بۆیە لەدەرەوەی تواناکانی حکومەتی عێراق داوای کۆمەک و یارمەتی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەن.
نەتەوەیەکگرتوەکان بڕی (١،٨ ملیار) دۆلار خەرجی ساڵانەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ داناوە، شارەزاییان دەڵێن هاریکاری زیاتری نێودەوڵەتی شانبەشانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی پێویستان بەبەرزکردنەوە هەیە بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ.
ئەگەرچی داعش لەعێراق ڕووخاوە، بەڵام هێشتا بەرکەوتەکانی کارەسات و وێرانکاری دەستی داعش ئاستەنگ و زەحمەتین بۆ هاوڵاتیان ئەو ناوچانە و مۆتەکەن لەبەردەم گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان.
حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە چەند ئەرکێکی گەورەی لەسەر شانە دیارترینیان دابینکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی و هەبوونی هێزێکی ئاسایشی فەرمی حکومەتە لەو ناوچانەدا بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دڵنیابن لەپاراستن و سەلامەتیان، وە حکومەت پێویستە هەوڵەکانی زیاتربکاتبۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی زیاتر لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان و گێرانەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆیان، لەگەڵ ئەوانەشدا هەوڵەکانی دروستکردنەوەی متمانە و دڵنیایی لەنێوان هاوڵاتیاندا پێویستە شانبەشانی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە بڕۆنەپێش.
لەماوەی رابردوودا لەکۆنفرانسی مانگی شوباتی ساڵی (٢٠١٨) ەدا بۆ هاریکاری ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەنها بەڵێنی کۆمەکی (٣٠) ملیار دۆلاریان بەعێراقدا، هەڵبەتە ئەو بڕە هاریکارییەی کە لەو کۆنفرانسەدا بۆ عێراق تەرخانکراوە بڕێکی کەمە و بەپێی ڕاگەێنراوی حکومەتی عێراقیش ئەو پارەیە بەس بۆ ئاوەدانکردنەوە ناوچەکان چونکە بڕی پارەی خەمڵێنکراو بۆ پێویستیەکانی عێراق لە ئاوەدانکردنەوە و، دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و، گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر شوێنەکانی خۆیان پێویستی بە (٨٨ ملیار) دۆلار هەیە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler